رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، پەرلەمانی کوردستان کۆنابێتەوە تاوەکو کۆبوونەوەی داهاتوو لەبارەی بودجە و مووچە نەبێت.
د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەی داهاتوویان لەبارەی پرسی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
لەبارەی پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان کە 1ـی تەمووزی هەموو ساڵێک دەستپێدەکات، رێواز فایەق دەڵێت ''ئەمساڵ پشوو نییە."
ئەگەرچی سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بە رۆژی کۆبوونەوەکە نەکرد، بەڵام بە گوتەی خۆی، هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکە ناکرێت تاوەکو لەسەر پرسی مووچە و بودجە دانیشتن نەکەن و ئێستا ئامادەکاریی بۆ دانیشتنەکە دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 14-6-2021 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی لیژنەی باڵای چاکسازییەکانی حکومەت سەردانی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان بکەن و وەڵامی پرسیارەکانی لیژنەکەنە لەبارەی هۆکارەکانی بەردەوامی لێبڕینی مووچەی مووچەخۆران بدەنەوە و راپۆرتێکیش لەو بارەیەوە بدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
عومەر گوڵپی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بە (رووداو)ی راگەیاندبوو، هاتنی وەزیری دارایی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لیژنە پەرلەمانییەکەیە لەگەڵ چوار وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وەزیری دارایی دوایینیانە.
عومەر گوڵپی گوتیشی: "رێژە و ژمارەکان ئەوە دەردەخەن کە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسستی بەڕێوەدەچن و یاسای چاکسازی وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێت، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە پێشتر بۆ بەدواداچوونی هۆکارەکانی و کۆمەڵێک پرسی دیکە لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ، پێشمەرگە، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆبووینەوتەوە کە لەگەڵ هەموویان سەرۆکی لێژنەی چاکسازی ئامادەبووە، بەیانیش کۆتایی پێدێت".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەدەدات لە خانەنشینی نایاسایی و پاسەوانی و هێزی پێشمەرگە هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنراوە و چاکسازییەکان لەمبارەیەوە لە سفرەوە نزیکن، سەبارەت بە کاروباری شەهیدانیش چاکسازییەکان لەنێوان 4٪ بۆ 12 ٪ دەبێت، چاکسازییەکانی وەزارەتی ناوخۆش ئەوەیە تەنیا رێنماییەک دەرچووە و یەکەیەک دروستکراوە، هیچ پاسەوانێک رێکنەخراوەتەوە، بۆیە لەم وەزارەتەش رێژەکە لە سفرەوە نزیکە، "بۆیە بەگشتی رێژەی چاکسازییەکان و جێبەجێکردنییان زۆر زۆر کەمە".
بە گوتەی عومەر گوڵپی، کۆبوونەوەکانی لێژنەکەیان لەگەڵ ئەو چوار وەزیرەی حکومەت لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانە، بۆیە لەپاش تەواوبوونی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی، راپۆرتێک لەبارەی کۆبوونەوەکانییانەوە لەگەڵ وەزیرەکان دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.
لە چەند کۆبوونەوەیەکی رابردووی پەرلەمانی کوردستان گرژی و دەمەقاڵی لەنێوان پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دروستبووە. بەهۆی ئەوەی کە پەرلەمانتاران داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە لێبڕینی مووچەیان کردووە، "بەڵام پەرلەمان وەڵامیان ناداتەوە."
لە کۆبوونەوەی رۆژی 25ی ئایاری پەرلەمانی کوردستان، کە خاڵی سەرەکی لەسەر کوشتن و خۆکوشتن بوو، مشتومڕێکی گەرم لەبارەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروستبوو، پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پرسە یەکتریان تۆمەتبارکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ