رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە ساڵی 1996 بە نیازی گەیشتنە ئەورووپا لە ماڵ چووەتە دەرەوە و لە ئەفریقا گیرساوەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2003ـەوە بێسەروشوێن بووە. برایەکی دەڵێت، دۆزیویانەتەوە لە وڵاتی کینیایە و کار بۆ گەڕانەوەی دەکەن.
سەیفوڵڵا حوسێن، بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا لە تەمەنی 19 ساڵیدا و ساڵی 1996 ناحیەی سەروچاوەی لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین جێهێشتووە و چووەتە وڵاتی کینا لە ئەفریقا، دوای زیاتر لە 20 ساڵ بێسەروشوێن بوون، ئێستا دەرکەوتووە هەر لەو وڵاتەیە.
هونەر حوسێن، برای سەیفوڵڵایە و ئەمڕۆ دووشەممە 16-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانییەوە زانیاریمان دەستکەوت کە براکەمان لە وڵاتی کینیا زیندانی بووە، دواتر ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ براکەم کرد ئازاد کراوە و تەندروستیی باشە".
بەگوێرەی زانیارییەکان، باڵیۆزی کینیا لە عێراق زانیاری لەبارەی ئەو هاونیشتمانییەوە داوە بە بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، ئەویش کەسوکاری سەیفوڵڵای ئاگادار کردووەتەوە.
دوای ئەوەی سەیفوڵڵا حوسێن ساڵی 1996 چووەتە کینیا، پەیوەندی لەگەڵ کەسوکارەکەی هەبووە تاوەکو ساڵی 2003، بە گوتەی هونەری برای، لەو ساڵەوە بێسەروشوێنە، تاوەکو ئەمڕۆ بە ڤیدیۆ قسەی لەگەڵ کردووە.
هونەری برای سەیفوڵڵا دەڵێت: "لە رۆژانی داهاتوودا لە رێگەی باڵیۆزخانەی عێراقەوە هەوڵ دەدەین پاسپۆرت بۆ براکەمان دەربکەین و بیگەڕێنینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ