بۆ خوێندنی ساڵی نوێ کتێب بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا دابەش دەکرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئامادەکارییەکانیدایە بۆ خوێندنی ساڵی 2024-2025 و کتێبی بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا دابەشکردووە.
 
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتەکە، بۆ خوێندنی ساڵی نوێ، 42 باڵەخانەی نوێ بۆ قوتابخانە و باخچەکان دروستکراون و ئەم مانگە و مانگی داهاتوو دەکرێنەوە.
 
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، 152 باڵەخانەی دیکەی نوێ لە ساڵی رابردوو لە کابینەی نۆیەم دروستکراون.
 
بە گوێرەی وەزارەتی پەروەردە، ئەو 194 باڵەخانەیەی لە کابینەی نۆیەمدا دروستکراون، لەسەر بودجەی حکومەت، پرۆژەکانی وەبەرهێنان، بەخشەرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بووە.
 
"ئامادەکارییەکان 100% تەواوکراون"
 
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان 25ـی ئەم مانگەی بە رۆژی دەستپێکی خوێندن دیاریکردووە.
 
رێباز مەسعود، بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەهەندی بنەڕەتی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ دابەشکردنی کتێب زۆر باشە و رێژەی 100%ـە و کتێبی پێویست دراوەتە قوتابخانەکان".
 
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دروستکردنی باڵەخانە بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە هەموو شارەکاندا بووە. هاوکات لە چەند قوتابخانەیەکی پێشتریش ژووری نوێ دروستکراوە.
 
بە باڵەخانە نوێیەکان و زیادکردنی ژوورەکانەوە، بەراورد بە پار، ئەم ساڵ شوێنی 100 هەزار قوتابی زیاتر ئامادە کراوە. ئەمەش بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان.
 
13ـی ئەیلوولی 2023، ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، ملیۆنێک و 633 هەزار و 125 قوتابی لە هەرێمی کوردستاندا لەو ساڵەدا خوێندوویانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە