رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
دواتر، پزیشکیان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە.
ڤیدیۆ.. پێشوازی و کۆبوونەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسعود پزیشکیان لە هەولێر pic.twitter.com/5IfDLBe826
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 12, 2024
پزیشکیان کاژێر 8:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە هەرێمی کوردستان و ئەو یەکەم سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بێتە هەولێر.
بەپێی پلانی سەردانەکەی، هەر ئەمڕۆ پزیشکیان دەچێتە سلێمانی.
محەممەد مەحموودیان، کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی ئێوارەی چوارشەممە 11-09-2024، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پزیشکیان لە شاری سلێمانی، سەردانی گڵکۆی مام جەلال دەکات و دواتر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆدەبێتەوە.
بەیانیی دوێنێ چوارشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و بڕیارە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سێ رۆژ بخایێنێت.
عێراق یەکەمین وڵاتە کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەردانی دەکات، سەردانەکەشی دوای بانگهێشتێکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.
مەسعود پزیشکیان لە بەغدا بە زمانی کوردی وەڵامی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە بەغدا دایەوە و گوتی، "سڵاومان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە و لە خزمەتیانداین، پشت بەخوا لە بەرنامەماندایە دەچینە ئەوێ و قسەیان لەگەڵ دەکەین."
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران، مەسعود پزیشکیان گوتی، "پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشە و باشتری دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ