رووداو دیجیتاڵ
ماوەی 10 رۆژە شارەوانی دووکانەکانی لێ داخستوون؛ فیتەرەکانی ناوچەی پیشەسازی پشت پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە دهۆک رژانە سەر شەقام و رێگەی سەرەکی دهۆک - هەولێریان داخست.
هاتووچۆی سەر ئەو رێگەیەیان بەتەواوەتی وەستاند. بژار، یەکێکە لە فیتەرە ناڕازییەکان و دەڵێت: کاتێک دووکانەکەم کڕی ئاسنگەری تێدابوو، ئێستا دەڵێن، دەبێت مۆڵەتی پیشەکە بگۆڕی و چوار ملیۆن دینار بدەیت، خۆ سێ یەکی ئەو پیشەسازییە دووکانی خۆیان فرۆشتووە و هەیە خاوەنەکەی مردووە یان سەفەری کردووە، ئەوە رەوایە؟ دووکان هەیە کراوە بە دوو بەش و بە تەواوەتی دیواریان لە نێواندا کێشاون، بە ئێمەیان گوت ئەو دیوارانە لادەن، بەو دۆخەشەوە گوتمان کێشە نییە و لاماندان.
دووکاندارەکان رانەوەستان و نیازیان هەبوو بچنە پێش بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنان و رێگاکەشیان داخست. زۆری پێنەچوو قایمقامی دهۆک هاتە نێو خۆپێشاندەران و دانوستاندن لەنێوان قایمقام و نوێنەری فیتەرە ناڕازییەکان دەستیپێکرد.
جەوهەر عەلی، قایمقامی دهۆک گوتی: ئێوە خەڵکی خۆمانن، برا و ئازیزی ئێمەن، ژمارەیەک لە ئێوە وەرن با دابنیشین، من رێگەچارەی باشم پێیە و دڵنیام بە دڵی ئێوە دەبێت.
نوێنەری فیتەرەکان چوونەتە ژوورەوە و ئەوانی دیکەش لەبەر دەرگە چاوەڕوانن. کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاژێری خایاند، نوێنەرەکان هاتنە دەرەوە و مزگێنییان بۆ هاوپیشەکانیان هێنا.
چەلەنگ شنگالی، یەکێکە لە نوێنەرەکان و دەڵێت: "ئێستا هیچ بەربەستێک نەماوە، هەمووتان دووکانەکانتان بکەنەوە، داخستن نییە، هەندێک سەرپێچی گەورە هەیە و ئەوانیش چارەسەر دەکرێن."
بە چەپڵەلێدان بەرەو کردنەوەی دووکانەکانیان رۆیشتن، زۆربەیان لەگەڵ ئەوەی ئاگاداری بڕیارەکە بوون، یەکسەر دووکانەکانیان کردەوە.
لە دوو مانگی رابردوودا ئەوە چوارەم جارە ئەو دووکانانە دادەخرێن و دەکرێنەوە. ئێستا چاوەڕێ دەکەن 40 رۆژی دیکە بابەتەکە یەکلایی ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ