رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵی لە درێژەی کۆبوونەوەکانیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، گەیشتنە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی رایگەیاندووە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندەکە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ لە بینای پارێزگای هەولێر، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازدەکات.
دوێنێ،نێچیرڤان بارزانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە میونشنەوە لەبارەی شاندەکەی ئیمراڵی رایگەیاند "ئەمانە بێگومان بە پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە هاتوون بۆ هەولێر و لەوێوە دەچنە سلێمانیش. بێگومان ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین بزانین پەیامەکەیان چ پەیامێکە. ئێمە چاوەڕوان دەکەین پەیامی ئاشتی بێت بۆ سەقامگیریی تورکیا و پەیامەکەش زیاتر بۆ پەکەکە دەبێت. هیوادارین گوێبیستی بانگەوازی ئاشتی بین لەلایەن بەڕێز ئۆجەلانەوە و هیوادارین پەکەکەش هەڵوێستی هەبێت و پێشوازی لە پەیامی بەڕێز ئۆجەلان بکات."
شاندەکە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و شاندێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان.
شاندەکە دواتر دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
دوێنێ شاندەکە لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە پیرمام کۆبووەوە.
ماڵپەڕی فەرمیی دەم پارتی رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و شاندەکەی دەم پارتی کاژێرێک و 45 خولەکی خایاندووە؛ شاندەکە سەبارەت بە دیدارەکانی پێشووی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، زانیاریی بە سەرۆک بارزانی داوە.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتەکە راشیگەیاند، سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا سەرنج، پێشنیاز و بۆچوونی خۆی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی بۆ شاندەکە خستووەتەڕوو.
هەروەها کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی دەبەپە کە ئەندامێکی شاندەکەیە، لەدوای کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، سەرۆک بارزانی "پشتگیریی پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتیی لەنێو کورداندا کرد، کە هەرچی لەدەستبێت (دەیکات). بە پشتگیرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی، زۆر دڵخۆشین و جێگەی شانازیمانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ