رووداو دیجیتاڵ
34 ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی ناوچەکانی گەرمیان، خۆشناوەتی، قەرەداخ و بادینان لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عێراقەوە تێدەپەڕێت کە تێیدا 182 هەزار کەس بێسەروشوێن کران و دەیان گوند و کۆمەڵگە وێرانکران، بەڵام تاوەکو ئێستا کەسوکاری ئەنفال قەرەبوو نەکراونەتەوە. هاونیشتمانییەکی کفریش دەڵێت، حکومەتی عێراق ئێسک و پروسکەکانمان نەداتەوە، چۆن قەرەبوومان دەکاتەوە؟
زیانە ماددییەکانی هەشت قۆناخەکەی ئەنفال کە لە ساڵی 1988 رژێمی ئەوکاتی عێراق بە هەشت قۆناخ ئەنجامیدا، بە هەشت ملیار دۆلار خەمڵێندراوە. کۆی زیانە داراییەکانی ئەو وێرانکارییانەیش لە ساڵی 1963 تاوەکو 2003 بە 384 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
لە دوای پرۆسەی دادگاییکردنی سەدام حوسێن و بەرپرسانی باڵای رژێمی پێشووتری عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە دەستوور و یاساکانی پەرلەمانی عێراق و بڕیارەکانی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق، گفتوگۆی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ناوچە وێرانکراو و کۆمەڵکوژکراوەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ حکومەتی بەغدا دەستپێکردووە.
ساڵی 2012 وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە راوێژکردن لەگەڵ پسپۆڕە بیانییەکانی بواری قەرەبووکردنەوەی کۆمەڵکوژی، لیژنەیەکی پسپۆڕی لە شارەزایانی زانکۆکانی سەلاحەدین، سلێمانی و دهۆک پێكهێنا، لیژنەکە لە ماوەی سێ مانگدا راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی زیانە ماددی و گیانییەکانی ئەو کوشتار و وێرانکارییانە ئامادەکرد کە حکومەتی بەعس لە ماوەی ساڵانی 1963 تاوەکو 2003 لە کوردستان ئەنجامی دابوو، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بە پاساوی جۆراوجۆر پرسی قەرەبوکردنەوە، رەتدەکاتەوە.
ئەگەرچی لە یاسای بودجەی عێراقدا هەمیشە پێوەری ژمارەی دانیشتووان و زۆرینە و کەمینە بەکاردەهێندرێت، بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن، کورد لە رێژەی قوربانییان و کۆمەڵکوژکراواندا زۆرینەی عێراقە. بە جۆرێک، کاتێک دەچیتە هەندێک لەو گوندانەی بەرشاڵاوی ئەنفال کەوتوون، ژمارەی قوربانییەکان لە زیندووەکان زۆرترن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا بایەخی بەو قوربانییانە داوە کە کەمینەن.
لەو شاڵاوەی ئەنفالدا، چوار قەزا و 30 ناحیە وێرانکران و چوار هەزار و 500 گوندیش تێکدران. هەر لەو پرۆسە خاپوورکەرەدا هەزار و 344 قوتابخانە، دوو هەزار مزگەوت بە تەواوی تەختکران و نزیکەی 20 ملیۆن سەر مەڕ و ماڵاتی خەڵک تاڵانکران.
حکومەتی عێراق لە کۆتاییەکانی مانگی 12ـی ساڵی 2021 کۆتایی بە بژاردنی زیانە داراییەکانی داگیرکردنی کوەیت هێنا، بڕی 52 ملیار دۆلاری دایەوە بەو وڵاتە کە لە 5%ـی داهاتی فرۆشتنی نەوتی بۆی تەرخانکردبوو. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە ساڵی 2011 بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو عێراق و کوەیت رازی بکرێن بەوەی مانگانە رێژەی %2.5 داهاتی نەوت لە عێراق وەربگیرێت بۆ ئەوەی بەغدا بیانووی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی هەرێمی کوردستانی نەمێنێت، بەڵام بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتبوویان، پێویستە بەرپرسانی عێراق ئەو داوایە بکەن.
لەگەڵ ئەوەی چەندینجار بە فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کردووە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفال بکاتەوە، بەڵام بە بیانووی جیاواز تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق ئەو داوایە رەتدەکاتەوە و هیچ قەرەبوویەکی کەسوکاری ئەنفالی نەکردووەتەوە. بەشێک لەو گوندانەی کە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن لەلایەن خەڵکی ئەو گوندانەوە خۆیان نۆژەنکراونەتەوە.
هاووڵاتییانی یەکێک لە گوندەکانی نزیک کفری کە لەو شاڵاوە قڕکەرە رزگاریان بوو، گەڕانەوە ئاواییەکە و بە گیرفانی خۆیان کەلاوەکانیان ئاوەدانکردەوە، بەڵام دوای 34 ساڵ هێشتا نەیانتوانیوە ئاسەواری وێرانەی ئەنفال دابپۆشن.
ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی ئەو گوندەیە لە سنووری قەزای کفری و ئێستا بۆخۆی بووەتە باپیرە، هێشتا ئێسک و پروسکی دایکی و خوشک و براکانی لە بیابانەکانی عێراق ماونەتەوە. ئێستا ئەو دەپرسێت، "حکومەتێک ئێسک و پروسکەکانمان نەداتەوە، چۆن قەرەبوومان دەکاتەوە؟، نەک پارە، حکومەتی عێراق مشتێک خۆڵمان بداتێ وەکو قەرەبوو لێی وەردەگرین."
بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ بڕیاریانداوە سبەی کە 14-4-2022ـە و ساڵیادی ئەنفالە، بایکۆتی یادەکە بکەن و دەڵێن، لە بری ئەو یادە با خزمەتبکرێن.
دڵبەر حەمەفاتیح، ژمارەیەک لە کەسوکارەکەی ئەنفال کراون و ژنی ماڵەوەیە، دەڵێت، "یادی ئەنفالمان بۆ مەکەنەوە، وەرن کێشەکانمان بۆ چارەسەربکەن، ئاومان نییە و زبڵ خواردینی."
مەنیجە محەممەد، یەکێکی دیکەیە لە کەسوکاری ئەنفال لە چەمچەماڵ و گوتی، "زبڵ خواردینی، کۆڵانەکانمان پڕبووە هەر کۆی دەکەینەوە و نازانین لەکوێی فڕێی بدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ