پارێزگاری کەرکووک: ئەو سەربازانەی پەلاماری جووتیارە کوردەکانیان دا، دەستبەسەر کراون

17-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی بریکاری وەزیری داد بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی جووتیارانی ناوچەی سەرگەڕان بنێرێت. دەشڵێت، ئەو سەربازانەی پەلاماری جووتیارە کوردەکانیان دا، دەستبەسەر کراون. 
 
ئەمڕۆ لە گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن بەڵام سوپای عێراق بە هەمەر رێگریی لێ کردن و ئازاریان دان.
 
لە دیمەنێکدا دەردەکەوێت، جووتیارێکی کورد بەسەر تراکتۆرەکەیەوەیە و دوو سەربازی سوپای عێراق بە ملپێچەکەی رایدەكێشن و دەیانەوێت بیهێننە خوارەوە، بەڵام جەسوورانە، جووتیارە کوردەکە کۆڵنادات و ملیان بۆ کەچ ناکات. 
 
 
پارێزگاری کەرکووک لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەو سەربازانەی پەلاماری جووتیارە کوردەکانیان داوە، دەستبەسەر کراون و لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە. هەروەها داوای کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لەو ناوچەیە کراوە." 
 
ئەم دیمەنە سۆشیاڵ میدیای تەنی؛ محەممەد ئەمین ئەو جووتیارە چاونەترسەیە، ملپێچەکەی بەخشییە رووداو و لە ملی هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو کرد کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی گرژییەکانەوە خەریکی رووماڵکردنی دۆخەکە بوو. 
 
لە روونکردنەوەیەکدا، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی زەوی و زاری جووتیاران "کێشەیەکی قووڵ و درێژخایەنە و نووسراوی فەرمی بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئاراستە کراوە بۆ چارەسەرکردنی." 
 
پارێزگاری کەرکووک دەشڵیت، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش داوە و چاوەڕێی رێنماییەکانی حکومەتی ناوەندین بۆ جێبەجێکردنی.
 
رێبوار تەها داوا لە جووتیارانی سەرگەڕان دەکات، هێمنی و خۆڕاگری بنوێنن و دڵنیای کردنەوە کە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکرێت لە رێگەی دامەزراوە یاسایی و فەرمییەکانەوە.
 
بەپێی روونکردنەوەکە، سبەی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ لیژنەی نێردراو بەڕێوەدەچێت بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە. 
 
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە