رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سوودانی لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆدەبێتەوە، یەکێک لەو پرسانەی تاوتوێ دەکرێن، پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە؛ کارگێری ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو جەخت لەوە دەکاتەوە، لە بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنبوون پاشگەز نابنەوە، چونکە بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی جێبەجێکردن و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
سەڵاحەدین بابەکر، کارگێری ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو باسی لەوەش کرد، سوودانی لەبارەی چەندین پرسی جیاواز گفتوگۆ لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین دەکات، هەرچەندە ئەوان وەک ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە، بەڵام پشتیوانیی هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن.
کارگێری ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو دەشڵێت، بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە حیزبەکەی لە بەغدا کاری جیددیی کردووە، حیزبەکەی کەسانی بەتوانای ناردووەتە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی رۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا.
هەر لەبارەی چارەسەری کێشەکان، ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە چیدی بە نیوە چارەسەر رازی نەبین و داوای چارەسەری کۆتایی کێشەکان بکەین، چیدی خۆمان بە کێشەکانەوە سەرقاڵ نەکەین و کار بکەین بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان."
لەبارەی پرسی ئەنجامدانی سەرژمێری، سەڵاحەدین بابەکر دەڵێت، "پرۆسەیەکی ستراتیژییە لە ناوچە دابڕێندراوەکان و سنووری مادەی 140، بۆ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پرسێکی گرنگە، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتوو لە کەرکووک راسپێردراوە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و حکومەت بکات بۆ ئاگاداربوون لە وردەکاریی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە."
لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی سەرژمێری ئەوەیشی خستەڕوو، بەشداریی ئەو کۆبوونەوانە دەکەن کە تێیدا ئەو پرسە تاوتوێ دەکرێت، "دەبێت هەموو کەرکووکییەکان بۆ کاتی سەرژمێری بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، چونکە دەبێتە بنچینە بۆ کاروباری داهاتوو، ئەگەر نەگەڕێنەوە لە داهاتوودا بەهۆیەوە زیانمان پێدەگات."
بڕیارە یەکگرتوو کۆنگرە ببەستێت، لەوبارەیەوە سەڵاحەدین بابەکر گوتی، "لە 30 ساڵی رابردوودا، هەموو کۆنگرەکانمان لە وادەی خۆیدا ئەنجامداوە، کۆتایی ئەم ساڵیش کۆنگرە ئەنجام دەدەین و بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆ بڕیار لەبارەی بنیاتنانەوەی ئۆرگانەکانی یەکگرتوو دەدرێت، ئەوە دیاری دەکرێت کێ بەشداریی کۆنگرە دەکات و کێ هەڵدەبژێردرێت بۆ سەرکردایەتیی حیزبەکە."
کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو باسی لەوەش کرد، "بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆ، ئەمینداری حیزب دەتوانێت دوو خول لە پۆستەکەی بەردەوام بێت، ئێستا ئێمە لیژنەکانمان لە بواری پێداچوونەوە بە پەیڕەو و پرۆگرام، لە بواری دانانی ستراتیژی کارکردن و لە بواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی نوێی حیزبەکە کار دەکەن و ئامادەکاری دەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی. لە سەرجەم پارێزگاکان، لیژنە پێکهێندراوە بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەو و پرۆگرامی حیزبەکە، دواتر بە شێوازی دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە و لە کۆنگرەدا جارێکی دیکە دەنگدانی بۆ دەکرێت، بەتایبەتی شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەمینداری گشتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ