کوردستان
مادەیەکی هۆشبەر کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەستیان بەسەردا گیراوە
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، دوو هەزار و 200 تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەوە دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2024، نەقیب ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 1ـی تشرینی دووەم، هەزار و 311 تۆمەتباری مادە هۆشبەرەکان لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە 613 کەسیان بەکارهێنەر و 698ـیشیان بازرگان بوون، کە بەشێکیان گەورە بازرگانیی نێودەوڵەتی بوون."
نەقیب ئەرکان بیبانی گوتیشی: "هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە 444 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و نزیکەی 75 کیلۆگرام حەبی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە."
بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، زۆرترین ئەو مادە هۆشبەرانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە بریتیین لە کریستاڵ، حەشیش، تریاک، ماریجوانا و هێرۆیین، لە حەبەکانیشدا کەپتاگۆن، لێگزز و ترامادۆڵ زۆرترین بوون.
هەروەها بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە بە دەست رووداو گەیشتوون، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، 457 بازرگان و 432 بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکان لە سنووری سلێمانی دەستگیرکراون."
رۆژی 28ـی ئابی 2024، حوسێن تەمیمی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 10 هەزار بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەستگیرکراون کە بەشێکیان بازرگانیی نێودەوڵەتین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ