رووداو دیجیتاڵ
پیر و گەنج لە شەوانی رەمەزان لە گەڕەکی تەعجیل و لە کافتریاکەی مام نەبەز کۆدەبنەوە بۆ یاریی سینی و زەرف کە سینی سینیانێیشی پێ دەڵێن.
یاریزانان بەدەم خواردنەوەی چا، خواردنی شەوچەرە و میوزیک و گۆرانییەوە، تاوەکو نزیکی پاشیڤ بەردەوامن لە یاریکردن.
سینی و زەرف یارییەکی دێرینە و زیاتر لە 200 ساڵە لە شەوانی رەمەزاندا لە هەولێر دەکرێت. جگە لە هەولێر، لە کەرکووکیش یارییەکی باوە.
هەر لە گەڕەکی تەعجیل خولێک بۆ یاریزانانی سەرانسەری هەرێمی کوردستان کراوەتەوە و براوە خەڵاتی گرانبەها دەباتەوە.
ئەو یارییە کولتوورییە لە سینییەک و 11 فنجان پێکهاتووە، لەژێر یەکێک لە فنجانەکاندا موروویەک دەشاردرێتەوە، ئەو کەسەی مورووەکە بدۆزێتەوە، دەبێتە براوەی یارییەکە. هاوشێوەی ئەم یارییە، کاڵەمشتێ و کڵاوکڵاوێنە.
نەبەز مستەفا بە رووداوی راگەیاند، بۆ ئەم ساڵ 96 تیپیان ئامادەکردووە، تیپەکان لە شارەکانی هەولێر، کەرکووک و پردێوە بەشدارن. خەڵاتەکانیش بریتین لە سێ ئایفۆنی 15 پرۆماکس، 2 ئایفۆنی 14 پرۆماکس و گەشتێکی دووبەی کە بۆ براوەکان ئامادە کراون.
نەبەز دەشڵێت، ئامانجی ئەو ئەوەیە کە ئەو یارییە کۆنە نەمرێ، "چەند ساڵێک پێش ئێستا خەریک بوو نەمێنێ، من دووبارە زیندووم کردەوە."
نەبەز دەشڵێت، ئامانجی ئەو ئەوەیە کە ئەو یارییە کۆنە نەمرێ، "چەند ساڵێک پێش ئێستا خەریک بوو نەمێنێ، من دووبارە زیندووم کردەوە."
