گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

خولی 29ـیەمینی کۆلێژی سەربازیی دووی زاخۆ ئەمڕۆ کۆتاییهات و لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان 792 ئەفسەری گەنج، خوێندنی سەربازی، ئەکادیمی و کردارییان تەواو کرد و بڕوانامەیان وەرگرت.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-10-2024) لە رێوڕەسمەکەدا لە گوتارێک بە ئەفسەرانی دەرچووی گوت "جێگەی خۆشحاڵیمانە، کە ئێوە بە خواستی خۆتان دوای ئەوەی زانکۆتان تەواو کردووە، هاتوونەتە بەر خوێندنی سەربازی و بوونەتە ئەفسەری پێشمەرگە، ئەمە نیشانەی حەز و دڵسۆزیی ئێوەیە بۆ خزمەتکردنی کوردستان، هەربژین."
 
لەنێو 792 ئەفسەرە دەرچووەکە، 50ـیان کچن کە 13ـیان ئێزدی و یەکێکیان دەرچوویێکی کاکەییە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە دەرچووان و ئامادەبووانی رێوڕەسمەکەی گوت "تاوەکو دونیا هەیە، پێشمەرگایەتی جێگەی شانازی و شەرەفمەندی و بەرپرسیاریێتییەکی گەورە بووە."
 
ئەفسەرە دەرچووەکانی خولی 29ـەیەمینی سەربازگەی دووی زاخۆ لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا مەشق و راهێنانیان کردووە و 'ئەزموونێکی زۆریان پەیدا کردووە،' ئەمە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدا.