گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بوو و یەکەم زەنگی قوتابخانە لێدرا، لە قوتابخانەیەکی هەولێریش بە نمایشی هونەری، ژەنینی میوزیک و گۆرانیگوتن، ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد.
 
قوتابییان لە قوتابخانەی شەنگالی بنەڕەتی لە هەولێر هاوشێوەی قوتابییانی دیکەی هەرێمی کوردستان، دوای لێدانی یەکەم زەنگ، گوێیان لە گوتاری بەڕێوەبەری قوتابخانە گرت پاشان دەستیان بە چالاکیی جۆراوجۆر کرد، سەرەتای سێ رۆژی یەکەمی قوتابخانەشیان تایبەت دەبێت بە رێنمایی قوتابییان لە بواری پەروەردەییدا.
 
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13-9-2023) لە قوتابخانەیەکی هەولێر بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2023 - 2024 گوتارێکی پێشکێشکرد و چەند ئامارێکی راگەیاند.
 
ئالان حەمەسەعید، گوتی "ئەمساڵ زۆرترین ژمارەی قوتابییان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمارکراون کە 158 هەزار قوتابین و ژمارەی سەرجەم قوتابییانی هەرێمی کوردستانیش ملیۆنێک و 923 هەزار قوتابییە (لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکاندا)".
 
لە قوتابخانەی شەنگال کە 16 پۆلی هەیە، 520 قوتابی دەخوێنن و 32 مامۆستایان هەیە، بە مەراسیمی تایبەت، گۆرانی و نمایشی شانۆیی، هاوشێوەی ساڵانی رابردوویان، یەکەم رۆژی قوتابخانە دەستیپێکرد.
 
دوای راگەیاندنی ئامارەکان لەلایەن وەزیری پەروەردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و سوپاسی مامۆستایانی کرد کە نەیانهێشتووە سەرباری ئەو دۆخە داراییەی هەیانە، خوێندن لە هەرێمی کوردستان پەکی بکەوێت.