رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەم، ئاهەنگی خولی 29یەمی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی دهۆک گوتارێکی پێشکێشکرد و هانی خوێندکارانی دا لەسەر فێربوون و داهێنان: "پەروەردە و فێرکردن بنیاتی سەرکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەکە. هەر کۆمەڵگەیەک کە تەندروستی و پێشکەوتنی بوێت، کلیلەکەی لە پەروەردە دەستپێدەکات."
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "دەبێت لە کاروانی پێشکەوتن لە جیهاندا پاشنەکەوین. بۆیە دەبێت زانکۆکانمان گرنگی بدەنە تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا گرنگییەکی پێویست بە ژیریی دەستکرد بدەن."
ئەم ساڵ 20 هەزار و 213 خوێندکار لە زانکۆی دهۆک دەخوێنن؛ لەم خولەدا پێنج هەزار و 51 خوێندکار بڕوانامەی دەرچوون لە ئاستە جیاجیاکان وەردەگرن.
تائێستا ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە زانکۆی دهۆک دەرچوونە 20 هەزار و 229 خوێندکار بووە.
زانکۆیەکە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1992 بە سەرپەرشتیی دکتۆر عیسمەت محەممەد خالید دامەزراوە و 19 کۆلێژ و 17 بەشی جیاوازی هەیە.