رێبەر ئەحمەد: لە هەرێمی کوردستان هیچ گرووپێکی تیرۆرستی نییە

17-04-2024
سینا سۆما
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ لە عێراق "شتێک نییە بەناوی حکومەتی ناوەندی"، لە هەرێمی کوردستانیش هیچ گرووپێکی تیرۆرستی نییە.
 
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 17-4-2024) لە پانێڵێکدا لە دیداری سلێمانی وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و جەختی کردەوە لەوەی "هیچ گرووپێکی تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستان دا نییە. لە ناوچە سنوورییەکانیش هیچ گرووپێکی تیرۆریستی نییە. هەندێک وڵات دەستەواژەی تیرۆر بۆ هەندێک گرووپ بەکاردێنن و ئەوەش سەرچاوە دەگرێت لە بۆچوون و سیاسەتی وڵاتەکان."
 
دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی لە رۆژانی 17 و 18ـی نیسان بەڕێوەدەچێت و ئەمڕۆ کاژێر 10:00 دەستیپێکرد. بەشداربووانی دیدارەکە تیشک دەخەنە سەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و سیاسییەکان، لێکۆڵەران و چالاکڤانان دەرفەتی ئەوەیان دەبێت گفتوگۆی راستەوخۆ لەبارەی پرسە جیاوازەکانەوە بکەن.
 
یەکێک لەو بابەتانەی ئەمڕۆ رێبەر ئەحمەد لە پانێڵەکەدا جەختی لێ کردەوە "کێشەی کورد" بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی "کێشەیەک بە ناوی کێشەی کورد هەیە، بە ناوی کێشەی کوردستان. کەس ئامادە نییە خۆی لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشەیە بدات. ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان دەبێت زۆر بوێرانە و دلێرانە کێشەی خۆمان ببەینە پێش."
 
دەقی بەشێکی پرسیار و وەڵامەکانی رێبەر ئەحمەد لە پانێڵەکەدا: 

پرسیار: هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی زۆر گرنگە، هاوکات گوشارێکی زۆریشی لەسەرە بەتایبەتی لەسنوورەکانی لەگەڵ هەر سێ وڵاتی دراوسێدا بەهۆی جموجووڵی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بە رێکخراوی تیرۆریستی دەناسرێن. چۆن دەتوانن ئەم گوشارانە چارەبکەن؟ ئایا دەتوانن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان هاوئاهەنگی بکەن؟
 
رێبەر ئەحمەد: پێش هەموو شتێک دەمەوێ شتێکتان بۆ راست بکەمەوە. بە پێی دەستووری عێراق شتێک نییە بەناوی حکومەتی ناوەندی؛ بە پێی دەستوور، حکومەتێکی فیدراڵی هەیە؛ دەستەواژەی ناوەند لە هیچ شوێنێک لە دەستووردا نەهاتووە و داوا لە هەموو سیاسییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان و هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەم، کە خۆیان لە بەکارهێنانی دەستەواژەی حکومەتی ناوەندی بپارێزن، چونکە ئەم دەستەواژەیە لە دەستووری عێراقدا نییە. دەستووری عێراق دەڵێت 'عێراق لە حکومەتێکی فیدراڵی، حکومەتە هەرێمییەکان و حکومەتی پارێزگاکان پێکدێت'؛ بۆیە بەکارهێنانی دەستەواژەی ناوەندی لە هزرێکی ناوەندییەوە دێت، کە ئەمە کێشەیەکی هەرە گەورەی عێراقە و بەدەست هزری ناوەندیێتییەوە دەناڵێنێت.
 
باستان لەوە کرد لە هەرێمی کوردستان گرووپی تیرۆریستی هەن؛ دەمەوێت ئەوەشتان بۆ راست بکەمەوە. هیچ گرووپێکی تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستان دا نییە. لە ناوچە سنوورییەکانیش هیچ گرووپێکی تیرۆریستی نییە. هەندێک وڵات دەستەواژەی تیرۆر بۆ هەندێک گرووپ بەکاردێنن و ئەوەش سەرچاوە دەگرێت لە بۆچوون و سیاسەتی وڵاتەکان. ئێمە، لە عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ یەک لەو رێکخراوانە وەک...
 
پرسیار: ئەو گرووپانە کێن بەردەوام هەڕەشە دەکەن و هەمیشە دەبنە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوانەوە لە باکوور بێت یان رۆژهەڵات، بۆردوومان و مووشەکباران بکرێت؟ کێن ئەوانەی هەمیشە هێرشی سەربازی دەکەن و ئاسمان پێشێل دەکەن؟ 
 
رێبەر ئەحمەد: کێشەکە ئەوەیە؛ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کێشەیەک بە ناوی کێشەی کورد هەیە، بە ناوی کێشەی کوردستان. کەس ئامادە نییە خۆی لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشەیە بدات. ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان دەبێت زۆر بوێرانە و دلێرانە کێشەی خۆمان ببەینە پێش، هەروەک چۆن رێز لە کێشەی هەموو میللەتان دەگرین، دەبێت کێشەی خەڵکی کوردستانیش چارەسەر بکرێت. کۆمەڵێک حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە عێراق بوون، پێش 2003 و پێش 1991ـیش. ئەوان لە لایەن وڵاتی ئێرانەوە ناویان لێدەنرێت تیرۆریست، بە لای ئێمەوە ئەوانە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنن. بە نیسبەت پەکەکە، لەولاوە وڵاتی تورکیا بە پێی بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ناویان لێناون تیرۆریست، بەڵام لە عێراق تاوەکو ئێستا ئەم حیزبە وەک تیرۆریست نەناسراوە.
 
هەرچەندە ئێمە رازی نین لە بوونی هیچ یەکێک لەو گرووپە چەکدارییانە بە ناوی گرووپی چەکدار، حیزبی چەکدار لە خاکی عێراق، لە خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەر لایەنێک ئازادە چ ناوێک لەو گرووپە چەکدارانە دەنێت. ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ناوێکی فەرمی هەیە بۆ ئەو گرووپانە کە جیاوازە لەگەڵ بووچۆنی وڵاتانی دەوروبەر. 
 
لە رێگەی رێککەوتنێکی ئەمنی کە لەنێوان تاران و بەغدا واژۆکراوە، بابەتی هەبوونی هێزی چەکدار لە سنووری ئێران چارەسەر کراوە و لە ماوەکانی رابردوودا لە کەمپی مەدەنی شوێنی ئەو چەکدارانە کراوەتەوە، ئێستاش بە شاهێدیی هەموو دەسەڵاتەکانی عێراق لە بەغدا و شاهێدی ئێرانییەکان خۆیان، هیچ هێزێک لەو سنوورانەدا نییە، بەڵام بەداخەوە بە بیانووی جیاجیا هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و بە مووشەک و درۆن لە هەرێمی کوردستان دەدرێت، کە هەموویان لەسەر بنەمایەکی راست و دروست نین و هەموو ئەو کەڤەرانەی (بیانووانەی) بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، هیچ بنەمایەکیان نییە و لە کۆبوونەوەکانی دووقووڵی لە تاران، بەغدا، هەولێر و سلێمانی ئەو بابەتانە شیکراونەتەوە. پێشتر قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق باسی ئەو بابەتەی کرد و منیش جەخت لەو بابەتە دەکەمەوە کە هیچ مەترسییەکی سەربازی-ئەمنی لە هەرێمی کوردستان رێگەپێدراو نییە، نە لە بەرامبەر ئێران و نە لە بەرامبەر تورکیا. ئەمە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەسەر ئەو سیاسەتەش لەگەڵ بەغدا رێککەوتووین، بەڵام بەداخەوە بە بیانووی جیاجیا هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان کە ئەمە لە دابونەریتی دراوسێیەتیدا قبووڵ ناکرێت و دەبێت کۆتایی بەم بابەتە بهێنرێت.
 
پرسیار: نامەوێ‌ باس لە ناونانی گرووپەکان بێنم بەهۆی جیاوازی بیرکردنەوەی هەر لایەنێک و هەر وڵاتێک، بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم ئەگەر هاوئاهەنگی لە نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێم هەبێت، سرووشت و میکانیزمی ئەو هاوئاهەنگییە چییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپانەی هەمیشە نیگەرانی ئەمنی بۆ هەرێم دروست دەکەن؟ 
 
رێبەر ئەحمەد: بە دڵنیاییەوە، هەبوونی هەر هێزێکی چەکدار، چی ئەو هێزە هێزی دەرەوەی عێراق و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بێت، یان هێزێکی چەکداری عێراقی بێت، کە کێشە بۆ ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکات، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەم هێزانەدا نییە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر دەبینەوە کە یەکێک لەوان هەبوونی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانە کە خۆشبەختانە بەپیر داواکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون و ئێستا ئەو شوێنانەی لەسەر سنوور بوون چۆڵکراون، ئەوەش وەک باسم کرد بە لێکتێگەیشتن و لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی ئەمنی کە هەرێم و بەغدا لەگەڵ تاران واژۆیان کردووە. ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ کراوە و هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ هیچ نائەمنی و نائارامییەک لەسەر سنوورەکان.
 
هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لەسەر ئەو بابەتە نییە و ئێمە لەگەڵ دامودەزگەکانی حکومەت و دامودەزگەکانی ئاسایش لە بەغدا هاوکارییەکی باشمان هەیە. لەگەڵ برای بەڕێزم وەزیری ناوخۆی عێراق، بەڕێز عەبدولئەمیر شەمەری لە زۆر بواری وەک رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، رووبەڕووبوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان و رووبەڕووبوونەی تیرۆر، کاری هاوبەشمان لەگەڵ دامودەزگەکانی هەواڵگری لە عێراق ئەنجام داوە؛ ئەو جۆرە هاوکارییانە رۆژانەیە و شتێکی نوێ نییە. لەدوای 2003ـوە کە لە دەستووردا دانی بەوەدا نا هەرێمی کوردستان دامودەزگە، دەزگەی هەواڵگری و ئاسایشی سەربەخۆی دەبێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگەکانی حکومەتی فیدراڵ کار دەکەن. ئەم هەماهەنگییە بەردەوامە و لە ئاستێکی زۆر باشدایە لە رووی ئەمنییەوە، بەڵام کێشە و ئاڵنگاری رووبەڕووی ئێمە دەبنەوە وەکو دەزگە ئەمنییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لە ئەنجامی پرۆسەی سیاسی و بڕیاری سیاسیی نابەجێ کە لە لایەن هەندێک لە دامودەزگەکانی فیدراڵییەوە هەندێک بریار دەدرێت کە لەگەڵ دەستوور ناگونجێن و دەبنە هۆی کێشە.
 
پرسیار: ئێوە وەک حکومەتی هەرێم ئەو هەنگاوانە چین دەیگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم لەبەرامبەر مەترسییەکان؟

 

رێبەر ئەحمەد: ئاسایش لە عێراق یەک پاکێجە و ناکرێت لە یەک جیابکرێتەوە؛ ناکرێت بەشێکی عێراق ئاسایشی هەبێت و بەشێکی دیکە نەیبێت. لە هەر شوێنێک لە عێراق ئاسایش بەرقەرار نەبوو، کاریگەری دەبێت لەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراق. ئەوەی کە بینیمان کاتێك داعش هات و ناوچەکانی پارێزگای موسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین و بەشێکی کەرکووک و بەشێکی دیالەی (خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی)، هەموو عێراق ئاسایشەکەی تێکچوو و ئاسایشی کەوتە مەترسییەوە. ئێمە ئەو کاتە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکان، هەروەها لەگەڵ هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئیشی باش کرا و شەڕێکی زۆر گەورە کرا؛ بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی پێشمەرگە، ئەفسانەی داعش تێکشکێندرا؛ دواتر هەموو هێزەکانی دیکە، چی نێودەوڵەتی و چی عێراقی توانیان لەسەر بنەمای ئەو دەستکەوتانەی پێشمەرگە، ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری موسڵیش ئازاد بکەن. ئێمە ئەزموونێکی باشمان هەیە لە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و لەگەڵ دامودەزگای ئەمنی. هیوادارم ئەم ئەزموونە بەردەوام بێت و پەرەی پێ بدرێت. چەند ساڵێکە خەریکین دوو لیوای هاوبەش دروستبکەین بۆ ئەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنییان هەیە لەنێوان هێزەکانی هەرێم لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵ. بۆشاییەکی ئەمنی لە چەند شوێنێک هەیە؛ لە چەند شوێنێک دەگاتە 12 تاوەکو 20 کیلۆمەتر و گرووپە تیرۆریستییەکان سوود لەو بۆشاییە وەردەگرن. ئەم دوو لیوایە فەرمانی دامەزراندنیان و راهێنانیان تەواو بووە و ماوەتەوە بکەونە بواری جێبەجێکردن، بەڵام بە داخەوە ئەم بابەتە زۆر دواکەوتووە. ئەوەی کە پەیوەندی بە چۆنییەتی مامەڵەکردنی هەرێم لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکان هەیە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی نێوخۆ و پێشمەرگە هەماهەنگییەکی زۆر باشمان هەیە لەم بابەتەدا؛ لەگەڵ دامودەزگای ئاسایش، دامودەزگاکانی دژە تیرۆر و ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە چەترێکی هەموو دامودەزگاکانە لە هەرێمی کوردستان، هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە.

 

گرنگترین شت لەو بوارەی کە چۆن هەرێمی کوردستان بپارێزین، بە راستی سەرچاوەکەی لەوەوە دەستپێدەکات کە خەڵکی هەرێمی کوردستان خەڵکێکی ئاشتیخوازن؛ حەزیان لە ژیانە؛ حەزیان لە پێشکەوتنە؛ حەزیان لەوەیە کە سەقامگیری هەبێت و حەزیشیان لەوەیە کە هاوکاری هەموو کەسێک بکەن کە لە کاتی تەنگانە و پێویستدا پێویستیان بە هاوکارییە؛ لە هەمان کاتیشدا هاوکارییەکی زۆر باشی دامودەزگاکانی ئەمنی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ خودی هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان هاوکارێکی زۆر باشە؛ کولتووری پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن و کولتووری جیاوازییەکان کە لەنێو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوە شتێکە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان شانازی پێوە دەکەین کە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرز باوەڕیان پێی هەیە. خەڵکی ئێمە باوەڕی وایە پێکەوەژیان بنەمای ئاسایش و سەقامگیرییە. بۆیە دەمانەوێت ئەم ئەزموونە بگوازینەوە بۆ هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق و لەم روانگەیەوە هاوکارین لەگەڵ دامودەزگاکان لە پارێزگاکانی نزیک هەرێمی کوردستان، وەک موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە و کەرکووک، هەروەها لەگەڵ بەغدا.

 

پرسیار: ئێوە، وەک حکومەتی هەرێم ئەو هەنگاوانە چین دەیگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم لەبەرامبەر مەترسییەکان؟
 
رێبەر ئەحمەد: ئاسایش لە عێراق یەک پاکێجە و ناکرێت لە یەک جیابکرێتەوە؛ ناکرێت بەشێکی عێراق ئاسایشی هەبێت و بەشێکی دیکە نەیبێت. لە هەر شوێنێک لە عێراق ئاسایش بەرقەرار نەبوو، کاریگەری لەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراق دەبێت. ئەوەی کە بینیمان کاتێك داعش هات و ناوچەکانی پارێزگای موسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین و بەشێکی کەرکووک و بەشێکی دیالەی (خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی)، هەموو عێراق ئاسایشەکەی تێکچوو و ئاسایشی کەوتە مەترسییەوە. ئەو کاتە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکان، هەروەها لەگەڵ هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئیشی باش کرا و شەڕێکی زۆر گەورە کرا؛ بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی پێشمەرگە، ئەفسانەی داعش تێکشکێندرا؛ دواتر هەموو هێزەکانی دیکە، چی نێودەوڵەتی و چی عێراقی، توانییان لەسەر بنەمای ئەو دەستکەوتانەی پێشمەرگە، ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری موسڵیش ئازاد بکەن. ئێمە ئەزموونێکی باشمان لە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و لەگەڵ دامودەزگای ئەمنیدا هەیە. هیوادارم ئەم ئەزموونە بەردەوام بێت و پەرەی پێ بدرێت.
 
چەند ساڵێکە خەریکین دوو لیوای هاوبەش دروستبکەین بۆ ئەو شوێنانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە لەنێوان هێزەکانی هەرێم لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵ. بۆشاییەکی ئەمنی لە چەند شوێنێک هەیە؛ لە چەند شوێنێک دەگاتە 12 تاوەکو 20 کیلۆمەتر و گرووپە تیرۆریستییەکان سوود لەو بۆشاییە وەردەگرن. ئەم دوو لیوایە فەرمانی دامەزراندن و راهێنانیان تەواو بووە و ماوەتەوە بکەونە بواری جێبەجێکردن، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە زۆر دواکەوتووە. ئەوەی کە پەیوەندیی بە چۆنییەتی مامەڵەکردنی هەرێم لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکان هەیە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی نێوخۆ و پێشمەرگە هەماهەنگییەکی زۆر باشمان لەم بابەتەدا هەیە؛ لەگەڵ دامودەزگای ئاسایش، دامودەزگاکانی دژەتیرۆر و ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە چەترێکی هەموو دامودەزگاکانە لە هەرێمی کوردستان، هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە.
 
گرنگترین شت لەو بوارەی کە چۆن هەرێمی کوردستان بپارێزین، بە راستی سەرچاوەکەی لەوەوە دەستپێدەکات کە خەڵکی هەرێمی کوردستان خەڵکێکی ئاشتیخوازن؛ حەزیان لە ژیانە؛ حەزیان لە پێشکەوتنە؛ حەزیان لەوەیە کە سەقامگیری هەبێت و حەزیشیان لەوەیە هاوکاری هەموو کەسێک بکەن کە لە کاتی تەنگانە و پێویستدا پێویستیان بە هاوکارییە؛ لە هەمان کاتیشدا هاوکارییەکی زۆر باشی دامودەزگاکانی ئەمنی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ خودی هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان هاوکارێکی زۆر باشە؛ کولتووری پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن و کولتووری جیاوازییەکان کە لەنێو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوە شتێکە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان شانازی پێوە دەکەین کە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرز باوەڕیان پێی هەیە. خەڵکی ئێمە باوەڕی وایە پێکەوەژیان بنەمای ئاسایش و سەقامگیرییە. بۆیە دەمانەوێت ئەم ئەزموونە بگوازینەوە بۆ هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق و لەم روانگەیەوە هاوکارین لەگەڵ دامودەزگاکان لە پارێزگاکانی نزیک هەرێمی کوردستان، وەک موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە و کەرکووک، هەروەها لەگەڵ بەغدا.
 
پرسیار: ئایا ئەمە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت؟ ئایا بە کردەیی هەمان رێکارەکان جێبەجێ دەکرێن یان جیاوازن؟
 
رێبەر ئەحمەد: لە رووی ئاسایشەوە، دامودەزگاکانی ئەمنی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زۆر پیشەییانە کاردەکەن. هەر ئەوەش سەرچاوەی ئەوەیە کە ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان بەرقەرارە. لەسەر ئەو بنەمایەش هەر مەترسی و هەڕەشەیەک وەک ئاست و قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. خاڵی دووەم کە دەمویست ئاماژەی پێ بکەم لە دوای هاوکاریکردنی خەڵک، یەکدی قبووڵکردن و پێکەوەژیان، بریتییە لە چالاکیی دەزگا ئەمنییەکان، شەونخوونی دەزگا ئەمنییەکان و خوشک و برا پێشمەرگەکان. پێکەوە توانیومانە زانیاری لە کاتی پێویست کۆبکەینەوە و چالاکی ئاسایش و ئۆپەراسیۆنی ئاسایش (ئەنجام بدەین) بۆسەر ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی لە دەوروبەری هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە یان هەندێک جار هەوڵیان داوە بێنە نێو هەرێمی کوردستان و هەندێک گرووپ دروستبکەن بۆ هاوکاریکردنی یەکدی و بۆ بابەتی لۆجیستی، خۆشبەختانە دەزگاکانی ئێمە زۆر سەرکەوتوو بوون و هیوادارم کە هەرێمی کوردستان هەر بەو شێوەیە بە سەقامگیری بمێنێتەوە و بە لانکەی پێکەوەژیان بمێنێتەوە، چونکە خۆتان دەزانن هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوو و ئێستا نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەرمان هەیە کە لە ئەنجامی ناسەقامگیری لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. هیوادارین ئەم بابەتە چارەسەربکرێت. ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵی هەماهەنگین بۆ ئەوەی دۆخێک بڕەخسێنین کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەتایبەتی خوشک و برا ئێزدی و کریستیانەکان؛ هەروەها هەموو ئەو پێکهاتانەی دیکە کە خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن و لە هەرێمی کوردستانن. دەشزانن ئێمە نزیکەی 250 هەزار پەنابەری سوورییمان لە هەرێمی کوردستان هەیە. ئەمانە هەموویان ئاڵنگاری و ئاستەنگی ئەمنیین، بەڵام خۆشبەختانە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەرگەکانیان کراوە بوون بۆ هەموو ئاوارە و پەنابەرێک. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشت بووە؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تاوەکو ئاستێکی باش هاوکار بوون؛ داوا دەکەین حکومەتی فیدراڵی لەم بوارەدا زیاتر بێتە پێش و هاوکارییەکی باشترمان بکات لە بابەتی حەوانەوە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان، چونکە دواجار ئەمانە هاووڵاتی عێراقین و کێشەیەکی ئەمنی هەیە لە ناوچەکانیان و دەبێت چارەسەر بکرێت.

 

کێشەی خزمەتگوزاری هەیە، کێشەی هەلی کار هەیە، هیوایان ئەوەیە کە داهاتوویەکی باشتریان لە ناوچەکانی خۆیان بۆ بڕەخسێندرێت. ئەو ئاڵنگارییانەی لەم بوارەدا رووبەڕووی ئێمەش دەبنەوە بە راستی لە هەندێک لەو شوێنانە گرووپی چەکدار هەن. پرسیارت لە بەڕێزان کرد، ئەو گرووپانە لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت کار دەکەن، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا، لە شنگال ئەو گرووپانە و پەکەکە، ئەمانە فاکتەری ناسەقامگیرین کە بەپێی رێککەوتنی واژۆکراو لە نێوان هەولێر و بەغدا ناسراو بە رێککەوتنی شنگال، پێویست بوو ئەم هێزانە لەوێ دووربخرێنەوە و بەشێکیشە لە کارنامەی حکومەت لە ئەجێندای سیاسی کە هەموو هێزە سیاسییەکانی براوە لە هەڵبژاردنی عێراق لەسەری رێککەوتوون و هیوادارین رێگە بدرێت حکومەتی فیدراڵی، رێککەوتنەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئیمە کێشەمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی نییە، حکومەتی فیدراڵی رێککەوتنەکان واژۆ دەکات و لەگەڵ حکومەت، لەگەڵ دامودەزگەکان (کێشەمان نییە)، بەڵام خەڵکانێکی دیکە لە دەرەوەی چواچێوەی دەوڵەت و حکومەت هەن کۆسپ دروست دەکەن، کە گرووپی نێوخۆیین و دەسەڵاتیان لە رووی سەربازی و سیاسی بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق نەتوانێت پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بێگومان هەموومان بەشدارین لە کابینەی بەڕێز سوودانی و هەمووشمان بەردەوامین لە پشتگیریی بەڕێزیان و هیوادارین لە ئەجێندای خۆیدا سەرکەوتوو بێت، کە ئەجێندای هەر هەموومانە، بەڵام ئەرکی بەڕێز سوودانی زۆر قورسە، لەبەر ئەوەی ئاڵنگاریی سیاسی، ئەمنی، ئابووری ئێجگار گەورە رووبەڕووی ئەو کابینەیە بوونەتەوە و هەموو کێشەکانی 20 ساڵی رابردوومان لە کارنامەیەکدا کۆکردووەتەوە و دەمانەوێت لەم کابینەیەدا چارەسەریان بکەین، کە بەداخەوە هەم فاکتەرە نێوخۆیی و هەم فاکتەرە هەرێمییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە هاوکار نین، بەڵام ئەگەر هەموومان بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، هەر وەک ئەمڕۆ لە گوتاری زۆربەی بەڕێزان ئاماژەی پێدرا، دەستوور ببێتە حەکەم لە نێوان  هەموومان، وا بزانم ئیدارەکردنی عێراقێکی  دەوڵەمەند بە سەرچاوەی مرۆیی و سرووشتی، تەنیا ئیدارەیەکی باشی دەوێت، ئیدارەیەکی باشی سەرچاوەکانی مرۆیی و سرووشتی بکرێت، بە رای من عێراق لە قۆناخێکی زۆر باشتردا دەبێت و ئاڵنگاریی ئەمنیش کەمتر دەبێت.
 
من دەمەوێت تۆزێک بە راشکاوی قسە بکەم، ئەگەر سەیری سەد ساڵی رابردووی دەوڵەتی عێراق بکەین، لە 20 ساڵی رابردووش و بەر لەوەش هەرچی گفتوگۆیە لەسەر ئەوە بووە کە عێراقێکی نوێ دروست بکەین، عێراقێک لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە، لەسەر بنەمای هاوسەنگی و رێککەوتن، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەم کێشانە چارەسەر نەبوونە و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان بەرهەمی ئەو کێشە سیاسییانەن. تاوەکو کێشە سیاسی و ئابوورییەکان وەکو پێویست چارەسەر نەکرێن، هەمیشە ئاڵنگاریی ئەمنی دەبێت.
 
پرسیار: بەبۆچوونی ئێوە ئەو خاڵە سەرەکییە چییە کە بەربەست لەبەردەم ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دروست دەکات؟
 
رێبەر ئەحمەد: گرنگترین خاڵ لەو بابەتەی کە باستان کرد، جێبەجێکردنی دەستوورە. دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و جیاوازییەکان لە نێوان پێکهاتەکان لە عێراق وەکو خۆی رێزی لێ بگیرێت، ئەوەی کوردە دەبێ وەکو کورد رێزی لێ بگیرێت، ئەوەی عەرەبە وەکو عەرەب، ئەوەی شیعەیە وەکو شیعە، ئەوەی سوننەیە وەکو سوننە، مەسیحی، تورکمان، هەموو دەبێ وەکو خۆیان (رێزیان لێ بگیرێت). بەداخەوە زۆر جار دەست بۆ تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەکان دەبرێت لە عێراق، ئەمە هۆکاری سەرەکیی نائارامییە، بڕیاری سیاسیی نادروست دەبێتە هۆی ئاڵنگاریی ئەمنیی گەورە. ئەگەر زۆر دوور نەچین هۆکاری سەرهەڵدانی داعش لە ناوچە سوننەکان بەشێکی بۆ مامەڵەی ناتەندروستی بەغدا دەگەڕێتەوە بەرامبەر بە ئەم ناوچانە، بەشێکیشی بۆ خودی خەڵکەکە دەگەڕایەوە کە نەیویست بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیدا بکات و هەڵەیەکی مێژووییان کرد، بۆیە گرنگە لە عێراق هەموو پێکهاتەکان بەڕێزەوە وەکو هاووڵاتیی پلە یەک سەیر بکرێن و هاوبەشییەکی راستەقینە هەبێت و هاوسەنگی و رێککەوتن هەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵات، ئەمە فاکتەری سەرەکییە بۆ ئەوەی کە عێراق سەقامگیر بێت و سەرچاوەکانی داهاتی عێراقیش  بە یەکسانی، دادپەروەری دابەش بکرێن لە نێوان هەموو پێکهاتەکان و پارێزگاکانی عێراق.
 
ئەمە بابەتێکی گرنگە، بۆیە گوتم لە 10 ساڵی رابردوودا عێراق سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە و ئێمە لە هەموو کۆڕ و سیمینارێکدا هەمان شتەکانی پار دووبارە دەکەینەوە، ئەگەر سەیری قسەکانی پارمان بکەین بە جۆرێکی دیکە، هەمان قسەیە کە ئێستا دەیڵێن، 10 ساڵ لەمەوپێشیش هەر وا بووە، گرنگە لە عێراق گرنگی بە دروستکردنی دامەزراوەی دەوڵەت بدرێت. دامەزراوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای دەستوور، نەک لەسەر بنەمای هێز، کام پێکهاتە هێزی لەدەستدایە ئیرادەی بەسەر پێکهاتەکانی دیکە بسەپێنێت، بە رای من ئەمە خاڵی سەرەکییە؛ ئەوەی دیکە کات پێویستە بۆ گۆڕینی بۆچوونی هاووڵاتییان بۆ ئەوەی یەکدی قبووڵ بکەن و جیاوازییەکان وەکو خۆی رێزی لێ بگیرێت.
 
من دەمەوێت لەسەر بابەتێک کە لە سەرەتا پرسیارت کرد، تۆزێک روونکردنەوە بدەم، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە باستکردن، ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و پەکەکە، بێگومان دەمەوێت بۆ هەموو بەڕێزان روون ببێتەوە، جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و (پەکەکە)، چونکە ئەوان بەپێی ئەو رێککەوتنە بە پیل داواکاریی ئێمەوە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هاتن و چەکی خۆیان دانا و ناوچە سنوورییەکانیان چۆڵکرد. بەڵام پێچەوانەی ئەوە، پەکەکە رۆژ بە رۆژ خۆی چەکدار دەکات و یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانی ناسەقامگیریی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران. لە شنگال، مەخموور، باشووری کەرکووک و زۆربەی ئەو شوێنانەی کە پەکەکەی لێیە فاکتەری ناسەقامگیرییە، بۆیە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەو دوو گرووپانە هەیە، ویستم ئەمە روون بکەمەوە. سوپاس.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.