رووداو- بەردەڕەش
قایمقمامی قەزای بەردەڕەش بەدوو نووسراوی جیا، قەرەبووی ئامۆزایەكی خۆی بە 12 پارچە زەوی دەكاتەوە، بە بیانووی ئەوەی زەوییەكانی بەر پرۆژە كەوتوون. بەڵام چەند جوتیارێك دەڵێن ئەوان خاوەن زەوییەكانن نەك ئامۆزای قایمقام.
سەردار شێخ یەحیا عەبدولعەزیز، بە دوو نووسراوی جیا لە ساڵی 2012 و 2014 بە دووجار قەرەبووی ئامۆزایەكی خۆی بەناوی (ه. ئە) دەكاتەوە و بە هەردووجار 12 پارچە زەوی دەداتێ. زەوییەكانیش بە زیاتر لە 300 ملیۆن دینار خەمڵێنراون.
بەپێی نووسراوێك كە لە رۆژی 1/4/2012 بە ژمارە (22/503) دەرچووە و واژۆی قایمقامی بەردەڕەشی لەسەرە، داواكراوە (ه.ئە) بە بڕی 223 ملیۆن و 707 هەزار و 900 دینار قەرەبوو بكرێتەوە، لە بری 26 دۆنم زەوی كە بەر باڵەخانەی ناحیەی رۆڤیا كەوتووە.
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ئەم نووسراوەدا، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی دیاری بكرێ، ئەو هاووڵاتییە دیسان بە نووسراوی ژمارە (7273) لە 11/6/2014 بە چوار پارچە زەوی قەرەبوو دەكرێتەوە لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش. چوار پارچە زەوییەكەش بە 91 ملیۆن و 551 هەزار و 412 دینار خەمڵێنراون.
سەرۆكایەتی شارەوانی بەردەڕەش بە نووسراوی ژمارەی (1045) لە بەرواری 20/8/2014 نووسراو بۆ شارەوانی رۆڤیا دەكات و داوا دەكات چیدی (ه.ئە) قەرەبوو نەكرێتەوە كە پێشتر بە چوار پارچە زەوی قەرەبوو كراوەتەوە.
بەڵام جوتیارانی ناوچەی رۆڤیا دەڵێن (ه.ئە) مافی قەرەبووكردنەوەی نەبووە، چونكە هیچ سەنەدێكی نییە بیسەلمێنێ زەوییەكە هی ئەوە.
ئەندازیار بەیار موسا عەلی، سەرۆكی شارەوانی بەردەڕەش لەبارەی ئەو قەرەبووانە بە (رووداو)ی گوت "ئەوە هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە، ئێمە تەنیا فەرمانمان پێكراوە كە زەوییەكان بخەمڵێنین".
تاوەكو ساڵی 2007 بەردەڕەش ناحیەیەك بوو سەر بە قەزای ئاكرێ، سەردەمانێك یەحیا عەبدولعەزیز، باوكی قایمقامی ئێستای بەردەڕەش قایمقامی ئاكرێ بوو، ئەوكات رۆڤیا گوندێكی سەر بە ناحیەی بەردەڕەش بوو، شارەوانیش لەو گوندە نەبوو تاوەكو ماستەرپلانی هەبێت، بۆیە هەر كەسێك دەسەڵاتی هەبووایە، دەستی بەسەر زەوییەكاندا دەگرت.
حاكم قادر عەزیز، بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی رۆڤیا كە یەكەم بەڕێوەبەری ناحیە بووە لە رۆڤیا و باڵەخانەی ناحیە لەسەردەمی ئەودا دروستكراوە، بە (رووداو)ی گوت "شوێنی زەوی بارەگای ناحیەی رۆڤیا موڵكی هیچ كەسێك نەبوو، زەوی كشتوكاڵی بوو، لە دەست شێخ موعتەسەمدا بوو لە رۆڤیا كە ئامۆزای (ه.ئە) یە، كاتێك لەنێو زەوییەكە باڵەخانەی ناحیەمان دروستكرد، شێخ موعتەسەممان بە چەند دووكانێك قەرەبوو كردەوە لە سەنتەری ناحیەی رۆڤیا. بەڵام ئەو بنەماڵەیە ئەوە سێیەمجارە قەرەبوو دەكرێنەوە، لە كاتێكدا زەوییەكە هی ئەوان نییە".
ئەمین عەلی عەزیز، سەرۆكی شارەوانی رۆڤیا لەبارەی قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانە گوتی "قەرەبووكردنەوەی خاوەن موڵك و جوتیاران بەپێی یاسا لە رێگای قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش و پارێزگای دهۆك و شارەوانی دهۆكەوە دەكرێت، ئەوان نووسراویان بۆ ئێمە كردووە كە (ه.ئە) قەرەبوو بكەینەوە، من وەكو سەرۆكی شارەوانی بە یاسا كار دەكەم، ئامۆزاكەی قایمقام داوای موخالەفەی یاسایی دەكات، بەڵام من بۆی ناكەم".
سەرۆكی شارەوانی رۆڤیا گوتیشی "جگە لە (ه.ئە) 11 كەسی دیكە زەوییان بەر جادە كەوتووە و ئێمە تێكمانداوە و نووسراوی قەرەبوومان بۆیان كردووە، بەڵام ئەوان تاوەكو ئێستا قەرەبوو نەكراونەتەوە، چونكە بەدوایدا ناچن".
بەڵام جەلال كازم كە یەكێكە لە جووتیارانی گوندی جوجەر لە نزیك ناحیەی رۆڤیا، قسەكانی سەرۆكی شارەوانی رەتكردەوە و گوتی "بەهیچ شێوەیەك شوێنی بارەگای ناحیەی رۆڤیا زەوی (ه.ئە) نەبووە. ئەم پارچە زەوییە لە ساڵانی 1960 زەوی كشتوكاڵیی گوندەكەی ئێمە بوو، تاوەكو ئێستاش هیچ كەس سەنەدی موڵكی نییە بۆ ئەو زەوییە. كاتی خۆی كە یەحیا عەبدولعەزیز باوكی قایمقامی ئَێستای بەردەڕەش قایمقامی ئاكرێ بوو، بەشێك لە موڵكی خەڵكی جوجەری برد و دای بە دەروێشەكانی تەریقەتی خۆیان، چونكە بە خۆیان شێخ بوون لە رۆڤیا و لە بنەڕەتدا ناوی (ه) لەسەر ئەو زەوییە نەبووە".
جەلال سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی بەرامبەر قەرەبووكردنەوەی (ه) و گوتی "ئەوە ناعەدالەتییەكی زۆر گەورەیە، قایمقام هەر جارەو بە بیانوویەك ئامۆزاكەی خۆی قەرەبوو دەكاتەوە. سەنەدی 8 دۆنم زەویم هەیە كە دوو ساڵە بەر جادە كەوتووە و چەندین جار داوای قەرەبووم كردووە، كەچی تاوەكو ئێستا قەرەبوو نەكراومەتەوە".
جەلال، فەرمانبەرێكی نێو شارەوانیشی بەوە تۆمەتبار كرد كە داوای پارەی كردووە بۆ ئەوەی ئیشەكەی لە شارەوانی بۆ بڕوێنێ "فەرمانبەرێكی شارەوانی پێیگوتم هەزار دۆلارم بدەرێ، مامەڵەی قەرەبووەكەتان بۆ دەڕوێنم".
مامۆستا عیسمەت كە خاوەن موڵكە لە گوندی جوجەری نزیك ناحیەی رۆڤیا، گوتی ئەویش 2 دۆنم زەوی تێكدراوە كە سەنەدیشی هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا قەرەبوو نەكراوەتەوە.
هاوكات فەرهاد شاهین عەبدولقادر موختاری گوندی جوجەر بە (رووداو)ی گوت "ئێمەی خەڵكی گوندی جوجەر زەوییەكانمان لەلایەن شێخ و ئاغا داگیركراوە، بەر لەوەی بارەگای ناحیەی رۆڤیا ئاوا بكرێت زەوییەكە هی خەڵكی گوندی جوجەر بوو، پارچەیەك زەوی ئێمەش لەو شوێنە بوو ئەویشیان داگیركرد".
موختاریش رەتیكردەوە ئەو پارچە زەوییە هی ئامۆزای قایمقامی بەردەڕەش بێت و گوتی هیچ كەس سەنەدی ئەو زەوییەی نییە.
(رووداو) چەند جارێك پەیوەندی بە قایمقامی بەردەڕەشەوە كرد، بەڵام وەڵامی پرسیارەكانی نەدایەوە و ئامۆزاكەشی ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە.






