كەنیزەكەكانی خەلافەت.. لە تەمەنی 12 ساڵیدا دووگیان بووم

13-09-2019
نەوزاد مەحموود
نیشانەکردن كەنیزەكەكانی خەلافەت
A+ A-
 
چیرۆكی 30
 
رووداو - دهۆك

ئێستاش ئەو لە مانای راستەقینەی بەڕێوەبردنی ماڵ و هەڵسوڕاندنی كاروبارەكانی خێزان تێناگات. چۆن دەكرێت ئەوەی لە تەنیشم دانیشتووە، چوار ساڵ لەمەوبەر دووگیان بووبێت؟! 

 

چیرۆكەكە ئاڵۆزە و چارەنووسی ئاڵۆزتر. هەرچەندە لەنێو جەرگەی سەرگەردانیی خۆیدا، خودا داعشێكی بۆ نارد كە پێیبڵێ "دەتكەمە كچی خۆم و جێگای باوكت بۆ دەگرمەوە"، بەڵام رووداوێكی هاتوچۆ ئەو ئارامییەی لێ شێواند. 
 
پێنج ساڵ لە تەمەنی دلین رۆیی، پێنج ساڵ كە بناغەی پێگەیشتنی ئەو بوون و لەبەر ئەوەی لەسەر جوگرافیایەك بەسەری بردووە كە داعش باڵادەست بووە بەسەریدا، بووەتە ئەو كچە خراپپێگەیشتووەی ئێستا. دلین قسە دەكات. كچێك قوربانیی دەستی هەڵەیەكە كە هێشتا ئاسەوارەكەی هەڕەشە لە جیهان دەكات.
 
دلین تەمەنی 10 ساڵان بوو كاتێك لە مانگی ئابی 2014دا هەواڵ لەنێو گوندەكەیاندا بڵاوبووەوە كە چەكداری ریشن گەیشتوونەتە نزیكی گوندەكەیان (گوندی زومان). تەمەنی دلین هی ئەوە نەبوو بزانێ‌ چی روودەدات، بەڵام پیاوەكان و ژنە گەورەكانی بینیبوو كە چۆن پەشۆكابوون: "هەر كەسێكم دەبینی تەلەفۆنێكی بە گوێیەوە نابوو، بەدەنگی بەرز قسەی دەكرد. كەسوكارەكەی منیش هەر وابوون".
 
ئەگەرچی موختاری گوند دڵنەوایی خەڵكەكەی دابووەوە كە هیچ روونادات، بەڵام دڵنەوایی هەتا ئەو كاتە بڕی كرد كە هەواڵ هات چەكدارانی داعش بەرەو ئاواییەكەیان دێن. ئیدی ترس و تۆقین گوندەكەی داگرت. ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان هەبوو، بەخێرایی لە گوند دەرچوون.
 
ئەو رۆژە خێزانەكەی دلین خۆیان گەیاندبووە گوندی (كورا عەبد)، لەوێ لە ماڵی یەكێك لە پوورەكانی گیرسانەوە، لەوێ پلانیان دانا كە چۆن دەرباز بن، بەڵام چەكدارانی داعش دەتگوت رەشەبان، گوند بە گوند و كۆمەڵگە بە كۆمەڵگەیان رادەماڵی. ئەوان هێشتا هەر خەریكی پلاندانان بوون كە داعش گەیشتە گوندی كورا عەبد.
 
 دلین دەڵێت: "لەوێ دەستگیركراین و گواستراینەوە بۆ گوندی سیبا شێخ خدر، پیرەكان و گەنجەكانیان لە یەكتری جیاكردەوە. دواتریش ئەو كوڕ و كچانەی زۆر گەنج بوون جیایان كردنەوە. كردیانین بە سێ‌ گروپ".
 
چەكدارەكانی داعش، دوای هێشتنەوەیان بۆ ماوەی دوو رۆژ لە گوندی سیبا شێخ خدر، ئەوانیان گواستەوە بۆ گرتووخانەی بەنێوبانگی بادووش. 
 
گرتووخانەی بادووش دەكەوێتە دەوروبەری ناحیەی بادووش بە دووریی 25 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای مووسڵ. ئەوێ ساڵانێكی درێژ شوێنی بەندكردنی گیراوانی سیاسی بوو. دلین لە گرتووخانەكەدا گوێی لە یەكێك لە كچەكان بووە كە گوتوویەتی، خزمێكی نزیكی بەهۆی كاری سیاسی ساڵانێك لەو زیندانە بووە.
 
 "پاش هەفتەیەك، گرتووخانەكە لەلایەن فڕۆكەكانەوە بۆردومان كرا، بە چوار ئۆتۆمبێل كچانی گەنج و ژن و منداڵ گواسترانەوە. من لەگەڵ ژمارەیەك كچ و كوڕ گواسترامەوە بۆ تەلەعفەر".
 
خانەی منداڵان
 
یەكەم حاڵەتی بردنی كچان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، خوشكەكەی خۆی بووە "دوای بردنی خوشكەكەم، من و سێ كچی دیكە ماینەوە، تەمەنمان لە نێوان 9 بۆ 10 ساڵ بوو. كەسێك هاتە نزیكمان و پێیگوتین كە ئێمە نەترسین و دەمانبەنە جێگایەكی دیكە و فێرمان دەكەن چۆن ببینە موسوڵمانێكی باش".
 
لەوێ‌ جلی درێژی سەرتاپا رەشیان دابووە دلین و منداڵەكانی دیكە، فێر دەكران چۆن نوێژ بكەن، لە نوێژەكانیاندا چی دەڵێن. كە رەمەزانیش هات دەبێ‌ بەڕۆژوو بن.
 
دلین و منداڵەكانی دیكە بە رۆژ وانەیان پێدەگوترا و بە شەو لە خانەیەك دەهێڵدرانەوە كە بە گوتەی دلین پڕبووە لە منداڵی كچ: "نزیكەی 150 منداڵ دەبوون، هەموو لە دەوروبەری تەمەنی 7 ساڵ و 8 ساڵ و 9 ساڵ بووین، من سەرەتا وامزانی رەوزەیە. ئەوێ‌ شوێنێك بوو بۆ كۆكردنەوەی ئەو كچانەی لە خێزانەكانیان دابڕێنرابوون.
 
دلین، بۆ ماوەی دوو مانگ لەو خانەیە مایەوە كە بەردەوام منداڵی لێ دەبران، بەڵام بەتاڵ نەدەبوو، چونكە منداڵی تازەیان بۆ دەهێنا. كچانیان بە ناونیشانی جۆراوجۆر دەبرد و كچانی دیكەیان بۆ دەهێنا. دلین دەڵێت "كەسێك هات و هاوڕێكەم و كچێكی دیكەی تەمەن 11 ساڵی برد. 
 
من هەر لەو رۆژانەدا بۆ یەكەمجار براكەمم بینییەوە، براكەم زۆر كز و لاواز بووبوو".
تەمەنی دلین و منداڵەكانی دیكە هی ئەوە نەبوو فام بكەن و بزانن چییان بەسەردێ‌، هەر قسەیەكیان بۆ كردبوون باوەڕیان كردبوو.
 
چەكدارێكی تەمەن 25 ساڵەی خەڵكی مووسڵ پێشنیاز دەكات دلینی پێ بفرۆشن و لەگەڵ خۆی بیباتەوە بۆ مووسڵ. هەرچەندە سەرەتا وا دەیكڕێ كە بیكاتە كەنیزەكی خۆی، بەڵام وەك بڵێی چەكدارەكە بەزەیی پێدا هاتبووەوە، بۆیە دەستدرێژی نەكردبووە سەری، بەڵام دواتر بە چەكدارێكی دیكەی فرۆشتبووەوە "ئەو چەكدارەش پاش چەند رۆژێك پێیگوتم، تۆ زۆر بچووكیت و دیسان بردمییەوە بۆ خانەی منداڵە ئێزدییەكان".
 
دلین، ئەستەمە ئەو رۆژەی بیربچێتەوە كە لە خانەكەدا هێڵێكی بازنەییان بە دەوری جەستەی ساردەوەبووی كچێكی تەمەن 10 ساڵدا كێشا، دوای ئەوەی دەستی چووە گیانی خۆی و خۆی كوشت. ئەوە یەكەمجاری بوو لە ژیانیدا مردوو ببینێ‌ "هەموو كچەكان بۆی دەگریان، خوشكەكەی بە هیچ بێدەنگ نەدەبوو".
 
دەبمە باوكت
 
ماوەی دوو مانگی دیكە لەنێو خانەی منداڵانی بێ سایە و سێبەردا مایەوە. لەو ماوەیەدا داعشەكان بەو پەروەردە ئاینییەی بەشێنەیی دەستیان دابووێ، رۆچووبوونە نێو ناخی ئەوانەوە بەو هیوایەی هیچ ئاسەوارێكی ئێزدیایەتی لە دڵ و مێشكیاندا نەهێڵن. لەو ماوەیەدا مانگی رەمەزان هات و سی رۆژی تەواو بەڕۆژوو بوون.
 
هەر لە دواڕۆژەكانی مانگی رەمەزەندا، خالید، ئەو پیاوەی ئەمیر، یان سەرپەرشتیاری خانەكە بووە، دلین ئاگادار دەكاتەوە لەوەی چیدیكە لەوێ نامێنێتەوە "تۆمان داوەتە ئەبوو عومەر".
 
 ئەبوو عومەر، پیاوێكی باڵابەرزی گۆشتن بووە و ژن و منداڵی هەبووە. تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر بووە. دلین كە چاوی بە ئەبوو عومەر كەوتبوو، زۆر ترسابوو، بەڵام ئەو دڵنیای كردبووەوە كە پێویست ناكات بترسێ‌. گوتبووی "من تەماعم لە تۆ نەكردووە و وەك كچی خۆم دەبی. تۆ لەماڵەكەی مندا دەژیت وەك منداڵەكانی خۆم".
 
ئەو تەنیا باوكێكی هەبوو كە هیچی لەبارەی چارەنووسی نەدەزانی، بەڵام دڵیشی بەوە خۆش بوو كە لەنێو ئەو هەموو چەكدارە بە رەنگ و روخسار ترسناكەی داعش، پیاوێك وەكو كچی خۆی حیسابی بۆ بكات.
 
دلین دەڵێت: "بۆ ماوەیەك لە ماڵی ئەبوو عومەر مامەوە، هیچ كێشەیەكم نەبوو، سەرەتا هاوژین و منداڵەكانی زۆر روویان نەدەدامێ‌، بەڵام بەرە بەرە لەگەڵم كرانەوە و زۆر جیاوازییان پێ نەدەكردم".
 
 ساڵێك بەسەر ئەو ژیانە جێگیرەدا تێپەڕی. لەناكاو ئێوارەیەك ژیانی دلین ئاوەژوو بووەوە، كاتێك هەواڵێكی ناخۆش گەیشتە ماڵەكەی ئەبوو عومەر. هەواڵە ناخۆشەكە ئەوە بوو كە ئەبوو عومەر بە رووداوی هاتوچۆ مرد. رەنگە دلین لەو دەگمەن كچە ئێزدیانە بووبێ‌ كە بۆ مەرگی چەكدارێكی داعش گریابێ‌، چونكە مردنی ئەبوو عومەر واتای ئەوە بوو كە جارێكی دیكە بەرەوڕووی چارەنووسی نادیار دەبێتەوە.
 
كەسێك دەیكڕێ
 
دوای تەواوبوونی پرسەی ئەبوو عومەر، دلین تەنیا دوو مانگ لە ماڵی ئەبوو عومەر مایەوە. خێزانەكەی هەواڵێكی ناخۆشتر لە هەواڵی مەرگی ئەبوو عومەریان بە گوێیدا دا.
 
ئەوكات تەمەنی دلین 12 ساڵ بوو كە لەلایەن خێزانەكەی ئەبوو عومەرەوە درایە چەكدارێكی داعش. چەكدارەكە هەر هەمان رۆژ بردی بۆ دادگایەكی داعش كە كاروباری كۆمەڵایەتی وەكو مارەبڕین و تەڵاقی تێدا دەكرا. دلین دەڵێت: "لە دادگاكە بە رەسمی مارەی كردم لە خۆی. بردمییە ماڵەوە و پێیگوتم چەند رۆژێكی سەرەتا تەرخان دەكات بۆ ئەوەی فێرم بكات چۆن هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكەم و چۆن ماڵی بۆ بەڕێوە ببەم".
 
بەڵام پاش تێپەڕینی چەند رۆژێك، سوپای عێراق لە چەند لایەكەوە هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر تەلەعفەر و بە چەند كاژێرێك داعش لە پەلوپۆ كەوت: "داوای لێكردم خۆم كۆبكەمەوە بۆ ئەوەی روو بكەینە سووریا، هەر ئەو رۆژە لەگەڵ ژمارەیەك ئۆتۆمبیلی داعش بەرەو سووریا بەڕێكەوتین. ئەوان بە تەواوی رووخابوون و پێیانوابوو جارێكی دیكە ناتوانن ئەو شارۆچكەیە بگرنەوە دەست".
 
چەكدارانی داعش دوای لەدەستدانی تەلەعفەر پەڕینەوە بۆ بەری سووریا، هەندێكیان دەستیان لە كەنیزەكەكانیان بەرنەدەبوو، وەكو ئەو چەكدارەی دلینی لە ماڵی ئەبوو عومەر وەرگرتبوو. چەكدارەكە دلینی لەگەڵ خۆی برد و دوای پێنج رۆژ گەیشتبوونە تەبقە.
 
ماوەی چەند رۆژێكی كەم لەوێ مانەوە. هەرچەندە لە نێوان ئەو و ئەو چەكدارەدا گرێبەستی فەرمیش هەبوو، بەڵام هەر وەكو كەنیزەك رەفتاری لەگەڵ دەكرد. داعشە گەنجەكەی هاوژینی حەزی لەوە بوو ئۆتۆمبیلی خۆی هەبێت، بەڵام پارەی نەبوو، بۆیە بیری لە فرۆشتنی دلین كردبووەوە: "منی فرۆشت بە كەسێك و پارەیەكی زۆری وەرگرت. كڕیارەكە چەكدارێكی بیانیی دەوڵەمەند بوو، سێ ژنی دیكەشی هەبوون، تەمەنی نزیكەی 40 ساڵ بوو".
 
 یەكەمین كەس كە دەستدرێژی كردە سەر دلین ئەو چەكدارە بووە. ئەو شەوەی ئەو پیاوە چووە لای، دوو ساڵ زیاتر بەسەر ژیانی دیلێتی ئەودا تێپەڕیبوو: "كەسێكی زۆر دڵڕەق و بێ هەست بوو، تەمەنی من هی ئەو كارە نەبوو، ئەوانەی لە تەمەنی مندا بوون لە كۆڵان یارییان دەكرد".
 
منداڵەكەم نایەتە دنیا
 
دوای تێپەڕینی ماوەیەك، دلین هەستی كرد كەوتووەتە حاڵەتێكی نامۆ. كاتێك باسی خۆی لەلای ژنەكانی دیكە كردبوو،  ئەوان تێیانگەیاندبوو كە دەبێتە دایك. هەزاران لێكدانەوەی جیاواز بۆ هاتنی ئەو رۆژانەی منداڵێك لە جەستەی ئەو جیادەبێتەوە و دەبێت لەئامێزی بگرێت و هەر بەو منداڵەوە كە خوێنی پیاوێكی داعش لە دەمارەكانی جەستەیدا دێت و دەچێت، چۆن بگەڕێتەوە نێو خێزانەكەی؟
 
چەكدارەكە ماوەی سێ رۆژ بوو چووبووە بەرەی شەڕ، رۆژێك هەواڵی كوژرانی بە دلین گەیشتەوە. بەپێچەوانەی ئەبوو عومەرەوە، دلین نەك فرمێسكێك بە چاوانیدا شۆڕ نەبووەوە، بگرە دڵخۆشیش بوو بە لەناوچوونی كەسێك كە بەو تەمەنە كەمەوە دووگیانی كردبوو "هەر ئەوەندەم لە بیرە كە كۆتایی 2017 بوو، كوژرانی ئەو چەند هەفتەیەكی بەسەردا تێنەپەڕیبوو، بەیانییەك ئازارێكی زۆرم بۆ هات. لە كۆتاییدا منداڵەكەم لەبارچوو".
 
داعش رۆژ بە رۆژ گەمارۆ دەدرا، چەكدارەكان لە كوچە و كۆڵانەكانی تەبقە بازگەیان دانابوو. دلین بیری لە هەڵاتن دەكردەوە، دەیویست بە هەر نرخێك بێ‌ خۆی رزگار بكات، تەنانەت ئەگەر ژیانی خۆی لەسەر دانابێ‌، بەڵام نەیدەزانی دڵی بۆ كێ‌ بكاتەوە و ئەو رازەی لەلا باس بكات. دلین دەڵێت: "هەستم كردبوو دوو لە ژنەكانی ئەو پیاوە هەرچەندە داعشیش بوون، بەڵام حەزیان دەكرد ئەو شارە بەجێبهێڵن و رزگاریان ببێ".
 
دلین، باسی یەكێك لە یاساكانی نێو دەوڵەتەكەی داعش دەكات لەبارەی ژنانی مارەبڕدراو و دەڵێ: "ئەوانەی بە فەرمی ژنی داعش بوون و منداڵیان هەبوو و مێردەكانیان لە شەڕدا دەكوژران، بەڵام نەیاندەویست جارێكی دیكە شوو بكەنەوە، داعش مووچەی مانگانەی بۆ دەبڕینەوە. ئاگاداربووم كە ژنەكانی ئەو چەكدارە مووچەیان بۆ بڕایەوە، بەڵام من لەبەر ئەوەی كەنیزەك بووم، نا".
 
رەوشەكە وای لێهات، خەڵك بە ئاسانی بتوانن داهاتووی داعش بخوێننەوە. دلین و چەند ژنێكی دیكە كەسێكیان دۆزییەوە و لەگەڵی رێككەوتن كە بۆ هەر یەكێكیان بڕێك پارە وەربگرێت و بیانپەڕێنێتەوە بەرەو كامپێك لە ئەلهۆل. لە كۆتایی ساڵی 2017 شدا هەر چۆنێك بوو، لە رێگای كەسێكی دیكەوە خۆی گەیاندە سنووری باشووری كوردستان و بە كەسوكارەكەی شاد بووەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە