رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 8:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
پزیشکیان یەکەم سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بێتە هەولێر؛ ئەمانە کۆمەڵێک وێنەن لە کۆبوونەوەکانی مەسعود پزیشکیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.
دوێنێ سەرۆکۆماری ئێران بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا. دواتر، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق چەند کۆبوونەوەیەکی کرد. سەرۆککۆماری ئێران سێ رۆژ لە عێراق دەمێنێتەوە.
سەرۆککۆماری ئێران لە هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیانەوە گفتوگۆیان کردووە و "ئەو کێشانەی هەبوون بە تەواوی لەنێویان دەبەین".
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، پزیشکیان بەفەرمی سەرۆک بارزانیی بۆ سەردانیکردنی ئێران بانگهێشتکرد.
هاوکات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەردانی سەرۆککۆماری ئێران مێژوویی بوو. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لە هەموو روویەکەوە بەرەو پێشتر ببەین".
لەدوای کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، پزیشکیان چووە سلێمانی و سەردانی ئارامگەی مام جەلالی کرد.