رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێک لە دژی هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسیی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای تۆمارکرد. دەشڵێت، کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی "پێچەوانەی دەستوورە".
پارێزەر ئازاد عەبدولحەمید دۆسکی، سکاڵاکەی لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەزیری پلاندانانی عێراق تۆمارکردووە.
ئەو پارێزەرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لابردنی کورسیی کۆتاکان لەگەڵ چەند مادەیەکی دەستووری عێراق دژە، بۆیە داوامکردووە پەشیمانبوونەوە لە بڕیاری نەهێشتنی کورسیی پێکهاتەکان هەبێت و کورسییەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە."
سکاڵاکار داوا دەکات دادگەکە مادەی دووی سیستەمی تۆمارکردنی بەربژێرانی ژمارە حەوتی ساڵی 2024ـی کۆمیسیۆن بە "نادەستووری" بزانێت، کە تایبەتە بە دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان.
سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا ئاماژە بەو سیستەمەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ دابەشکردنی کورسیی بازنەکان (38 کورسی بۆ سلێمانی، 34 کورسی بۆ هەولێر، 25 کورسی بۆ دهۆک و 3 کورسی بۆ هەڵەبجە) دەکات و دەڵێت: "هەڵەیە کۆمیسیۆن پشتی بە ژمارەی دەنگدەران بەستووە، لە کاتێکدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و وەکو ئەوەی دەستوور ئاماژەی بۆ کردووە دەبێت پشت بە ژمارەی دانیشتووان ببەسترێت."
ژمارەی کورسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کە 44 کورسییە و بەمشێوەیە دابەشکراوە (18 کورسی بۆ سلێمانی، 15 بۆ هەولێر و 11 بۆ دهۆک)، پشت بە ژمارەی دانیشتووان دەبەسترێت.
ئازاد عەبدولحەمید دۆسکی، سەبارەت بە هۆکاری سکاڵاکەی لەسەر سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانەوە گوتی: "پەیوەستە بە رێکارە کارگێڕییەکانی تایبەت بە سەرژمێری دانیشتووان. کەمتەرخەمیی حکومەتی عێراقە لە دوای ساڵی 2005ەوە سەرژمێریی دانیشتووانی نەکردووە."
رۆژی دووشەممە 13ـی ئایاری 2024 زیا پترۆس، سەرۆکی پێشووی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانی کریستیان، بە جیا لە دادگەی فیدراڵی دژی لابردنی کورسیی کۆتای کریستیانەکان کە شەش کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان هەبوو، سکاڵایان تۆمار کرد.
ئەم سکاڵایە دەبێتە چوارەم سکاڵا لە دژی سیستەمی دابەشکردنی کورسییەکان کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پەرلەمانی کوردستانی داڕشتووە و بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی دەدرێت، دوای ئەوەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 6ـی ئایاری 2024 سکاڵای تۆمارکرد.
سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، کە لە دژی سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانە لەبارەی دوو خاڵە، یەکێکیان رێکارەکانی دابەشکردنی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و دووەمیان نەهێشتنی کورسیی پێکهاتەکانە.
لە لێکەوتەی سکاڵاکە، رۆژی سێشەممە 7ی ئایاری 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی داوای راگرتنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەمی مادەی 2ی سیستمی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024ی دا، دواتر کۆمیسیۆن کارەکانی راگرت.
رۆژی 22ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ