مەسرور بارزانی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـی راگەیاند

11-10-2023
هیدایەت جان
مەسرور بارزانی لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر قۆناخی دووەمی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـی راگەیاند
مەسرور بارزانی لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر قۆناخی دووەمی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـی راگەیاند
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستپێکی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی "هەژماری من"ی بۆ تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و گوتی، "هیوامان ئەوەیە تاوەکو دوو ساڵی دیکە ناوی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تۆماربکرێت".

رۆژی چوارشەممە، 11ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بڕیارماندا بەرنامەی هەژماری من بۆ ئاسانکاری لە پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دروستبکەین و دواتریش هەموو کەرتی تایبەت بگرێتە خۆی".
 
پڕۆژەی هەژماری من لە چەند قۆناخێک پێکدێت و وەکو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدەدات، "قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە وەک تاقیکردنەوە لە نەخۆشخانەیەکەوە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا بە سەرکەوتوویی بەردەوامە".
 
مەسرور بارزانی گوتی، "بە فەرمی ئێستا قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە رادەگەیێنین کە لە 3ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا 65 هەزار کەس تۆمارکراون. ئێستاش سەردانی یەکێک لە بنکەکانمان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بزانین چۆن تۆماری فەرمانبەران دەکەن".
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "تاوەکو دوو ساڵی دیکە ئەو پڕۆژەیە سەرجەم فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دەگرێتەوە و هەوڵمان داوە لەگەڵ بانکەکان رێکبکەوین بۆ ئەوەی کەرتی تایبەتیش بچێتە نێو ئەم پرۆسەیەوە".
 
پڕۆسەکە بە فەرمی لە هەولێر دەستیپێکرد و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەیدا کە لە ماوەیەکی زوودا لە دهۆک و سلێمانیش دەکەوێتەکار. 
 
تاوەکو ئێستا سێ بانکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن و بە گوتەی مەسرور بارزانی، "چەند بانکێکی دیکەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا".
 
ئەو فەرمانبەرانەی لە پڕۆژەکەدا ناویان تۆمار دەکرێت، لەلایەن بانکەکانەوە کارتیان پێدەدرێت و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو فەرمانبەرانە دەبێ شوێنێکیان هەبێت بۆ ئەوەی کارتەکانیان بخوێنێتەوە؛ "بۆیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەمان هەیە لەگەڵ هەموو ئەو شوێنانەی پێویستە هەم ئەی تی ئێم بۆ راکێشانی پارە و هەم ئامێری خوێندنەوەی کارتی فەرمانبەران دەستەبەر بکەن بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن بە شێوەی کارتی بانکی کارەکانیان راپەڕێنن".
 
مەسرور بارزانی پڕۆژەی "هەژماری من"ی بە دەرفەتێک زانی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە و پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا و گوتیشی، "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەسەر هێڵین و چەندین جار لەسەر ئەم بابەتە قسەم لەگەڵ کردوون. ئەگەر ئەم پڕۆژەیە لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووبێت، هەموو عێراق دەتوانێت سوودی لێ ببینێت. ئەوانیش پێشوازییان کرد و ئاسانکاریی زۆریان بۆ کردووین و هاوکات پشتیوانیی خۆیان بۆ دەربڕیوین".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە پڕۆژەی "هەژماری من" و هیوای خواست پڕۆژەکە لە ماوەیەکی کورتدا سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و کەرتی تایبەتیش بچێتە نێو پڕۆژەکەوە.
 
مەسرور بارزانی لەبارەی سوودی پڕۆژەکە بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەمەوێ بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان رابگەیێنم کە ئەو پڕۆژەیە تەنیا بۆ پێدانی مووچە نییە؛ بۆ دیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی، دروستکردنی ژێرخانێکی سەقامگیریی ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان و بانکەکان دەتوانن زۆربەی ئەو خزمەتگوزارییانەی خەڵکی دیکە لە شوێنە پێشکەوتووەکان لە خزمەتگوزارییە بانکییەکانی وەردەگرن، خەڵکی ئێمەش بتوانێت لە هەرێمی کوردستان لەو خزمەتگوزارییانە سودمەند بێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."