گالەری

رووداو دیجیتاڵ

هۆڵی پێشەوا لە هەولێر، ئەمڕۆ (شەممە، 15-7-2023) پڕ بوو لە گەنجی کارامە، ئەوانەی باسی ئەزموونی سەرکەوتنی خۆیان و سەرکەوتن بەسەر بەربەستەکانیان دەکرد، یان ئەوانەی هاتبوون لەو رۆژەدا سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرن.
 
رۆژی 15ـی تەممووزی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو رۆژی جیهانیی کارامەیی گەنجان دیاریکراوە، بەو ئامانجەی پلانی ستراتیژی دابنرێن بۆ بەهێزکردنی توانای گەنجان و دروستبوونی توێژی گەنجی کارامە لە کۆمەڵگەکاندا، لە هەرێمی کوردستانیش گرووپی زۆنی کوردستان چالاکییەکی لەمڕۆژەدا لە هۆڵی پێشەوا، لە هەولێر بەڕێوەبرد.
 
لەو ئیڤێنتەدا لە پانێڵێک چوار گەنج باسی ئەزموونی خۆیان و سەرکەوتنی خۆیان کرد، هەروەها گرووپێکی میوزیکیی گەنجان لە سلێمانییەوە هاتبوون و بۆ یەکەمجار لەسەر ستەیج، بەرامبەر ئامادەبووان میوزیکیان ژەنی و گۆرانیان گوت.
 
وەیلان کەیفی، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی گرووپی زۆنی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ چالاکییەکەی ئەمڕۆمان، ئیدریس نێچیرڤان بارزانیمان بانگهێشت کرد، لەبەرئەوەی بەردەوام پاڵپشتی لە تواناکانی گەنجانی هەرێمی کوردستان کردووە، ئەویش بانگهێشتەکەی قبووڵكردین و تاوەکو کۆتایی چالاکییەکە لەگەڵماندا مایەوە".