رووداو دیجیتاڵ
25 گەنجی سەرتاش کە خەڵکی چوارقوڕنەن، چوونە کەمپی باسرمە کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و لە رۆژی هەینیدا لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 04:00ـی ئێوارە، سەری زیاتر لە 200 کەسیان چاککرد.
ئەو گرووپە گەنجە پێشتر لە گوندەکان و مزگەوتەکان لە رۆژانی هەینیدا خۆبەخشانە ئەو هەڵمەتەیان کردووە. رێباز فەرحان کە سەرپەرشتیی گرووپەکە دەکات بە رووداوی گوت: "ئێمە بۆ خزمەتکردن و خێری خۆمان ئەم کارە دەکەین. پێشتر لە گوند و مزگەوتەکان ئەم کارەمان دەکرد، بەڵام ئەم جارە بڕیارماندا لەم کەمپە سەری کۆمەڵێک پەنابەر چاکبکەین، بە خۆشحاڵییەوە گەورە و بچووک ئامادەبوون و سەری زیاتر لە 200 کەسمان چاککرد."
وەک رێباز فەرحان دەڵێت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هۆکارێکی دیکە بووە کە لەو کەمپە ئەو هەڵمەتە بکەن، چونکە لە هەموو روویەکەوە یارمەتییان داون. دەشڵێت، "ئەمە وامان لێدەکات پەرە بە هەڵمەتەکەمان بدەین بۆ کەمپەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان."
کەمپی باسرمە دەکەوێتە ناحیەی باسرمەی سەر بە پارێزگای هەولێر لەو کەمپەدا زیاتر لە 300 ماڵی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێن.