حکومەت زیاتر لە 800 ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی خەرجدەکات

13-07-2020
بەهێز کامیل
نیشانەکردن شارەوانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماری ساڵێکی پرۆژە جێبەجێکراوەکان و ئەوانەشی هێشتا کاریان لەسەر دەکرێت بڵاوکردەوە، هەروەها رایگەیاند، کە لە دەستپێکی ساڵی دووەمیدا تەنیا بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی شارەوانی، حکومەت زیاتر لە 800 ملیار دیناری تەرخانکردووە و لەو بودجەیەش زۆرترینی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە.
 
وەزارەتی شارەوانی لە چەند سێکتەرێکی سەرەکیدا کاردەکات، کە بریتین لە: ئاو، شارەوانی، ئاوەڕۆ، گەشتوگوزار و شوێنەوار.
 
وەزارەتی شارەوانی کۆی ئەو پرۆژانەی بڵاوکردەوە کە لەماوەی ساڵێكدا ئەنجامدراون و تەواو بوون:
- 8 پڕۆژە لە سێکتەرەکانی شارەوانی و ئاو بە گوژمەی زیاتر لە 19 ملیار دینار.
- تەواوکردن و جێبەجێکردنی بەشی دووەمی پرۆژەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاو.
-جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە بە گوژمەی زیاتر لە 176 ملیۆن دۆلار لەلایەن ئاژانسی جایكای ژاپۆنی بەشێوەی قەرزی درێژخایەن.
- جێبەجێکردن و تەواوکردنی 252 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 20 ملیار دینار لە سێکتەری شارەوانییەکان و لەسەر داهاتی فەرمانگەکان.
 
هەندێک پرۆژە هەن کە پێشتر دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەواونەبوون و کاریان تێدادەکرێ، وەزارەتی شارەوانی پرۆژەکانی دیاریکردوون و ئەمانەن:
- تەواوكردنی پڕۆژەی شەقامی 120 مەتری خێرای نێوان رێگای سەرەکیی هەولێر و مووسڵ تاوەکو رێگای سەرەکیی هەولێر-کەرکووک بە گوژمەی زیاتر لە 88 ملیۆن دۆلار.
- قۆناخی یەكەمی پرۆژەی دروستکردنی شەقامی 150 مەتری خێرای نێوان رێگای سەرەکیی هەولێر-بەحرکە تاوەکو رێگای سەرەکیی هەولێر- کۆیە بە گوژمەی زیاتر لە 140 ملیۆن دۆلار.
- دروستکردنی ئەندەرپاسی فەرماندە و مزگەوتی ئیمام حەمزە و قوتابخانەی سەفین لەسەر شەقامی بارزان و تەواوکردنی شەقامی کەمەربەند و پرۆژەی شەقامی خزمەتگوزاریی بارزان بە گوژمەی نزیكەی 69 ملیار دینار.
- جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی بارزان و 51 گوندی دەوروبەری بە گوژمەی 130 ملیار دینار بە رێژەی 31% تەواوبووە.
- پڕۆژەی جێبەجێکردن و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە کەسنەزان و دەوروبەری بە گوژمەی 10 ملیۆن دۆلار بە رێژەی 60% تەواوبووە.
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر (4) و چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی سلێمانی بە گوژمەی ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلار بە رێژەی 7٪  و بەشێوەی قەرز.
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە گوژمەی 20 ملیۆن دۆلار بە رێژەی 60% تەواوبووە.
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی 90 ملیار دینار بە ریژەی 59٪.
- (28) گرێبەستی تایبەت بە کۆکردنەوە و گواستنەوە و خاوێنکردن لە شار و شارۆچکە و گوندەکان لە سنووری شارەوانییەکان بە گوژمەی مانگانە نزیكەی 12 ملیار دینار.
- دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری لە دەروازەی کەلار – سلێمانی بە گوژمەی ملیارێك و 500 ملیۆن دینار.
- جێبەجێکردنی 5 پڕۆژەی ئاو بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار کە بە رێژەی 7% جێبەجێکراوە.
 
بەپێی راگەیێنراوەکەی وەزارەتی شارەوانی، ئەم پڕۆژانەش بودجەیان بۆ تەرخانكراوە و لەگەڵ دەستپێكی ساڵی دووەمی كابینەی نۆیەم دەستپێدەكرێن:
- تەرخانکردنی 400 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی وەکو قۆناخی یەکەم.
- تەرخانکردنی زیاتر لە 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی 155 پڕۆژە و پێداویستی لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ.
- تەرخانکردنی زیاتر لە 9 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی 104 پرۆژەی بچووک و مامناوەند لە سێکتەری شارەوانی.
- دابینکردنی زیاتر لە 10 ملیار دینار بۆ کڕینی ماددەی پاککەرەوە بۆ پڕۆژەکانی ئاو و هەروەها دابەشکردنی ئاو بە پرۆسەی تەنکەرین.
 
- تەرخانکردنی زیاتر لە یەک ملیار دینار بۆ بەکرێگرتنی تەنکەر بۆ ئاوەدانی پارک و باخچە و بلوارەکان لە هەولێر و سلێمانی.
- تەواوکردنی قۆناخەکانی دیزاین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورس لە شاری هەولێر (قۆناخی یەکەم) بە بڕی 300 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەستیشانکردنی کۆمپانیای راوێژکار.
 
- پرۆژەی دابینکردنی کەرەستەی یەدەگ بۆ پڕۆژەکانی ئاو لە پارێزگای هەولێر و راکێشانی هێڵی سەرەکی و ئاوەڕۆی لوولەیی و دابینکردنی کەرەستەی یەدەگ بۆ پرۆژەکانی ئاوی سلێمانی و هەڵەبجە بە گوژمەی 9 ملیۆن دۆلار.
 
بەپێی ئەو راگەیێنراوەی شارەوانی، کۆی ئەو پرۆژانە بودجەکەیان بەمشێوەیە:
- پڕۆژە تەواوبووەكان: زیاتر لە 251 ملیار دینار.
- پڕۆژە بەردەوامەكان: نزیكەی 2 ترلیۆن دینار.
- ئەو پڕۆژانەی کە گوژمەیان بۆ تەرخانکراوە، بەڵام دەست بەجێبەجێکردنیان نەکراوە: زیاتر لە 800 ملیار دینار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە