رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفر و باران سەرجەم پارێزگاکانی باکووری کوردستان گرتووتەوە و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. شەپۆلەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
سێ رۆژە لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەفر دەبارێت. لە بەشەکانی دیکەشیدا لێزمە و نمەباران بەردەوامە. ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، وان، بەدلیس، ئاگری، قەرس، ئەردەخان، ئەرزەڕۆم، ئەرزینگان و دێرسم بەفر دەبارێت و با و بۆران هەڵیکردووە و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
هەر ئەمڕۆ لە 15 پارێزگای دیکەی باکووری کوردستان لێزمە باران دەبارێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، پلەی گەرما بە کاتی رۆژ لەو پارێزگایانەی بەفر تێیاندا دەبارێت بە تێکڕا 1 پلەی سلیزییە و شەو بۆ 4 پلەی ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت. هەروەها خێرایی با بە گشتیی لەنێوان 65-80 کم دەبێت لە کاژێرێکدا.
بەهۆی بەفربارین و سەرماوسۆڵە، گژوگیا و درەختەکانی پارێزگاکانی ئەردەخان، ئەرزینگان و ئاگری زوقمیان گرت و رێگەکان بەستوونی.
بەڕێوەبەرایەتییەکە پێشبینی دەکات، بەفربارینەکە تاوەکو 17ـی مانگ بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ