رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە چەندین مووشەکی بالیستی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هێرشکراوەتە سەر هەولێر و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر، هەر زوو سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
شەوی سێشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "کاتژمێر 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکەش، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە: "بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە."
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان زانیارییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی رەتکردووتەوە و رایگەیاندووە: "سوپای پاسداران رایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. ئەم بیانووە بێ بنەمایە و رەتی دەکەینەوە، بەداخەوە هەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بەکار دێنن و هەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر هیچ کات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێک.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی هەرێم و عێراقە و پێویستە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن."
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو تۆمەتانەی ئێرانی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە هیچ بارەگایەکی مووساد لە هەرێمی کوردستان نییە.
ئەوە دووەمجارە ئێران بە مووشەک هێرش دەکاتە سەر ماڵی کەسانی سڤیل. رۆژی 13-03-2022 ئێران بە 12 مووشەک هێرشیکردە سەر ماڵی سەرمایەداری کورد شێخ باز بەرزنجی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ