رووداو دیجیتاڵ
چاوەکان لەسەر سەردانەکەی برێت مەکگۆرک بوون بۆ بەغدا و هەولێر لەپاڵ کێشە نێوخۆییەکان، پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی ئەو شاندە ئەمریکییە لە هەولێر و بەغدا وزە بوو، بۆ ئەمەش ئامۆس هۆشتاین، رێکخەری سەرۆکایەتیی ئەمریکا تایبەت بە ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە یاوەریی برێت مەکگۆرک بوو.
ئامۆس هۆشتاین دیپلۆماتێکی ئەمریکییە، شارەزایی تایبەتی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە رێگەی سەرچاوەکانی وزەوە هەیە. ئەو خۆی پێشتر لەو بوارەدا وەبەرهێنەر بووە.
هۆشتاین لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباماوە نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بووە بۆ کاروباری نێودەوڵەتیی وزە. بەوەش بەنێوبانگە کە رێگەی لە هەوڵەکانی رووسیا گرتووە بۆ ئەوەی پرسی وزە وەکو چەک بەکاربهێنێت. هاوکات لە رێگەی پرۆگرامێکی تایبەتەوە هەوڵ دەدات ئاستی بەکارهێنانی وزەی خاوێن لە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان بەرزبکاتەوە.
هۆشتاین باوکی چوار منداڵە و لە واشنتن دی سی دادەنیشێت. ئەو جگە لەوەی دیپلۆماتە، بازرگانە و لۆبیستە و لە کۆنگرێسی ئەمریکاش کاری کردووە. لە ساڵی 2011 وەکو جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستنیشانکرا. لە ساڵی 2015ـەش باراک ئۆباما بەربژێری کرد بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سەرچاوەکانی وزە، بەڵام ئەنجوومەنی پیران دەنگی لەسەر نەدا.
لە سەردانەکەی شاندی ئەمریکا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سوودانی لە شەوی دووشەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی، شاندەکەی ئەمریکا پێشوازییان لە بەرەوپێشچوونەکان لە چارەسەری کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داهات و هەناردەی وزە کردووە.
هەر درەنگانی شەوی دووشەممە، 16-1-2023 شاندەکە گەیشتنە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "مەکگۆرک بهردهواميى پشتيوانيى ئهمريكاى بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان و خواستى وڵاتهكهى بۆ برهودان به پهيوهندييهكانى لهگهڵ بهغدا و ههولێر و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبهش له ههموو بوارهكاندا دووپات كردهوه، بهتایبهتیش له بواری وزه و پاراستنی ئاسایشی وزهدا."

ئامۆس هۆشتاین پێش ئەوەی لەگەڵ برێت مەکگۆرک بێتە عێراق و هەرێمی کوردستان لە 15ـی ئەم مانگە سەردانی ئیماراتی کردووە و لەگەڵ ئەو وڵاتە گرووپێکیان لە شارەزایان پێکهێناوە بۆ کارکردن لەسەر بەرەوپێشبردنی وزەی خاوێن و ئەو هاوبەشییەی لەنێوان ئەمریکا و ئیمارات هەیە بۆ ئەو مەبەستە.
لەگەڵ هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، خەمی ئەوروپا و ئەمریکا بووەتە وزە و گازی سرووشتی، هەرێمی کوردستانیش خاوەنی یەدەکێکی دەوڵەمەندی گازی سرووشتییە و لەکاتی سەرهەڵدانی قەیرانی وزە لە ئەوروپا ناوی وەکو جێگرەوە دەهێندرێت.
ئامۆس هۆشتاین لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ سکای نیوز ئاماژەی بەوە کردووە، هەر ئێستا نییە، بەڵکو لەسەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما، وڵاتانی ئەوروپایان لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە نابێت تەنیا پشت بە نەوت و گازی رووسیا ببەستن، چونکە ئەمە وادەکات کێبڕکێ نەمێنێت، "بە واتایەکی دیکە هەموو هێلکەکان مەخەنە یەک سەبەتەوە."
وەکو هەوڵێک بۆ هاوکاریی وڵاتانی ئەوروپا و یارمەتیدانیان لە خۆگرتن لەم دۆخەی ئێستا، بایدن و ئۆرسولا ڤۆندێرلاین رێککەوتنێکیان بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر وزە و بەکارهێنانی وزەی خاوێن واژۆ کردووە.
بەپێی ئەو رێککەوتنە، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، ئەمریکا هەناردەی گازی سرووشتییەکەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە رێژەی 10%ـی ئەو گازەی لە رووسیا وەریان دەگرت، بەرزکردووەتەوە کە پێش شەڕی ئۆکراینا و لە سەرەتاکانی شەڕەکەش، رووسیا نزیکەی 40%ـی گازی سرووشتیی ئەوروپای دابین دەکرد.




