رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی قایمقامیەت و ئیدارەی سۆران لەسەر دیواری 41 خانووی گەڕەکی بەختیاریی سۆران ئاماژەی تێکدان و رووخاندنیان نووسیوە؛ بە خاوەن موڵک و خانووەکان گوتراوە دەبێت خانووەکانتان لە ماوەیەکی کەمدا چۆڵ بکەن و بیڕووخێنن. خاوەن خانووەکانیش بەو بڕە قەرەبووە رازی نین کە لە بەرامبەر تێکدانی خانوو و موڵکەکانیان پێیان گوتراوە.
ئەیاد حەمید، هاونیشتمانییە و دەڵێت، نزیکەی 41 ماڵین و کەسمان رازی نین بەو بڕە پارەیەی دیاریکراوە، ئەو بڕە پارەیەش دەڵێن 10 ملیۆن دینارە، "ئێمە چی پێبکەین،خانووی پێ بکڕین، زەوی پێ بکڕین؟"
سامی ئەمینیش هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت، لیژنە دێت و دەڵێن بە بەر جادە دەکەون، هیچیشیان بەو خەڵکە نەگوتووە، خەڵکەکەش ئەوە چەند ساڵە چاوەڕێیە لە 2014ـەوە بە خەڵکیان گوتووە ئەو جادەیە دێت و تائێستاش نەهاتووە.
کاری بڕین لە چەند بەشێکی شەقامەکە ئەنجامدراوە و ئێستا کارەکە راگیراوە. بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی پڕۆژەکە، حکومەت لیژنەی قەرەبووکردنەوەی پێکهێناوە و لەگەڵ خاوەن موڵکەکان کەوتوونەتە مامەڵە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی خاوەن موڵکەکان داوای دەکەن، لیژنەکە پێی رازی نییە.
شوان مووسا، بەرپرسی ئەندازەی پڕۆژەکانی ئیدارەی سۆرانە و دەڵێت، ئەو بەشەی پڕۆژەکە کە بەڵێندەر توانی کاری تێدا بکات کارەکانی خۆی کردوون و کۆتایشی پێ هێناوە کە دەکاتە نزیکەی 50٪ـی پڕۆژەکە، نیوەکەی دیکەی دەکەوێتە ئەو بەشەی کە ئێستا زێدەڕۆیی لەسەرە. ئێستا خەمڵاندن بۆ تەواوی موڵکە زێدەڕۆکان کراوە و کراوەتە خشتەیەک و دراوەتە قایمقام بۆ ئەوەی بەکاری خۆی هەڵبسێت.
هەر ئەو گەڕەکە نا، بەڵکو لە چوار گەڕەکی دیکەش لە سۆران خانووە زێدەڕۆکان گرفتن لەبەردەم تەواوکردنی پڕۆژەکان و دوای تێپەڕینی وادەیەکی زۆری بەسەر کاتی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە هێشتا کارکردن تێیاندا وەستاوە و تەواونەکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ