ئەو کەسەی لە سلێمانی خاوەنکارەکەی کوشتبوو دەستگیرکرا

12-06-2021
سالار رەزا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە دوێنێ هاونیشتمانییەکی کوشتبوو و ئۆتۆمبێلەکەی دزیبوو. 
 
تۆمەتبارەکە ناوی (س،ح،ح،ت) لەدایکبووی 1998ـە و خەڵکی تکریتە، ماوەی چەند مانگێک بوو کە بە مەبەستی کارکردن چوو بووە سلێمانی و بۆ عوسمان حەمەسەعید، کوژراوەکە کاری کردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی دەزگای ئاسایشی سلێمانی، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەر بووە و تۆمەتبارەکە بردوویەتی بۆ تکریت، دواتر بە هاوئاهەنگیی پۆلیسی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى پارێزگاى کەرکووک، دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق، ژوورى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى بەغدا، قیادەى پۆلیسى پارێزگاى سەلاحەدین کەسەکەیان دۆزیوەتەوە و دەستگیریان کردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی ئاسایشی سلێمانی تۆمەتبارەکە بە فەرمانى دادوەر راگیراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبیلە دزراوەکەدا گیراوە و لێکۆڵینەوەش لە کەیسەکەى بەردەوامە.
 
کەسێکی نزیک لە کوژراوەکە بە رووداوی راگەیاند، "کوژراوەکە ناوی عوسمان بووە و تەمەنی 60 ساڵە، هیچ کێشەیەکی نەبووە، بەڵکو کرێکارەکان تەماحیان کردووەتە ئۆتۆمبێلەکەی".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە