رووداو دیجیتاڵ
هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەشتەکانی عومرەی لە فڕۆکەخانی کەرکووک هەڵوەشاندەوە. گوتەبێژی فڕۆکەخانەکە دەڵێت، بڕیارەکە لەناکاو بووە و دوێنێ کاروانێکی عومرەکاران نەیانتوانیوە گەشت بکەن.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەمڕۆ چوارشەممە هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی پشتڕاستکردەوە، ئەوەشی گوت کە دوێنێ بڕیاربوو هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەشتێک بۆ گواستنەوەی کاروانێکی عومرەکاران بۆ شاری مەدینەی سعودیە بکات، بەڵام "بە هۆکارێکی نادیار و لە ناکاو" گەشتەکەی هەڵوەشاندەوە.
هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە فڕۆکەخانەی کەرکووک خشتەیەکی دیاریکراوی بۆ گەشتەکانی عومرە نییە، بەگوێرەی گەشتیاران گەشت لە فڕۆکەخانەکە رێکدەخات.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەکە دەڵێت، عومرەکاران تیکتی فڕۆکەیان بڕی بوو، بڕیار بوو دوێنێ گەشتەکەیان بکەن، بەڵام لەلایەن کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە و کۆمپانیاکانی حەج و عومرە ئاگادارکرانەوە کە گەشتەکە هەڵوەشاوەتەوە، دەتوانن لە فڕۆکەخانەیەکی دیکە گەشتەکەیان بکەن.
بڕیارەکە بەبێ روونکردنەوە بووە، بۆیە ناڕەزایی عومرەکاران و کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی لە کەرکووک لێکەوتەوە. دوێنێ لە بەردەم فڕۆکەخانەی کەرکووک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست.
بەگوتەی هەردی سەمەد، ئێستا خەڵکێکی زۆر لە کەرکووک گەشتی عومرە دەکەن و دەیانەوێت لە فڕۆکەخانەی کەرکووک گەشتەکەیان بکەن.
فڕۆکەخانەی کەرکووک لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە کراوەتەوە و یەکەم گەشتی نێودەوڵەتیی فڕۆکەخانەکە لە هەمان مانگدا بۆ تورکیا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ