کشتوکاڵی دهۆک: چوار سایلۆمان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئامادەن

15-05-2024
هیدایەت جان
وێنەیەکی ئەرشیڤیی کاتی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
وێنەیەکی ئەرشیڤیی کاتی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و سایلۆکانی پارێزگای دهۆک دەڵێت، پێشتر سێ سایلۆ لە دهۆک گەنمیان لە جووتیاران وەردەگرت، بەڵام ئێستا نووسراویان بۆ بەغدا کردووە بۆ ئەوەی لە سایلۆی رۆڤیاش گەنم وەربگیرێت.
 
رۆژی چوارشەممە (15ـی ئایاری 2024) نازم محەممەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و سایلۆکانی پارێزگای دهۆک میوانی بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوار جەلالەددین پێشکێشی دەکات و گوتی "پێشبینی دەکەین ئەمساڵ 719 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای دهۆک بەرهەمبێت."
 
ئەمساڵ سایلۆکانی زاخۆ، فایدە و شێخان دەستنیشانکراون بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، نازم محەممەد دەڵێ "سایلۆی رۆڤیاش ئێستا ئامادەیە و بە نووسراو داوامان لە بەغدا کردووە لەو سایلۆیەش گەنم لە جووتیاران وەربگرین."
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕی ئەو گەنمە دەستنیشان دەکات، کە لە جووتیارانی وەردەگرێت. نازم محەممەد گوتی "پێشتر لیژنەیەک لە بەغداوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و رۆژی 12ـی ئایاریش لیژنەیەکی هەرێمی کوردستان بڕیاربوو سەردانی بەغدا بکات بۆ دیاریکردنی بڕی گەنمی وەرگیراو، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ رۆژی دووشەممە، 20ـی ئایار." 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە ئەمساڵ سەرجەم ئەو گەنمەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە، لە سایلۆکان وەربگیرێت. بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای دهۆکیش دەڵێت؛ "لە کۆبوونەوەی 20ـی ئایار پێداگری لەسەر داخوازییەکان دەکەین و دەمانەوێ هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت."
 
ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاریداوە تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەربگیرێت، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای دهۆکیش باس لەوە دەکات، هەموو ئامادەکارییەکانیان لە سایلۆکان کردووە و چاوەڕوانی بڕیاری وەرگرتنی گەنمی جووتیارانن.
 
ساڵانی رابردوو لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرابوو بۆ وەرگرتنی گەنمەکانیان لە سایلۆکانی دهۆک، نازم محەممەد دەڵیت"شەممەی داهاتوو (17-5-2024) کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ پارێزگاری موسڵ هەیە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ ئەو جووتیارانە بکرێت و بتوانن لە سایلۆکانی پارێزگای موسڵ گەنمەکانیان رادەست بکەن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."