خانەنشینی پێشمەرگە: پێویستە بەر لە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی، مووچەی پێشمەرگە هاوتا بکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
چەند هێزێكی پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
چەند هێزێكی پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە دەڵێت، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە لەگەڵ عێراق رێکاری زۆر وردی پێویستە و کاتێکی زۆر دەخایێنێت. دەشڵێت: ''چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانین کە ئایا هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە دەکرێت یان نا.''
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 14-10-2024، فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند: ''هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە لەگەڵ خانەنشینی هێزی عێراقی کۆمەڵێک رێکاری کارگێڕی و تەکنیکیی زۆر وردی پێویستە".
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پابەند کرد. فەتحوڵڵا عومەر گوتی، یاسای خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازییەکی زۆریان هەیە و ئەمەش کاریگەری لەسەر تەواوکردنی پڕۆسەکە دەبێت.
 
فەتحوڵڵا عومەر ئاماژەی بەوە کرد، بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە لەگەڵ عێراق، چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانن.
 
بەگوێرەی یاسای عێراق، ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، مووچەیان لە 200 هەزار تاوەکو 499 هەزار بێت، دەبێتە 500 هەزار و 100 هەزاری پشتیوانیش وەردەگرن و دەبێتە 600 هەزار دینار. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە گوتی، ''ئەو خانەنشینانەی پلە باڵا بوون، لە پلەی موقەدەمەوە بەرەوژوور، لە یاسا نوێیەکە زەرەرمەند دەبن''. 
 
فەتحوڵڵا عومەر هۆکاری زەرەرمەندبوونی خانەنشینانی پێشمەرگە بە پلەی باڵا لە یاسا نوێیەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لەو یاسایەدا دەرماڵەی تایبەت بە بڕوانامە، زۆر کەمترە لە یاسای خانەنشینیی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لە یاسای هاوتاکراودا دەرماڵەی مەترسی، ژن و منداڵ نییە. 
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە دەڵێت: ''پێویستە بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینیی پیشمەرگە، سەرەتا مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ [هێزی سەربازی] حکومەتی عێراقی هاوتا بکرێت.''
 
فەتحوڵڵا عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ هاوتاکردنی مووچەکانیان، پێویستە کۆی دۆسیەی خانەنشینان بگەڕێندرێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە، سەرلەنوێ فەرمانیان بۆ دەربچێت و بەپێی یاسای ژمارە 9ـی یەکگرتوو کاریان لەسەر بکرێت کە "ئەمەش زیاتر لە ساڵێک کاتی پێویستە''.
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە گوتی، تەنیا پلەباڵاکان لە یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراقی زەرەرمەند دەبن و ئەوانەی مووچەکانیان کەمە لێی سوودمەند دەبن.
 
بەگوتەی فەتحوڵڵا عومەر، هاوتاکردنی مووچەی ئەو پیشمەرگانەی بەر لە ساڵی 2014 خانەنشین کراون، ئەستەمە، ''چونکە ئەوکات نە فەرمانی دامەزراندنیان هەبووە، نە فۆرمی دوایین مووچە بۆ خانەنشینی، ئەوان لە شاخ بوون و تەنانەت بەشێکیان مووچەشیان نەبووە''. 
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، دەبێ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە بە چەند بەش بکرێت، ''پیشمەرگە دێرینەکان جیا بکرێنەوە و مووچەیەکی گونجاویان بۆ دیاری بکرێت، ئەوانەی کە یاساکەش دەیناگرێتەوە، بەپێی یاساکە رێکاریان بۆ هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ بگیرێتەبەر.''
 
''کێشەی خانەنشینانی ‌هێزەکانی 70 چارەسەر کرا''
 
خانەنشینانی یەکەی 70 ژمارەیان زیاتر لە 9000 کەسە و مووچەی مانگانەیان نزیکەی 4 ملیار دینارە. وەزارەتی دارایی 22ی تەممووز رایگەیاند: "مووچەی ئەو خانەنشینانە تاوەکو ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری."
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە گوتی، کێشەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران چارەسەر کرا و ئێستا دۆسیەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەیە. گوتیشی، ''ئەمڕۆ دووشەممە دەستمان بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ خانەنشینانی هێزەکانی 70 لە بانکی TBI کردووە."
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و زیاتر لە 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
 
 
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی لە بانگەشەی پارتی لە سلێمانی.

نێچیرڤان بارزانی بۆ خەڵکی سلێمانی: بۆ یەک جاریش بێت، پارتی تاقی بکەنەوە

رۆژی دووشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی لە بارەگای ئەنجوومەنی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی بۆ پاڵپشتیکردن لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە بوو.