رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی 15 کەسی لە پەرلەمانتار و سیاسەتڤانانی بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، دەڵێن، ئەوەی "بیستبوومان و ئەوەی بینیمان، دوو دنیای تەواو لێک جیاوازە و سەرسامین پێی."
لە قۆناخی یەکەمی سەردانەکەیاندا کە هەفتەیەک دەخایێنێت، شاندەکە چوونە پەرلەمانی کوردستان. ئەندامانی شاندەکە سەرسامیی خۆیان بە ئەزموونی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان نیشان دا.
دەیڤد واتس، ئەندامی پارتی کرێکاران لە ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند، "زۆر سەرسامم بەوەی لێرە روو دەدات، چونکە ئێرە لەم بەشەی جیهاندا شتێکی بێوێنەیە. شێوازی گشتگیریی حکومەت و لەخۆگرتنی هەموو پێکهاتە و باوەڕە ئایینییەکان بۆ من و گرووپەکەمان شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە. دەمانەوێت بزانین چۆن بەرەوپێش دەچێت، یان ئایا دەکرێت لە شوێنەکانی دیکەی ناوچەکەش پەیڕەو بکرێت."
ئیبراهیم دۆگوش، خەڵکی باکووری کوردستانە و ماوەی 25 ساڵە ئەندامی پارتی کرێکارانی بەریتانیایە، تاکە کوردی نێو شاندەکەیە. ئامانجی سەردانەکەیان بەدەستهێنانی پشتگیریی زیاتری بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپایە بۆ دۆزی کورد.
شاندەکە لە سەردانە یەک هەفتەییەکەیاندا، جگە لە هەرێمی کوردستان، سەردانی رۆژئاوای کوردستانیش دەکەن.
جۆن لامۆنت، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند، "ئەمە ئەزموونێکی فێرکەرە. ئێمە دەزانین کە گۆڕانکارییەکی زۆر لە ناوچەکە و بەتایبەت لەم وڵاتەدا روودەدات. ئێمە چەندین دیمەنی تۆقێنەری چەوساندنەوەی خەڵکمان بینیوە. پێویستە هیوادار بین کە لە داهاتوودا خەڵک جارێکی دیکە بەم دۆخەدا تێنەپەڕن. پێویستە و پێمان خۆشە ببینە بەشێک لەو گۆڕانکارییە ئەرێنییە."
لوکاس سپیەر، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا بە رووداوی راگەیاند، "من پێم وایە کورد لە عێراق و سووریا پابەندبوونێکی تەواویان بە دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ئازادیی تاکەکەسییەوە نیشان داوە. زۆر ئەستەمە لە ناوچەکانی دیکە شتی وا ببینین و ئێمە دەمانەوێت پشتگیریی خۆمان بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی دەرببڕین."
پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا لە ساڵی 2024، لە کۆی 650 کورسی توانی 411 کورسی بەدەستبهێنێت و دوای 14 ساڵ ئۆپۆزیسیۆن بوون، گەڕایەوە سەر دەسەڵات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ