باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: کێشەکانی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان بە ئابووریی بەهێز چارەسەر دەبن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی بەریتانیا قوربانییەکانی کورد بەراورد دەکات بە قوربانیی وڵاتەکەی لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا و داوا دەکات هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان وڵاتەکەیان جێنەهێڵن و دەڵێت، "کێشەکانی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان بە ئابووریی بەهێز چارەسەر دەبن."
 
شەوی پێنجشەممە، 15-08-2024 ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق مێوانی بەرنامەی بێستوون تۆک-ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات، هیچن وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.
 
دەشنێ شەمسەدیین گەنجێکی گەرمیانی و ئامادەبوویەکی بەرنامەکە بوو، لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پرسی: "لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر پرۆسەی تەعریبکردن لەناوچە جێناکۆکەکان بەردەوامە، ئەگەر تۆ وەکو کوردێک بچیتە ئەو شارانە کاتێک ئاڵایەکی کوردستان نابینیت، ئامادەی بەو شێوەیە لەو شار و وڵاتە بمێنیتەوە یان جێی بهێڵیت و لە وڵاتێکی دیکە ببیتە پەنابەر؟"
 
باڵیۆزی بەریتانیا بە "پرسیارێکی باش" ناویبرد و رایگەیاند: "پێموایە یەکەم وەڵامم ئەوە دەبێت، کە دەبێت بمێنیتەوە، چونکە ئەمە وڵاتی خۆتە و لێرە جێیەکت هەیە. ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو شتێک بە هەر جۆرێک لە جۆرەکان بێ کەموکوڕی بێت. من دەمەوێت لەبارەی داهاتووی عێراقەوە تەواو گەشبین بم، جا ئەوە لەبەر ئەوە نییە کە گرفتەکان لە بەردەممدا نابینم. بە دڵنیاییەوە ئەو خەڵکە لەنێو گرفتدان، کە ئێستا باست کردن. پێموایە ئەمە بەشێکە لەو میراتە قورسەی لە سەردەمی سەدام حوسێندا هەتانبووە."
 
ستیڤن هیچن پێیوایە "بێمتمانەیی" لەنێوان کۆمەڵگەکاندا شتێکە کە لەو سەردەمەوە [سەردەمی سەردام حوسێن] سەرچاوەی گرتووە و چارەسەرکردنی ئاسان نییە. پرسی کەرکووک بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت، کە "پرسێکە چارەسەرکردنی زۆر قورسە." گوتیشی: "بە درێژایی هەموو ناوچە کێشەلەسەرەکان، موسڵ، دیالە و کەرکووک، کێشەی زۆر قورسن و ئێمە و هەر وڵاتێکی دیکە بە دەستیانەوە زەحمەتیمان کێشاوە و ئێوەیش بەهەمان شێوە، هەر لەو کاتەوەی کۆمەڵگەکەتان تاوەکو ئاستێک تراومایەکی ناخۆشی ئەزموون کردووە."
 
"کاریگەریی ئەو تراوما ناخۆشەش ئەوەیە کە بە لاتانەوە سەختە متمانە بە یەکدی بکەن. لەبەر ئەوەی ئەو ئازارەتان لە کۆمەڵگەکەتاندا هەیە، تەواو بۆتان سەختە متمانە بە دەرەوەی بازنەکەتان بکەن." باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق وای گوت. 
 
ستیڤن هیچن جەختی لەوەکردەوە کە بەلایەوە "سەختە" بۆ خەڵکی وڵاتەکەی روونبکاتەوە کە کورد بە چیدا تێپەڕیوە و دەڵێت: "تەنیا دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ جەنگی یەکەمی جیهانی، کە ئەوە دوایین جار بوو وڵاتەکەم هەستی بەو ئازارە کرد، کە ئێوە تێیدا بوون. ئەوەش دۆخێکی زۆر جیاوازە، چونکە ئێمەش لەو شەڕەدا ملیۆنێک کەسمان لە دەستدا. بەڵام یەکەم، بردمانەوە. دووەم، شەڕەکە دژی بیانییەکان بوو. شەڕی ناوخۆیی نەبوو. ئێمە لە لایەن کەسێکەوە نەچەوسێنرابووینەوە. ئەوە تاکە بەراوردێکە کە دەتوانم بۆ روونکردنەوەی ئەوە بیهێنمەوە."
 
ئابوورییەکی بەهێز چارەسەری کێشەی کوردە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەمە بەپێی گوتەی باڵیۆزی بەرتانیا و دەڵێت: "چارەسەری ئەم پرسانە زۆر سەختە و من ناتوانم بڕیاریان لەسەر بدەم. من وەک باڵیۆزی بەریتانیا ناتوانم بڵێم ئەمە چارەسەری سیاسییانەی تەواوەتییە بۆ کێشەی دیالە یان کەرکووک. هەموو ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە پێموایە ئەگەر ئابووریی باشتر ببێت، دەکرێت ئەمە بە تێپەڕبوونی کات باشتر ببێت."
 
هیچن ئەو ئەزموونانەی خەڵکی وڵاتەکەی پێیدا تێپەڕیون وێنا دەکات بە ئەزموونەکانی کورد پێیدا تێپەڕیوە و باس لەوە دەکات کە "لە ئەزموونی خۆمانەوە لەگەڵ دۆخێکی وەک ئەمەدا تاکە شتێک دەتوانم بە نموونەی بهێنمەوە و بەراوردی بکەم بریتییە لە سەختییەکانمان لەگەڵ ئێرلەندای باکوور کە بۆ چەندین ساڵ، بۆ دەیان ساڵ، دوو کۆمەڵگەمان کە بەهۆی ئایینەوە دابەش بووبوون، لەسەر هێما شوناسی و ئایینییەکان پەلاماری یەکدییان دەدا. خۆپێشاندان دەکرا و رووداوەکانی 300 ساڵ لەمەوبەر بەبیردەهێنرانەوە و شەڕیان دەکرد."
 
"لە ماوەی تەمەنی مندا سێ هەزار کەس لە بەریتانیا بەهۆی ئەو رووداوەوە [کێشەکانیان لەگەڵ ئێرلەندای باکوور] مردوون. ئەوە چارەسەر نەبووە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە بە جۆرێک لە رێککەوتن گەیشتوون کە رێککەوتنێکی بێکەموکوڕی نییە، رێککەوتنێکی هەمیشەیی نییە، بەڵام رێی داوە کە ئابووری دیسانەوە بکەوێتەوە گەڕ. ئینجا هەر کە ئابووری کەوتەوە گەڕ، ئیدی دەرفەت بۆ خەڵک دەڕەخسێت کە نەبنە بەشێک لە میلیشیا و کۆمەڵە تیرۆریستییەکان، بەڵکو بەشێک بن لە بوونیاتنانی ژیان لەنێو ئەو کۆمەڵگەیەدا." لە درێژەی وەڵامەکەیدا باڵیۆزی بەریتانیا ئەمەی گوت.
 
باڵیۆزی بەریتانیا گوتی: "تائاستێکی زۆر ئابووری ئەو شتەیە کە دەتوانێت ئەم کێشانە باشتر بکات. جا با بگەڕێمەوە سەر ئەو قسەی کە گوتم، دەبێت بمێنیتەوە، چونکە ئەمە وڵاتی تۆیە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: رەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچە رەوانە بکرێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 7ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.