رووداو - کەرکووک
لە کامێرای چاودێرییەوە چرکەساتی کوشتنی مفەوەزێکی پۆلیسی سلێمان بەگ لە گەڕەکی دۆمیزی 55 لە باشووری شاری کەرکووک تۆمار کرا. موعتەز عەبدولوەهاب کوژراوەکەیە و کوڕی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمان بەگی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە، لەدایکبووی ساڵی 1999یە و ماوەی چەند مانگێکە هاوسەرگیریی کردووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەزگا ئەمنییەکان، بکوژەکە چاودێریی موعتەزی کردووە، لەگەڵ هاتنە دەرەوەی لە ماڵەکەی خۆی، بە دەمانچە تەقەی لێکردووە و بۆ زیاتر لە سێ کۆڵان هەر بە پێ رایکردووە و پێناچێت کەسی دیکەی لەگەڵ بووبێت.
دەزگا ئەمنییەکان لە ئاستی باڵا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ ئاشکراکردنی بکوژ و دەستگیرکردنی.
لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، "کەسێک کە کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سەڵاحەدینە، لە ماڵەکەی کە دەرچووە بچێت سرکێتی کارەباکە هەڵداوەتەوە، کەسێکی نەناسراو تەقەی لێدەکات و شەهیدی دەکات. ئێمەش وەکو فەرماندەیی هێزەکان و پۆلیسی کەرکووک، هێزەکانمان خستووەتە ئامادەباشی بۆ لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە، تاوەکو بکەری ئەم تاوانە ئاشکرا بکەین و دەستگیری بکەین. کەسێکمان دەستگیر کردووە گومانی ئەوە دەکرێت تۆمەتبارەکە بێت، بەڵام لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرای دەکەین."
دوای دەستگیرکردنی گومانلێکراوی یەکەم، لە تووندوتۆڵکردنی رێکارە ئەمنییەکان لە گەڕەکی دۆمیز گومانلێکراوێکی دیکەش دەستگیر کرا. کەسوکاری کوژراو دڵنیان لەوەی کێشەی کۆمەڵایەتییان نییە تاوەکو گومان لە ناحەزەکانیان بکەن.
عەلی محەممەد عەبدولسەلام، ئامۆزای کوژراو دەڵێت، "هەواڵیان پێداین، گوتیان کوژراوە؛ ئیدی هاتین و نازانین چی بوو، بەڵام هیچ کێشە و ناحەزییەکمان نەبووە. گوتیان تەرمەکە لەبەردەم دەرگایە، هاتین و بردمانە نەخۆشخانە. باوکی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمان بەگە و ئەویش پۆلیس بووە لەگەڵ باوکی، تەنیا ئەو و ژنەکەی لێرەن، ئەو رۆژە دەرچوون لە زانکۆ. دەرچووە و کوشتوویانە."
موعتەز کە تەنیا سێ رۆژ لەمەوبەر ئاهەنگی دەرچوونی لە زانکۆ سازکرد، دەوامی پۆلیسییەکەی لە ناحیەی سلێمان بەگە و ماڵی باوکی لە هەولێرە، تەنیا خۆی و هاوژینەکەی لە کەرکووک ژیاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ