وردەکاریی فرۆشتنی ژمارەیەک خانوو و زەوی بە زیاتر لە کەسێک لە هەولێر

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
بەدواداچوونی رووداو بۆ کێشەکە و چیرۆکی زیانلێکەوتووان ببینە
بەدواداچوونی رووداو بۆ کێشەکە و چیرۆکی زیانلێکەوتووان ببینە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

خاوەن نووسینگەیەک لە گوندی بنەسڵاوەی بچووک لە هەولێر ژمارەیەک زەوی و خانووی بە زیاتر لە کەسێک فرۆشتووە، ئێستاش مۆبایلی داخستووە و شوێنی نادیارە. برایەکی تۆمەتبارەکە دەڵێت، "نازانین لە کوێیە و دەمانەوێ دەستگیربکرێت."
 
رووداو بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کرد و لەگەڵ بەشێک لە زیانلێکەوتووان قسەی کرد، هەر کەسە و چیرۆکێکی هەیە. 
 
هاوسەر گەنجێکی تەمەن 28 ساڵە و وەستای چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە. ئەو سێ ساڵ پێش ئێستا بەو پارەیەی کە بە رەنجی شانی خۆی و قەرزکردن پەیدای کردووە زەوییەکی 100 مەتری لە گوندی بنەسڵاوەی بچووک بە پێنج هەزار و 600 دۆلار لە خاوەن نووسینگەکە کڕیوە تاوەکو خانووی لەسەر دروست بکات، بەڵام ئێستا کەسێکی دیکەش لەگەڵ هاوسەردا خۆی بە خاوەنی زەوییەکە دەزانێت.
 
زەرەرمەندێکی دیکەش کە خاوەن چەند دووکان و رێستۆرانتە، بۆ وەبەرهێنانی زیاتر ئەویش لە گوندی بنەسڵاوەی بچووک دوو پارچە زەوی بۆ خۆی بە بەهای 12هەزار دۆلار و پێنج زەوی دیکەی بۆ هاوڕێکانی لەلای هەمان نووسینگە کڕیوە، بەڵام ئێستا زانیویەتی هەموو زەوییەکانیان بە چەند کەسێکی دیکە فرۆشراون.
 
ئەو هاونیشتمانییە ناوی خۆی ئاشکرا نەکرد، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "دوو رۆژ پێش ئێستا برادەرێکم تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی 'دەڵێن، ئیسماعیل رۆشتووە، چونکە ئەو دەیناسی و هاتووچۆیان هەبووە،' گوتی 'با بڕۆین بزانین زەوییەکانمان چی بەسەر هاتووە.' ئێمەش چووینە ئەوێ و ژمارە تەلەفۆنمان دانا، دواتر دەرکەوت زەوییەکانمان بە چەند کەسێکی دیکە فرۆشراون.'
 
تیمی رووداو چووە گوندی بنەسڵاوەی بچووک و لەگەڵ سامان ساڵح، موختاری گوندەکە قسەی کرد، دەرکەوت، خاوەنی نووسینگەکە دەناسێت و دەڵێت، شەش ساڵ لەو گوندە نیشتەجێ بووە و متمانەیان پێی هەبووە، کەچی خانوویەکی موختاریشی بە بێ ئاگاداریی خۆی فرۆشتووە. 

 

 
لەبارەی ئەوەی چۆن ئاشکرا بووە، موختاری گوندەکە گوتی، 15 رۆژە ئەو نووسینگانە داخراون، کاری زێدەڕۆییان کردووە، بۆیە بە فەرمانی حکومەت داخراوە. کاتێکیش داخراوە، خەڵک لەو ماوەیە داوای کرێ خانووی دەکرد، زانیبوویان کە خانوویان فرۆشراوە. خانوو هەیە سێ جار فرۆشراوە، زەویش هەیە بە چوار کەس فرۆشراوە.
 
لە گوندی بنەسڵاوە 600 ماڵ هەن. سێ رۆژ بەسەر کاتی دیارنەمانی خاوەن نووسینگەکە تێدەپەڕێت و تاوەکو رۆژی سێشەممە، 13ـی ئاب، 10 کەس زانیویانە کە زەوی و خانووەکانیان بە چەندین کەسی جیاواز فرۆشراون.

 

 
بەشێک لە زیانلێکەوتووان دوای بەدواداچوونەکەی رووداو لە بەردەم نووسینگەی سەرەکیی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر کۆبوونەوە و داوایان کرد دەنگیان بگەیێندرێت. بۆیە بەرنامەی بەرپرسیار تایبەتکرا بەو پرسە. 

 

 
مەروان ناوی یەکێک لە زیانلێکەوتووانە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو دا گوتی، "زەوییەکم لە تۆمەتبار بە پێنج هەزار و 800 دۆلار لە ساڵی 2021 دا کڕی. ئێستا سێ خاوەنی دیکەی بۆ پەیدابووە، نووسینگەیەکی دیکە زەوییەکەمی فرۆشتووەتەوە."
 
تاوەکو ئێستا یەک زیانلێکەوتوو بەناوی چەتۆ محەممەد لە بنکەی پۆلیس سکاڵای تۆمارکردووە. چەتۆ بە رووداوی گوت، خانووەکەی پێنج خاوەنی دیکەی بۆ پەیدابووە کە لە ساڵی 2021 بە زیاتر لە 19 هەزار دۆلار کڕیویەتی. 
 
بەپێی نموونەی ئەو گرێبەستانەی نێوان فرۆشیار "تۆمەتبار" و، کڕیار کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لەسەر گرێبەستەکان نووسراوە، "لایەنی یەکەم، فرۆشیار، بەرپرسە لە کێشەی مەدەنی."
 
رووداو پەیوەندیکرد بە دوو ژمارە مۆبایلی تۆمەتبارەکەوە، ژمارەکان داخرابوون.   
 
سەرهەد محەممەد، برایەکی تۆمەتبارە، نەیویست لە بەرنامەی بەرپرسیار قسە بکات لەسەر بابەتەکە، بەڵام رایگەیاند، "براکەم سێ پارچە زەوی من، باوکم و براکەمی بێ ئاگاداری ئێمە فرۆشتووە. 24 کاژێرە ئاگاداری دۆخی نین و نازانین لە کوێیە. دەمانەوێت دەستگیر بکرێت."
 
بە گوتەی سەرهەد محەممەد، تۆمەتبار لە ساڵی 2013 هەمان کاری لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی دیکە کردووە و بڕی "120 دەفتەر دۆلار"ـی خەڵکی بردووە و تاوەکو ساڵی 2018 خۆی ونکردووە.
 
بەکارهێنانی مۆری موختار و "فێڵکردن" لە خەڵک، دوو مادەی یاسایی جیا دەگرێتەوە. هاوار گەردی، پارێزەری راوێژکار، لە بەرپرسیار دا گوتی، "ئەگەر موختار هاوبەشی کارەکەی بێ هەمان شێوەی تۆمەتبار، موختاریش بەپێی مادەی 456 ی یاسا، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ کە سزاکەی لە 5 مانگ تاوەکو 5 ساڵ بەندکردنە."

 

 

داڕشتنەوەی: عەدنان رەشید، پرۆدیوسەری بەرنامەی بەرپرسیار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی گەنجەکە کە دزیی لە باوکی کردووە

پۆلیسی هەولێر: کوڕێک دەستگیر کرا 150 هەزار دۆلاری لە باوکی دزیبوو

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلسیی هەولێر دەڵێت، بە تۆمەتی دزینی 150 هەزار دۆلار لە باوکی، گەنجێکیان دەستگیر کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، گەنجەکە تەواوی پارەکەی لە قوماری ئەلیکترۆنیدا دۆڕاندووە