رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی پارتی هەدەف کە بەشێکە لە بەرەی عەرەبی، لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە رووداوی گوت "عەرەب رژدن لەسەر پۆستی پارێزگار، کوردیش بەهەمان شێوە رژدن، بۆیە کێشەکە لەنێوان هەردوولا لەسەر ئەمەیە."
بڕیارە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندام بکرێت، ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت کۆبوونەوەکە درێژخایەن نابێت و پرۆتۆکۆلی دەبێت، کارنامەی نییە و تەنیا دانیشتنە بۆ رێگەپێدان و مۆڵەتپێدان بە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا.
کێشەی سەرەکیی دەستپێنەکردنی کۆبوونەوەکە بە گوتەی ئەمینداری گشتیی پارتی هەدەف ئەوەیە؛ "تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەبارەی ئەوە نەکراوە ئایا کۆبوونەوەکە کراوە دەبێت یان داخراو."
"رەنگە هەژەند هەبێت"
ئیسماعیل حەدیدی دەڵێ لێکتێگەیشتنی پێکهاتەی عەرەب لەسەر بابەتی دەستنیشانکردنی پارێزگاری کەرکووک زیاتر لەگەڵ تورکمانە. "عەرەب و تورکمان ئەمڕۆ لە یەک حاڵدان لەم دۆسییەیە و تێڕوانینی نزیک هەیە لەسەر ئەو بابەتە؛ (هەردوو پێکهاتە) لە هاوپەیمانییەکدا رێککەوتوون."
هەروەها گوتی هەندێک تێڕوانینی نزیکیش لەگەڵ ''برایانی کوردیشدا هەیە.''
باسی ئەو هەژەندەش (سوپرایز)ـە دەکات کە رەنگە لەئەنجامی رێککەوتنی عەرەب و تورکمان رووبدات، دەڵێ "لێکتێگەیشتنێک هەیە کە پۆستی پارێزگار بۆ عەرەب دەبێت، تورکمان و عەرەب رێککەوتوون پۆستی پارێزگار پشکی عەرەب بێت، ئەوەی دیکەش ئەوەیە پۆستەکە ئاڵوگۆڕ بێت لەنێوان عەرەب و تورکمان."
بەپێی یاسا، دوای یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەندامانی ئەنجوومەن 30 رۆژ کاتیان لەپێشە بۆ ئەوەی پارێزگار هەڵبژێرن، ئیسماعیل حەدیدی پێی وا نییە "لە مانگێکدا ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە ناکۆکی و جیاوازیی زۆر لەسەر پۆستی پارێزگار هەیە."
زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە براوەکان، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی تاوەکو ئەمڕۆ دواخرا.
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کە لە 16 ئەندام پێکهاتووە؛ بۆ کۆبوونەوە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەى سادەیە کە 9 ئەندامە و ئەمڕۆ هەر 16 ئەندامەکە لە بینای ئەنجوومەنی پارێزگا ئامادە بوون.
بە گوتەی ئیسماعیل حەدیدی "دوو لێکتێگەیشتن هەن، یەکێکیان لەگەڵ پارتی، عەرەب و تورکمان، کە پۆستی پارێزگار بۆ هەرسێ پێکهاتەکە بێت، لە لایەکی دیکەشەوە رێککەوتنێک لەلایەن یەکێتی، عەرەب و بەشێکی دیکە هەیە، کە پۆستەکە دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێت؛ ئەمانە رێککەوتنی لاوەکین، سازانیان لەبارەوە نەکراوە و نەبوونەتە رێککەوتن."
ئەمینداری گشتیی پارتی هەدەف گوتیشی "یەکەمجار با یەکێتی و پارتی هاوئاهەنگی لەنێوان خۆیاندا بکەن، دواتر بابەتەکە لەنێوان کورد و عەرەب یەکلایی دەبێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ