شاندی ئیمراڵی لە هەولێرەوە: کۆبوونەوەکانمان زۆر ئەرێنی بوون و مزگێنیمان پێیە

17-02-2025
هەڵات رێبوار
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی شاندی ئیمراڵی و پارێزگاری هەولێر
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی شاندی ئیمراڵی و پارێزگاری هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شاندی ئیمراڵی کۆتاییان بە کۆبوونەوەکانیان لە هەولێر هێنا، دوای ئەوەی دوێنێ لەگەڵ سەرۆک بارزانی و ئەمڕۆش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە. شاندەکە رایگەیاند "کۆبوونەوەکانمان زۆر ئەرێنی بوون، بۆیە مزگێنی دەدەینە خەڵکی خۆمان و خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی."
 
شاندی ئیمراڵی لە پارێزگای هەولێرەوە لەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و پەیامی خۆیان "بە خەڵکی کورد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" گەیاند.
 
سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە، ئومێد خۆشناو قسەی کرد و رایگەیاند "هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە رابردوودا رۆڵێکی گرنگی هەبووە و پشتیوانیی لێدەکات، ئومێد دەکەین هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەدوای گەڕانەوەی شاندەکە، باشتر بن."
 
کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) بە ناوی شاندی ئیمراڵییەوە قسەی کرد و گوتی، "دوو رۆژە لە هەولێرین لە هەرێمی کوردستان. دوێنێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی هەبوو، کە یەک کاژێر و 45 خولەکی خایاند، سڵاو و خۆشەویستیی رێزدار ئۆجەلانمان بە سەرۆک بارزانی گەیاند لەگەڵ پەیامەکەی بۆ ئاشتی و پرۆسەی چارەسەری."
 
 
شاندەکە، ئەمڕۆ (دووشەممە، 17-2-2025) هەمان پەیامیان بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. هاوسەرۆکی دەبەپە گوتی "بەڕێز ئۆجەلان بیرکردنەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی و، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی زۆر لەلا بەبەهایە."
 
وەکو کەسکین بایندر گوتی، لە هەردوو کۆبوونەوەدا "باسی پاشەڕۆژی کوردانمان کرد، کە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری چۆن پێشدەکەوێت و رۆڵ و هەڵوێستی هەموو ئاکتۆر و حیزبەکانی کوردان بۆ پرۆسەکە، چۆن دەبێت."
 
شاندەکەی ئیمراڵی دەڵێ "هیوای گەلی کورد و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەیە؛ پرسی کورد بە دیموکراسی لە تورکیا و وڵاتان چارەسەر بێت." 
 
"چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، کاریگەریی ئەرێنی لە باشوور و هەرچوار پارچەی وڵات بەگشتی و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەبێت." ئەمە وەک شاندەکە جەختی لێ دەکاتەوە.
 
هاوسەرۆکی دەبەپە گوتیشی "پرسی کورد بووەتە پرسێکی هەرێمی و نێونەتەوەیی و هەموو هێزەکانی جیهان. بەڵام ئەوەی رۆڵی هەرە گەورە دەبینێت لە پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری کوردن، بۆیە رێزدار ئۆجەلان دەستپێشخەرییەکی گەورەی کردووە بۆ پرۆسەی چارەسەری و دەخوازێت کورد لە شەڕ و گرژی دووربخاتەوە."
 
"شاندەکەمان زۆر دڵخۆشە و مزگێنیمان پێیە"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بەناوی شاندی ئیمراڵی، کەسکین بایندر گوتی "سەرۆک مەسعود بارزانی پشتگیرییەکی گەورەی لە پرۆسەی چارەسەری و پشتگیریی خۆی لە شاندەکەمان کرد. زۆر دڵخۆشین و دەتوانین بە دڵخۆشییەوە بە گەلی خۆمان و خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵێین، کە بەم ڕۆوە دوو رۆژە لە کوردستان لە هەولێرین؛ دوو کۆبوونەوەی زۆر گرنگمان کرد و هەردوو ئەنجامی کۆبوونەوەکان زۆر باش بوون."
 
دەشڵێ ئەنجامەکانی ئەو دوو کۆبوونەوەیە نەوەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ پاشەڕۆژی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش گرنگن. 
 
لەبارەی هەڵوێستی رێکخستن، حیزب و دامەزراوەکانەوە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان، کەسکین گوتی "هەڵوێستیان زۆر باشە و پشتیوانیی ئەو پرۆسەیە دەکەن."
 
شاندی ئیمراڵی دواتر دەچێتە سلێمانی و لەوێش لەگەڵ "بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە."
 
گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا چۆن دەستیانپێکرد؟
 
دەوڵەت باخچەلی رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
 
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
 
دوای ئەوە؛ شاندەکە سەردانی بەشێکی پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان دا کۆبووەوە.
 
شاندی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە