لیژنەی ئابووری سۆران: لەسەرەتای ئەم ساڵەوە 115 تۆن خۆراکی بەسەرچوومان لەنێو بردووە

12-10-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی ئابووریی قایمقامیەتی ناوەندی سۆران رایدەگەیێنێت، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، 150 دووکان و شوێن بەهۆی سەرپێچییەوە بەبڕی زیاتر لە 12 ملیۆن دینار سزا دراون. دەشڵێت، "لەو ماوەیەدا توانیومانە 115 تۆن مادە و خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەنێو ببەین."
 
رائید بارزان کەریم، لێپرسراوی لیژنەی ئابووریی قایمقامیەتی قەزای سۆران لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سۆران بە بەردەوامی بەدواداچوون و چاودێریی بازاڕ دەکەن و هەر فرۆشگە و دووکانێک خۆراک و مادەی خراپ و ماوەبەسەرچووی هەبێت، لەلایەن لیژنەی ئابوورییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و لەنێو دەبرێت.
 
لێپرسراوی لیژنەی ئابووری قایمقامیەتی سۆران گوتی، "لەماوەی 10 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، لیژنەکەمان 994 دەرچوون و سەردانی بۆ دووکان و فرۆشگە و مارکێت و کۆگەکان هەبووە."
 
گوتیشی، "لە سەردانەکانیاندا 150 شوێن بە بڕی 12 ملیۆن و 500 هەزار دینار بە پێبژاردن سزادراون، هەروەها 124 بەڵێننامە بە دووکاندار و خاوەن فرۆشگەکان پڕکراونەتەوە." 
 
لەبارەی بڕی ئەو مادە و خۆراکانەی لەسەرەتای ئەم ساڵەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و لەنێو براون، رائید بارزان کەریم، ئاماژەی بەوەکرد، "لە 10 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ دا توانیومانە دەست بەسەر 115 تۆن خۆراک و کەلوپەل و شمەکی خراپ و ماوەبەسەرچوودا بگرن و لەنێوی ببەن ئەو مادانەی کە لەنێو براون زۆرینەیان خۆراک بوون." 
 
لێپرسراوی لیژنەی ئابووریی قایمقامیەتی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکەیان توانیویەتی دەست بەسەر بڕی 25 تۆن برنج لە جۆری (هیرا)ـدا بگرن کە خراپ بووە و ویستوویانە بەشێوەی فەل بیخەنە بازاڕەوە. 
 
هەروەها دەست بەسەر 417 کارتۆن هەنجیری تورکی وشککراودا گیراوە کە بڕی دوو تۆن و 360 کیلۆگرام بووە. بەگوتەی رائید بارزان کەریم، "بێجگە لە مادەی خۆراکی، توانیویانە دەست بەسەر هەزار و دوو جلیکان پەینی کیمیایی شلدا بگرن کە دوو رێککەوتی بەسەرچوونی لەسەربووە و 20 هەزار و 40 لیتر بووە."
 
لێپرسراوی لیژنەی ئابووری لە قایمقامیەتی سۆران دەشڵێت، "هاونیشتمانییان هەرکاتێک خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوویان لە هەر فرۆشگە و دووکانێک بەرچاو کەوت، دەتوانن لیژنە هاوبەشەکان و لیژنەی ئابووری ئاگاداربکەنەوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر شوێنەکە بگرنەبەر."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.