رووداو- هەولێر
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16/09/2022، ناڕەزایی لەبەردەم نەخۆشخانەی کەسرای تاران دەستیپێکرد. حکومەت و پۆلیسی ئێران دەڵێن، بەهۆی نەخۆشی و بەکارهێنانی دەرمان گیانی لەدەستداوە و کەسوکاری و شایەتحاڵانیش دەڵێن، هێزەکانی پۆلیس لێیانداوە و کوژراوە.
تەرمی ژینا ئەمینی لە 17ی ئەیلوول لە گۆڕستانی ئایچی سەقز بەخاکسپێردرا. خەڵک لە گۆڕستان و دواتر لەنێوشاری سەقز، خۆپێشاندانیان کرد.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران (حیزبی دیموکرات، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان) و حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایانکرد خەڵک رۆژی 19ی ئەیلوول مانبگرن و دووکان و بازاڕ دابخەن. ئەو رۆژە مانگرتنێکی گشتیی کەموێنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو. لەو کاتەوە رۆژ و شەو لە شارەکان خۆپێشاندانە.
خۆپێشاندان لە شارە گەورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران
خۆپێشاندانەکان 103 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان لە تەواوی پارێزگاکان گرتووەتەوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپێشاندان لە زۆربەی شارەکان بەڕێوەدەچێت. لە هەندێک شار وەکو سنە خۆپێشاندان بەردەوام هەبووە. لە شارە گەورەکانی ئێرانیش وەکو تاران، مەشهەد، ئیسفەهان، تەورێز، شیراز و قوم قوتابییانی قوتابخانە و خوێندکارانی زانکۆ لە ناڕەزاییەکاندا بەشدارن.
لە بەرامبەردا هێزەکانی ئێران هەوڵی زۆر دەدەن کۆتایی بە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان بهێنن. هێزەکانی سوپای پاسداران، ئیتڵاعات، پۆلیس و یەکەی دژە شۆڕشی پۆلیس لە بەرەنگاربوونەوەی ناڕازییاندا بەشدارن. جگە لەوانە، کەسانێکیش ئەرکیان ئەوەیە بە جلوبەرگی مەدەنی و وەکو خۆپێشاندەر لەگەڵ ناڕەزاییەکان بکەون، بەڵام کاری ئەوان ئەوەیە، خۆپێشاندەران بناسنەوە و ناویان بدەنە هێزە ئەمنییەکان تاوەکو دەستبەسەر بکرێن.
ژمارەی ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون دیار نییە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، زیاتر لە دوو هەزار کەس گیراون، بەڵام پێدەچێت ژمارەکە لەوە زیاتر بێت. لە هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک بە تۆمەتی هاندان بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی دەسەڵات یان بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان گیراون. بەشێک لە گیراوەکان بە بارمتە ئازادکراون، بەڵام بەشێکیان راگیراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. سەرۆکی دەزگای دادی ئێران دەڵێت، بڕیاریداوە ئاسانکاری بکرێت بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی یەکەمجارە بەشداری لە ناڕەزاییەکاندا دەکەن و بەشداریکردنیان بە پلان نەبووە، بەڵکو لەرووی هەست و سۆزەوە تێکەڵ بە ناڕازییان بوون.
تاوەکو 11/10/2022 لانیکەم 32 هاونیشتمانی لە خۆپێشاندانەکان گیانیان لەدەستداوە. کەسوکاریان و شایەتحاڵان دەڵێن، بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون، بەڵام فەرماندەی پۆلیسی ئێران رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوان چەکیان پێ نییە. ئەوەش لە کاتێکدایە، سەدان گرتەی ڤیدیۆیی لەبارەی تەقەکردنی هێزەکانی ئێران بڵاوکراونەتەوە.
زانیاری لەبارەی کوژراوەکان
شنۆ
- ئەمین مەعرفەت، 16 ساڵ، 21/09/2022
- میلان حەقیقی، 21 ساڵ، 21/09/2022
- سەدرەدین لێتانی، 27 ساڵ، 21/09/2022
- عەبدولسەلام قادر گەڵوان، 32 ساڵ، 26/09/2022
ورمێ
- فەرجاد دەروێشی، 23 ساڵ، 20/09/2022
- دانش رەهنما، 25 ساڵ، 21/09/2022
- عەبدوڵڵا مەحموودپوور، 16 ساڵ، 21/09/2022
- نیما شەفەقدووست، 16 ساڵ، 05/10/2022
سنە
- یەحیا رەحیمی، 08/10/2022
- داریوش عەلیزادە، 08/10/2022
- محەممەد ئەمینی، 08/10/2022
- پەیمان منبەری 25 ساڵ، 08/10/2022
کرماشان
- مینو مەجیدی، 55 ساڵ، 20/09/2022
- رەزا شەهپەرنیا، 23 ساڵ، 20/09/2022
- ئەمیر حوسێن بەساتی، 16 ساڵ، 21/09/2022
- شائاباد (ئیسلامئاوا)
- سەعید محەممەدی، 22 ساڵ، 21/09/2022
- ئیمان محەممەدی، 25 ساڵ، 21/09/2022
- ئەمیرعەلی فولادی، 16 ساڵ، 21/09/2022
سونقوڕ
سێ هاونیشتمانیی خەڵکی شاری سونقوڕ لە خۆپێشاندانی پارێزگاکانی قەزوێن، کەرەج، تاران گیانیان لەدەستداوە.
- محەممەد زارعی، 21/09/2022، قەرچەکی تاران
- عەلیڕەزا فەتحی، 22 ساڵ، 21/09/2022، ئەلوەندی قەزوێن
- روزبێه خادمیان، 32 ساڵ، 21/09/2022، کەرەج
پیرانشار
- زەکەریا خەیاڵ، 16 ساڵ، 20/09/2022
- سەمەد بەرگی نیا، 52 ساڵ، 28/09/2022
دیواندەرە
- موحسین محەممەدی، 19/09/2022
- فوئاد قەدیمی،21/09/2022
سەقز
- فەرەیدوون مەحموودی، 33 ساڵ، 19/09/2022
دێولان
- رەزا لوتفی، 25 ساڵ، 19/09/2022
خوڕەمئاوا
- نیکا شاکەرەمی، 16 ساڵ، 20/09/2022، تاران
ئیلام
- موحسین قەیسەری، 25 ساڵ، 21/09-2022
قوچان
- عەلی مزەفەری، 17 ساڵ، 21/09/2022
مەریوان
- موختار ئەحمەدی، 01/10/2022
سەلاسی باوەجانی
- ئارین موریدی، 18 ساڵ، 09/10/2022
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ