رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی تایبەت بە مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە 21-03-2023وە تاوەکو 21-03-2024، لانیکەم 39 کۆڵبەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە و 356 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، لەو 39 کۆڵبەرەی گیانیان لەدەستداوە، 27 کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێران و کۆڵبەرێکیشیان بە تەقەی هێزی پاسەوانی سنووری عێراق کوژراون.
بەپێی ئەو راپۆرتە، سێ کۆڵبەری دیکە بە رووداوی هاتووچۆ لە کاتی کەوتنە شوێنیان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە، دوو کۆڵبەری دیکە لە شاخ کەوتوونەتە خوارەوە و گیانیان لەدەستداوە، دوو کۆڵبەر رەق بوونەتەوە و دوو کۆڵبەریش لە رووبار خنکاون.
هەر لە هەمان ماوەدا 356 کۆڵبەر بریندار بوون و لەو ژمارەیەش 311 کەسیان بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران بووە، شەش کەس بە کەوتنەخوارەوە لە شاخ و پێنج کەس بە تەقەی هێزی پاسەوانی سنووری عێراق بریندار بوون.
هەروەها 11 کۆڵبەر بە رووداوی هاتووچۆ، نۆ کەس بە کەوتنەخوارەوە و شەش کەسی دیکەش لە ئەنجامی تەقینەوەی مین پێیاندا بریندار بوون.
کۆڵبەرەکان زیاتر کەلوپەلی نێوماڵ و جلوبەرگ دەگوازنەوە و بۆ دەستکەوتنی بڕە پارەیەک ئەو کارە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ