رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما نزیکەی 7 پلەی سیلیزی دادەبەزێت و چوارشەممەش زیاتر دادەبەزێت. شارەزایەکی کەشوهەوا و کشتوکاڵ دەڵێت، ئەم دوو رۆژە باران دەبارێت و سوودی بۆ ئەو ناوچانە دەبێت گەنمیان لە گەشەدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هاووڵاتییان بەگشتی و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و دەڤەری باڵەکایەتی ئاگادار دەکەینەوە لە نزمبوونەوەی پلەی گەرما، بە جۆرێک کە بەرەبەیانی چوارشەممە بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت و لە هەندێک ناوچە دەبێتە 6 پلە لەژێر سفر."
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆوە، کەشناسی رایگەیاند، "پاشنیوەڕۆ نمەباران لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت. کاتەکانی ئێوارە لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ تاوەباران و برووسکە دەگۆڕێت، تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ناوبەناو بەردەوام دەبێت."
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە، کەشناسی دەڵێت:، ئاسمان "هەوری باراناوی دەبێت لە تەواوی ناوچەکان و نمەبارانی ناوبەناو دەبارێت."
لوقمان موفتی، پسپۆڕ لە سیاسەتی کشتوکاڵی و شارەزای کەشوهەوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ و سبەی جگە لە دابەزینی پلەی گەرما، بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆیەکەوە باران لە زۆرینەی هەرێمی کوردستان دەبارێت."
بە گوتەی لوقمان موفتی، بارانی زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت بەراورد بە سەنتەری چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
ئەو پسپۆڕەی سیاسەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەم شەپۆلەی بارانبارین کرد و گوتی، "بارانەکە سوودی باشی بۆ ئەو ناوچانە دەبێت کە چەند رۆژی رابردوو بارانیان لێ باریوە و بە ناوچەی بارانی مسۆگەر دەژمێردرێن، بەڵام بۆ زۆرینەی دەشتەکانی هەولێر، دهۆک و گەرمیان کە گەنمیان خەریکە لەنێو دەچێت، هیچ سوودێکی بۆ دانەوێڵە نابێت."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ 3 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزێت؛ سبەی بەراورد بە ئەمڕۆش 4 بۆ حەوت پلەی سیلیزی دادەبەزێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان نزمترین پلە بۆ سفر پلەی سیلیزی دادەبەزێت لە شەودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ