رووداو- سلێمانی
یەكێتی نیشتمانیی كوردستان هێشتا دەستبەرداری بەرهەم ساڵح نەبووە و بەهیوایە بگەڕێتەوە. لەوەتەی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی نەخۆشكەوتووە، چەند جارێك داوای گەڕانەوەی لێكراوە. ئەوە لە كاتێكدایە كە زیاتر لە دوو مانگە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی لە مەكتەبی سیاسی یەكێتییە.
یەكێتی هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی حیزبەكە بگەڕێتەوە. فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ئەو هەوڵانە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێ "ئەوە یەكەمجار نییە هەوڵی گەڕانەوەی بدرێ".
ئەسەسەرد دەڵێ ئاگاداری ئەوەیە چەند جارێك سەركردەكانی یەكێتی چوونەتە لای بەرهەم ساڵح و داوایان لێكردووە بگەڕێتەوە نێو یەكێتی "هەندێك گۆڕانكاریش هەن بۆ ئەوەی پیشان بدرێن كە پێویستە ئەو بگەڕێتەوە، چونكە ئێستا دۆخی نێو یەكێتی و نێوخۆی كوردستانیش وەك ئەو كاتە نین كە ئەو دووركەوتەوە، بەڵام هێشتا هەوڵەكان ئاكامێكی وایان نەبووە".
لەو كۆبوونەوەی رۆژی 24/10/2017 ی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا لە سلێمانی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بەرهەم ساڵح تاوتوێ كرابوو.لە راگەیێندراوی دوای كۆبوونەوەكەدا هاتبوو "وەكو سەرۆك مام جەلال فەرموویەتی، نە بە كەس دەڕووخێین و نە كەسیشمان لێ زیادە، هەموو هەڤاڵێك ئەركێتی یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزێ. لەهەمانكاتدا هەر هەڤاڵ و گرووپێك ئازادن لە دەرەوەی یەكێتی رێبازی دیكە هەڵبژێرن". هەرچەندە هەر ئەوكات ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە(رووداو)ی گوت دەستلەكاركێشانەوەی بەرهەم ساڵح پەسەند كراوە، بەڵام جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی گوتی "هێشتا دەستلەكاركێشانەوەی بەرهەم ساڵح قبوڵ نەكراوە".
جەمیل هەورامی دەڵێ: "مادام دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەند نەكراوە، هێشتا دەتوانین وەك جێگری دووەمی سكرتێری گشتی ناوی بهێنین، بەڵام دەگەڕێتەوە یان نا، ئەوە خۆی بڕیار دەدات".
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی كە ئاگاداری هەوڵەكان و دانوستاندنەكانە لەگەڵ بەرهەم ساڵح، دەڵێ تەنانەت ئێستا "باڵی هێرۆخان و هەندێك لە سەركردەكانی دیكە كە پێشتر لەگەڵی تەبا نەبوون، زۆر نەرمی لەگەڵ دەنوێنن و پێیانگوتووە لەو دۆخەدا دەتوانێ وەك بڕیاربەدەستی نێو یەكێتی بگەڕێتەوە و لەنێو ئامادەكارییەكانی كۆنگرەدا بێ". گوتیشی: "تەنانەت پێشیگوتراوە كە بەهۆی نەخۆشكەوتنی كاك كۆسرەتەوە ئێستا ئەو دەتوانێ وەك كەسی یەكەمی یەكێتی بگەڕێتەوە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو جارێكی دیكە چەند بەرپرسێكی یەكێتی لەگەڵی دانیشتوون، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەنجامێكی نەبووە".
ئەو بەرپرسەی یەكێتی هەروەها باسی مەرجەكانی بەرهەم ساڵح دەكات بۆ گەڕانەوە نێو یەكێتی و دەڵێ، ئەو دەڵێ "دەبێ دەست بە چاكسازی لەنێو یەكێتی بكەم، ئەو چاكسازییە خۆم گرووپێكی سەرپەرشتیاری بۆ دیاری بكەم و كۆمەڵێك گۆڕانكاریی گەورە بكرێن لە نێوخۆی یەكێتیدا، دەبێ بەتەواوی دەستكراوە بم لەوەی ئەو گۆڕانكارییانە بكەم، پێش ئەوەی كۆنگرە بكرێ".
ئەو سەركردەیەی یەكێتی گوتی لە دوایین دانوستاندن لەگەڵ بەرهەم ساڵح، لەلایەن یەكێتییەوە پێیڕاگەیێندراوە "ئەوانیش ئامادەن بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری، بەڵام دەبێ گۆڕانكارییەكان پێكەوە بن. هێشتا روون نییە بەرهەم ساڵح رازی دەبێ یان نا، بەڵام یەكێتی بەردەوام دەبێ لە هەوڵەكانی".
رۆژی 20/11/2017 مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە كۆنفرانسی كۆمەڵەی رێكخستنە دێرینەكانی یەكێتی لە دەربەندیخان، گوتی تاكە شوێنگرەوەی تاڵەبانی د.بەرهەمە و لەسەر زمانی خودی تاڵەبانییەوە گێڕایەوە و گوتی "مام جەلال گوتی دوای من د.بەرهەم ساڵح دەتوانێت یەكێتی بەڕێوەببات، بۆیە دوای ئەو بكەون". لەبارەی مەرجەكانی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح و گفتوگۆی حیزبەكەی لەگەڵی، مەحموود سەنگاوی تەنیا ئەوەندەی بە (رووداو) گوت "ئەو مەرجانە بۆ من قورس نییە و ئەوانەی پێیان قورسە دەبێ لەوان بپرسن".
د.رێبوار كەریم، كەسایەتی نزیك لە بەرهەم ساڵح كە رۆژانە كاروبارەكانی لەگەڵ هەڵدەسوڕێنێ، بە (رووداو)ی گوت "ئێمە رێزی ئەو هەوڵانەی یەكێتی دەگرین، بەڵام د.بەرهەم ناگەڕێتەوە نێو یەكێتی".



