17-07-2020
12:46
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی لەگەڵ ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا
کۆبوونەوەی دووەمی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆک بارزانی بوو و دوای کۆبوونەوەکە لەکاژێر 12:00 ژان ئێڤ لۆدریان سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد و کۆبوونەوە.
زیاتر بخوێنەوەسەرۆک بارزانی و ژان ئێڤ لۆدریان کۆبوونەوە. لەبارەی کۆبوونەوەکەوە سەرۆک بارزانی لە توویتەری خۆی رایگەیاندووە"باسی بارودۆخی ئێستای عێراقمان کرد و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسامان تاوتوێ کرد، هەروەها باسمان لە زیاتر پتەوکردنی ئەم پەیوەندییانە کرد". pic.twitter.com/2mjpErEokX
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 17, 2020
10:52
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە میانی کۆنفرانسە هاوبەشە رۆژنامەڤانییەکە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، باسی لە کوڕە شەهیدێک کرد کە وڵاتەکەی پشتگیری دارایی کردووە بۆ ئەوەی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستبهێنێت و دەڵێت داعش "پرسەی بۆ هەرێمی کوردستان و فەرەنسا هێنا" ؛ بۆیە هەردوولا پێکەوە شەڕی داعشیان کرد.
ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئاماژەی بەوەدا کە قوتابییەکی کورد کە باوکی شەهیدی شەڕی داعشە بە پشتگیری وڵاتی فەرەنسا توانیویەتی خوێندن تەواو بکات، بەو جۆرە دەبێتە یەکەم قوتابی کە فەرەنسا پشتگیری بکات، بەڵام لۆدریان گوتی "دڵنیام دوایین قوتابی نابێت،" و دەبێتە دەستپێکی "نەوەیەکی کورد کە لە سایەی خوێندنی فەرەنسی" خۆیان پێدەگەینن.
گوتیشی، وەزارەتی دەرەوە پرۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ زانکۆی ئەمریکی دەستپێدەکات کە هاوکار دەبێت لە رەخساندنی هەلی کار.
لۆدریان لە کۆنفرانسەکەدا باسی لەوە کرد وڵاتەکەی لە سەردەمی کۆرۆنا، هاوشێوەی شەڕی داعش، پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان دەکات، لەوانە ناردنی یارمەتیی پزیشکی بۆ کەرتی تەندروستی و هەروەها هاوکاری نەخۆشخانەی هەڵەبجە دەکەن، ئەمە جگە لە پرۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیا بۆ باشکردنی ئاو و ئاوەڕۆ لە پارێزگای دهۆک بە گوژمی 15 ملیۆن یۆرۆ.
زیاتر بخوێنەوە
10:47
نێچیرڤان بارزانی: هێشتا عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە پشتگیریی فەرەنسا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێویستیی هەرێمی کوردستان و عێراقی بە پشتگیریی فەرەنسا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دەربڕی و گوتی، رۆڵی فەرەنسا و ماکرۆن لە پشتگیریی هەرێمی کوردستان لەبیرناکرێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆنفرانسە هاوبەشە رۆژنامەڤانییەکەدا سەردانەکەی ئەمجارەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەم کاتەدا بەگرنگ ناوبرد و بە نیشانەی بەردەوامیی پشتگیریی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستانی دەزانێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەناوی گەلی کوردستانەوە سوپاسی فەرەنسای کرد کە هەمیشە "لە تەنگانەدا پشتگیریی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە رووداوەکانی ساڵی 2017 لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، دوای ئابڵۆقەی ساڵی 2017 لەسەر هەرێمی کوردستان، فەرەنسا رۆڵی سەرەکی بینی لە شکاندنی گەمارۆکە و هاوکار بوو لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆکی فەرەنسا کرد لە تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی بەسەر هەرێمی کوردستان هاتبوو و گوتی، سەرۆک ماکرۆن رۆڵیکی زۆر بەرچاوی گێڕا کە هەرگیز لەلایەن گەلی کوردستانەوە لەبیر ناکرێت و مایەی رێز و پێزانینی بەردەوامە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە شەڕی داعش و رۆڵی فەرەنسا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەو شەڕدا کرد و گوتی، لە شەڕی داعش فەرەنسا وەک ئەندامێکی گرنگیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هاوبەشێکی سەرەکی هەرێمی کوردستان و عێراق، رۆڵیکی بەرچاوی هەبوو. هەروەها رایگەیاند، هێشتاش عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە پشتگیریی فەرەنسا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە.
زیاتر بخوێنەوە
08:15
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبوونەوە
لەکاژێر 09:00ـی سەرلەبەیانی هەینی 17-7-2020 کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەستیپێکرد.
لەکۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداربوون و بڕیارە لەدوای کۆبوونەوەکەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ئەنجام بدەن.
کۆبوونەوەی #نێچیرڤان_بارزانی سەرۆکی هەرێمی #کوردستان و ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی #فەرەنسا دەستیپێکرد pic.twitter.com/XxC1gBs77f
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 17, 2020
زیاتر بخوێنەوە
08:49
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێرە بۆ "پشتگیریی" هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا درەنگانێکی شەوی رابردوو 16-7-2020 لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی بۆ هەولێر بەمەبەستی هاوسۆزی و پشتیوانییە.
ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، لە کاژێر 22:30 خولەک بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
چاوەڕوان دەکرێت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا بکەن.
ئۆلیڤیێ دێکۆتینی، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر شەوی رابردوو لە تویتێکدا بە زمانی کوردی هەواڵی گەیشتنی ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسای بۆ هەولێر راگەیاندووە و دەڵێت، ئەو سەردانەی بۆ هەولێر بۆ "هاوسۆزی و پشتیوانییە".
گەیشتنی وەزیری ئەوروپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنسا ژان ئێڤ لۆدریان بۆ هەولێر بۆ سەردانێکی هاوسۆزی و پشتیوانی pic.twitter.com/HenDgqAC5G
— CG Decottignies (@O_Decottignies) July 16, 2020
ئەمە هەشتەمین جارە ژان ئێڤ لۆدریان دێتە هەرێمی کوردستان. پێشتر چوار جار وەکو وەزیری بەرگری سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، سەردانەکانی دواتریشی بۆ هەولێر وەکو وەزیری دەرەوە فەرەنسا بووە.
د. عادل باخەوان، شارەزا لە کاروباری سیاسیی فەرەنسا، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند، فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و پێگەی هەرێمی کوردستانیش لەنێو سیاسەتی فەرەنسادا جێگیرە.
مێژووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا بەشێوەی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2001 و لەو ساڵەدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ یەکەمینجار لە 1ی ئازاری 2001 لە پاریس کرایەوە.
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژی 16-7-2020، لەبارەی هۆکاری پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فەرنسا رایگەیاند: "پەیوەندی نێوان گەلی کورد و فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژووییە، هەر لە پەیماننامەی سیڤەرەوە کە شارۆچکەیەکی بچووکە لە نزیک پاریس. لەوکاتەدا بڕیاردرابوو دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وڵاتێک بۆ کورد دروست بکرێت، بەڵام بەداخەوە لە دوای پەیماننامەی لۆزان لێی پاشگەز بوونەوە".
پێشتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا لە مانگی 7-2019 لەگەڵ رەوەندی کوردیی لە فەرەنسا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا رایگەیاندبوو، پەیوەندی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژووییە، فەرەنسا یەکەم وڵات بوو بۆ پاراستنی گەلی کورد بڕیاری دروستکردنی ناوچەی ئارامی لە کوردستان دا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی "پەیوەندییەکانمان هەمیشە بەهێزبوون بەتایبەت لە سەردەمی سەرۆک میتران، هەمیشە ئەو پەیوەندییانە بەردەوامبوون. دوای گشتپرسی کوردستانیش فەرەنسا رۆڵێکی گرنگی گێڕا بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان. ئەگەر ئەو رۆڵە گرنگەی فەرەنسا نەبووایە دیارنەبوو کوردستان بەرەو کوێ دەچوو. فەرەنسا دەرگای سیاسی بەڕووی ئێمەدا کردەوە".
هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە نامەیەکی تایبەت بۆ نێچیرڤان بارزانی لەکاتی بوونی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و گوتی "فەرەنسا و كوردستانی عێراق لەڕێگەی پەیوەندیی مێژوویيهوه بهیهكهوه گرێدراون".
زیاتر بخوێنەوە