وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەم بارانە سوودی بۆ گەنم دەبێت

15-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوو رۆژە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، بارانەکە سوودی دانەوێڵەی چێندراوی هەموو هەرێمی کوردستان هەیە و بڕی بەرهەمی گەنم زیاد دەکات
 
ئەمڕۆ سێشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "ئەمڕۆ لە سەرجەم ناوچەکان باران دەبارێت. هەندێک کات لێزمەباران و ئەگەری هەورە برووسکە و بارینی بەفر لەسەر لووتکەی  چیا بەرزە سنوورییەکانیش هەیە".
 
تاوەکو ئەمڕۆ جگە لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بەهۆی کەم بارانییەوە لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک مەترسی وشکەساڵی و لەنێوچوونی گەنم هەیە.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەولێر و دهۆک هەموو گەنمێک لەنێو نەچووە. گەنم هەیە گەشەی نەکردووە، هەیە درەنگ چێندراوە و هەشە ئاودانی پێویستی نەبووە، بۆیە بارانەکە بۆ کشتوکاڵ و بووژانەوەی زەوی لە دهۆک و هەولێریش زۆر پێویستە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "وشکەساڵی رەهەندی زۆرە و تەنیا دانەوێڵە نییە. تاوەکو نێوەڕاست و مانگی داهاتوو بەهۆی توانەوەی بەفر و بەردەوامیی بارانەوە ئاو گل دەدرێتەوە، کشتوکاڵی زستانەش سوود لە بەردەوامیی ئەم بارانە نەبینێت، ناوچە شاخاوییەکان سوودی لێ دەبینین و بۆ ئاوی ژێرزەویش گرنگە".
 
بە گوتەی هیوا عەلی، بەهۆی کەم بارانییەوە لە سنووری هەولێر و دهۆک بەشێک لە جووتیاران دەستبەرداری زەوییەکان بوون؛ "هەیە ئاژەڵی تێکردووە و هەیە کردوویەتی بە پەرێز، بەڵام بە گشتی ئێستا باران پێویستە و ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم بەرز دەکاتەوە".
 
کەشناسێک: خۆڵبارین هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە
 
دوو رۆژە خۆڵبارین بەشێکی پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو خۆڵبارینەی پارێزگاکانی عێراق ناگاتە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و لێرە دۆخەکە ئاسایی دەبێت".
 
لە راگەیێندراوەکەی کەشناسیی هەرێمی کورستاندا ئاماژە بە کەشوهەوای سبەی چوارشەممە کراوە و هاتووە: "ئاسمان نیمچەهەور دەبێت. ئەگەری نمەبارانی کەم لە بەشێکی ناوچە شاخاوییەکان هەیە".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما 5 بۆ 7 پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە. هەروەها سبەی پلەی گەرما بەمشێوە دەبێت:
 
هەولێر: 15°
سلێمانی: 17°
دهۆک: 12°
کەرکووک: 18°
زاخۆ: 13°
هەڵەبجە: 16°
سۆران: 11°
حاجی ئۆمەران: 6°
گەرمیان: 21°
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە