رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە عومرەکارێکی دانیشتووی دهۆک دوای مانگێگ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ لە شاری مەککە کۆچی دواییکرد.
رۆژی شەممە، 15ـی ئاداری 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عومرەکارێکی دانیشتووی پارێزگای دهۆک کە بە مەبەستی عومرە سەردانی سعودیەی کردبوو، دوای بەجێگەیاندنی سوننەتی عومرە تووشی جەڵتە دەبێت و دوای مانگێک مانەوە لە نەخۆشخانە ئەمرۆ کۆچی دواییکرد."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێت، "لەو ماوەیەی لە نەخۆشخانە بووە، بەردەوام لەلایەن نووسینگەی دهۆکی حەج و خاوەن کۆمپانیاکە چاودێری کراوە."
ئەو عومرەکارە ناوی ئەحمەد حەسەن محەممەدە و تەمەنی سەرووی 70 ساڵە. کاروان ستوونی گوتی، "دوای وەرگرتنی رەزامەندی خانەوادەکەی لە شاری مەککە بەخاک دەسپێردرێت."
ئەحمەد حەسەن حەوتەم عومرەکاری باشووری کوردستانە کە ئەمساڵ لە سعودیە کۆچی دوایی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ