رووداو دیجیتاڵ
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە هەولێر لەگەڵ نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەوە و تاوتوێی دۆخى نێوخۆیى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى يه‌كخستنى پێشمه‌رگەیان کرد.
شه‌وی دووشه‌ممه 16-01-2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له برێت مەکگۆرک، نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا كرد كه به ياوه‌ريى شاندێكى باڵاى وڵاته‌كه‌ى سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دوايين پێشهاته سياسييه‌كانى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر - به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى نێوخۆیى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى يه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌یان تاوتوێ كرد.
له كۆبوونه‌وه‌کەدا ئامۆس هۆكستاين، نێرده‌ى سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌مه‌ريكا بۆ ژێرخانى جيهانى و ئاسايشى وزه و ئالينا رۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له عێراق ئاماده‌ی بوون.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مه‌كگۆرک به‌رده‌واميى پشتيوانيى ئه‌مريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێر و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له هه‌موو بواره‌كاندا دووپاتكرده‌وه، به‌تایبه‌تیش له بواری وزه و پاراستنی ئاسایشی وزه‌دا.
لاى خۆيه‌وه، نێچيرڤان بارزانى باسى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی بۆ مەکگۆرک كردووە و رایگەیاندووە، "له‌گه‌ڵ دامه‌زرانى حكومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراق، ده‌رفه‌تێک بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و فيدراڵى هاتووه‌ته ئاراوه، له‌مباره‌يه‌وه هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌موو هاوكارييه‌ک ئاماده‌يه."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گرنگیی پێکه‌وه‌کارکردن بۆ پاراستنی سه‌قامگیری، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه ژماره‌يه‌ک له به‌رپرسان و ڕاوێژكارانى هه‌ردوولا ئاماده‌ى بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ