رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر دەڵێت، زیاتر لە دوو ساڵە داوایان کردووە تەکسی کارەبایی و هایبرێد هاوردەبکرێن.
چەند هاونیشتمانییەک کە شۆفێری تاکسین، پەیوەندییان بە بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداوەوە کرد و دەڵین: "لەساڵی 2014ـەوە هیچ ئۆتۆمبێلێکی تاکسی هاوردە نەکراوە. ئۆتۆمبێلەکانمان کۆن و ماندوو بوون و پێویستیان بە گۆڕینە؛ داواکارین حکومەت رێگەبدات بە هاوردەکردنی تاکسی".
ئەندازیار عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار) کە رۆژانە محەممەد رەحیم پشکێشی دەکات، باسی لە هاوردەکردنی تاکسی و گرفتەکانی سێکتەری گواستنەوە کرد.
بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر گوتی: "لە ساڵی 2014ـەوە هاوردەکردنی تاکسی راگیراوە، واتە نزیکەی 11 ساڵ تاکسی هاوردە نەکراوە. لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار شۆفێران داوایان ئاراستەی ئێمە کردووە و ئێمەش دوو ساڵ زیاترە لە رێگەی وەزارەتی گواستنەوەوە داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە ئۆتۆمبێلی تاکسی هاوردە بکرێت".
بەگوتەی عەبدولخالق عەلی، ئێستا لە جیهاندا ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرێد لەبرەودان، بۆیە ئەوانیش داوایان کردووە ئەو تەکسییانەی هاوردە دەکرێن دۆستی ژینگە بن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 75 هەزار تاکسی هەن کە 33 هەزاریان تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێرن.
بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر دەڵێت: "بەشی زۆری تاکسییەکان کۆن بوون، زۆری ژمارەی تاکسییەکانیش رۆڵیان لە پیسکردنی ژینگە هەیە؛ پێویستە تاکسییەک هاوردە بکرێت دۆستی ژینگە بێت. ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان گومرگی لەسەر ئۆتۆمبێلی هایبرێد کەمکردووەتەوە و هەندێ جۆری باجی لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەباییش لابردووە".
بەگوتەی عەبدولخالق عەلی، وەزارەتی ناوخۆ سەرقاڵی ئەوەیە جۆری ئۆتۆمبێل و تایبەتمەندی و قەبارەیان دیاری بکرێت بۆ هاوردەکردنیان وەک تەکسی.
عەبدولخالق عەلی گوتیشی، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 5 هەزار تاکسی لە هێڵەکانی دەرەوەی شار کاردەکەن؛ شۆفێرانیش داواکاری زۆر دەکەن بۆ گۆڕینی ئۆتۆمبێلەکانیان.
لەبارەی کردنەوەی هێڵی نوێ لەنێو شاری هەولێر بۆ ئەو گەڕەکانەی هێڵیان نییە، بەڕێوەبەری گواستنەوە دەڵێت: "لە هەوڵداین بۆ کردنەوەی هێڵی نوێ بۆ چەند شوێنێکی هەولێر، وەک گوندی کۆری، زین سیتی و لای بەستۆرە. داوامان لە وەزارەتی گواستنەوە کردووە رەزامەندی پیشان بدات".
لەبارەی دانانی تاکسی میتەریش ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتی گواستنەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە چۆن تەکسی میتەر بۆ تەکسییەکان دابنرێت، بە جۆرێک کە گونجاو بێت و لەگەڵ سەردەمەکەدا بگونجێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ