گرووپێکی چەکدار گوندێکی عەفرین گەمارۆ دەدەن و 15 هاونیشتمانی بریندار دەکەن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
گرووپی سووڵتان سڵێمان شا ئەو چەکدارانەن کە بە چەکدارانی عەمشات ناسراون
گرووپی سووڵتان سڵێمان شا ئەو چەکدارانەن کە بە چەکدارانی عەمشات ناسراون
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گرووپێکی چەکداری نزیک لە تورکیا، گەمارۆی گوندی کاخرێ لە ناحیەی ماباتای سەر بە عەفرین دەدەن و داوا دەکەن، خەڵکی گوندەکە بەڵێنامەیەک واژۆ بکەن، کە ئەو زەوییانەی کاری تێدا دەکەن زەوی بەرپرس و ئەندامانی پێشووی بەڕیوەبەرایەتیی خۆسەرە.
 
گرووپی سووڵتان سڵێمان شا ئەو چەکدارانەن کە بە چەکدارانی عەمشات ناسراون و ئێستا گەمارۆی گوندەکەی سنووری عەفرینیان لە رۆژئاوای کوردستان داوە.
 
رۆژی دووشەممە 16-09-2024 سەرچاوەیەک لە گوندی کاخڕێوە بە رووداوی گوت، لە کاژێر 02:00ـی نیوەڕۆی دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ گوندەکە لەلایەن چەکدارەکانی عەمشاتەوە گەمارۆ دراوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، مالیک جاسم ئەبو سیراج، برای محەممەد جاسم فەرماندەی چەکدارەکانی عەمشات، ماڵی هاونیشتمانییەکی بەناوی ئەندازیار عادل عەبدو داگیرکردووە و لە گوندەکەدا کردوویەتی بە سەربازگە.
 
هۆکاری کێشەکە چی بووە؟
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە خەڵکی گوندەکەی وەرگرتوون، دوێنێ چەکدارانی عەمشات نووسراوێکیان داوەتە دانیشتووانی گوندی کاخڕێ کە واژۆی بکەن.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو زەوییانەی کە کەسوکاریانە لە گوندەکەدا و ئەوان بەکاریدەهێنن، بڵێن زەوی ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن.
 
رووداو زانیویەتی، ئامانجی گرووپەکە ئەوە بووە، هەر کەس نووسراوەکە واژۆ بکات، ئەوان دەستی بەسەردا بگرن بە پاساوی ئەوەی موڵکی کەسانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە و دەبێت لەژێر دەستی ئەواندا بێت، نەوەک کەسوکارەکەیان.
 
لە بەرامبەر داوای گرووپە چەکدارەکەدا، ژنانی گوندی کاخور لەنێوەڕاستی گوندەکەدا گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان بەڕێوەبردووە و رەتیانکردووەتەوە نووسراوەکە واژۆ بکەن.
 
لە وەڵامی ژنانی گوندەکەدا، گرووپی عەمشات هێزێکی 300 چەکداریی رەوانەی گوندی کاخێ کردووە و تەقەیان لە ژنانی ناڕازی و پیاوانی گوندەکە کردووە.
 
سەرچاوەیەک لە ناحیەی شیاوە لە عەفرین بە رووداوی گوت، ئەو چەکدارانەی براونەتە گوندی کاخڕێ لە شیا و گوندی قەرمتلق بوون پێشتر و بە 10 ئۆتۆمبێل گواستراونەتەوە گوندەکە.
 
هەروەها ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤانی سڤیل لە رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی گوت، بەهۆی هێرشی گرووپی عەمشاتەوە حەوت کەس بریندار بوون. بەڵام بە گوێرەی سەرچاوەکانی رووداو، لەو هێرشەدا 15 هاونیشتمانی بریندار کراون و رێگەش نەدراوە ببرێنە نەخۆشخانە.
 
ناوی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکەوە بریندار کراون ئەمانەن: حەسەن رەشید، سەدیقە حەنان، مستەفا حەنان، جەمیل حەنان، زەمزەم سلێمان، نەجاح پیرک، حەموودی موختار، فایەق موختار، فادی مستەفا، محەممەد مستەفا، فەرهاد سەعید، حەموودی جابۆ، محەممەد عیسۆ، جیهان عیسۆ و هەسەن کوردی.
 
مستەفا شێخۆ، چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەکدارەکان پیاوەکانی گوندەکەیان لە نێو قوتابخانەیەکدا راگرتووە و دوای ماوەیەک دوو کەسیان دەستگیرکردوون بە ناوەکانی ئیدریس حاجی عەلی عەبۆ و حەسەن رەشید عیسۆ و رەوانەی بارەگایەکی سەربازیی خۆیان کردوون."
 
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هەردوو گرووپی چەکداریی عەمشات و هەمزات رایانگەیاند، لە گوندی کاخڕێ ناکۆکی لەنێوان خێزانێکی کورد و خێزانێکی عەرەبی هاوردەدا دروستبووە بۆیە هێزیان رەوانەی گوندەکە کردووە.
 
لە بەرامبەردا تەواوی ئەو سەرچاوانەی لە سنوورەکەوە بۆ رووداو قسەیان کردووە، ئەو پاساوە رەتدەکەنەوە و دەڵێن: "هیچ بنەمایەکی راستی نییە".
 
لە تۆمارێکی دەنگیدا کە دەنگی ئەحمەد قاسم، موختاری گوندی کاخڕێیە و بۆ رووداو نێردراوە، داوا لە خەڵکی گوندەکە دەکات نووسراوەکە واژۆ بکەن، کە زەویی کەسوکاریان زەوی ئەو کەسانەن کە ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن و ئەوان بە وەکالەت بە کاریدەهێنن.
 
موختاری گوندەکە دەڵێت، دوایین رۆژیان رۆژی دووشەممە دەبێت بۆ "ئەو کەسانەی واژۆیان نەکردووە واژۆی بکەن".
 
لەمان خەلیل، گوتەبێژی رێکخستنی مافی مرۆڤ لە عەفرین بە رووداوی گوت، دوای دروستبوونی ئاڵۆزییەکە، فەرماندەی چەکدارەکانی عەمشاد بە موختاری گوندەکە و دوو کەسی دیکەی گوتووە، راگەیێندراوێک بڵاوبکەنەوە و بڵێن کێشەی نێوان خێزانە کوردەکە و عەرەبە هاوردەکە چارەسەر کراوە. لەکاتێکدا بابەتەکە "پەیوەندی بەوەوە نەبووە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە