رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک رێکخراوی مەدەنی لە شاری مەریوان دەڵین، ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە بەهۆی ئاوەڕۆی گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی گاڕانەوە پیس دەبێت و ئەوەش مەترسی لە سەر تەندرووستی دانیشتووانی ئەو شارە دروستکردووە.
ئەو رێکخراوانە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، ئاوەڕۆ و پاشەڕۆی ئاژەڵی 13 گوند دەڕژێتە نێو بەنداوی گاڕان و بەو هۆیەوە ئاوی خواردنەوەی 50 هەزار کەس لە دانیشتووانی مەریوان بۆ خواردنەوە ناشێت.
لە دوو ساڵی رابردوودا خەڵک چەندجارێک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە ئاوی خواردنەوەکەیان رەنگی دەگۆڕدرێت یان بۆنی دێت، بەڵام کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان نەکراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رۆژانە نزیکەی 10 هەزار تۆن پاشەڕۆی ئاژەڵ و زیاتر لە 100 تۆن ئاوی پیسی ئاوەڕۆ دەڕژێتە نێو بەنداوی گاڕانەوە.
تاکۆ سێ ساڵ لەمەوبەر بەشی زۆری ئاوی خواردنەوەی مەریوان لە بیرەکانی نزیک ئەو شارە دابین دەکرا، بەڵام بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بەکارهێنانی زیاتری ئاو، بەرپرسانی ئاوی مەریوان بڕیاریاندا ئاوی بەنداوی گاڕان بۆ شارەکە بگوازنەوە.
ئەو رێکخراوانە داوا دەکەن پاڵاوگەیەک بۆ پاڵاوتنی ئاوی مەریوان دابنرێت، چونکە ئەگەر ئەو کارە نەکرێت، تەندروستی خەڵکی شارەکە دەکەوێتە مەترسییەوە و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی وەک شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرەس بەرۆکی خەڵکی مەریوان دەگرن.
ئەو رێکخراوانەی راگەیێندراوەکەیان بڵاوکردووتەوە بریتین لە:
ئەنجوومەنی سەوزی چیا
کانوونی سەلامەتیی ژین
ئەنجوومەنی فەرهەنگی و ئەدەبی مەریوان
ئەنجوومەنی فەرهەنگی و ئەدەبی رۆجیار
یەکیەتی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان
ئەنجوومەنی خەڵکی پێشگیری لە ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر- ژیانەوە
کانوونی فەرهەنگی ڤەژین
کانوونی زانستی- فەرهەنگی رۆنان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ