برایەکی ئاڤێستا چیرۆکی کەوتنە رووباری خوشکەکەی دەگێڕێتەوە و چەند دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە

11-04-2025
سۆران حوسێن
وێنەیەکی ئاڤێستا و براکەی.
وێنەیەکی ئاڤێستا و براکەی.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

برایەکی ئاڤێستا یوسف، ئەو کچەی لە 5ـی ئەم مانگەوە لە سنووری مێرگەسۆر کەوتە نێو ئاوەوە و بێسەروشوێنە لە رێگەی رووداوەوە باسی رووداوەکە دەکات و چەند دەنگۆیەکیش رەتدەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، حوسێن یوسف، برای ئاڤێستا لە شوێنی رووداوەکەوە بۆ ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو قسەی کرد و گوتی: "ئاڤێستا ئەم ناوچەیەی پێ خۆشبوو، دەیگوت نەچووین بۆ سەیران و دەبێت پێش دەستپێکردنەوەی دەوام بچین، شوێنەکە و سەیرانەکەش لەسەر پێشنیازی ئەو بوو، ئەگەر نا پلانی جێگەی دیکەمان هەبوو".
 
حوسێن یوسف دەڵێت: "شەو رێککەوتین بچینە دەڤەری بارزان، پێشتر دەچووین بۆ هەرشوێنێک تاوەکو دەگەیشتینە شوێنەکە نەدەوەستاین، ئەم جارە ئاڤێستا هەر دەیگوت لێرە لادەن و لەوێ لادەن جوانە، منیش لە هەمووی دەوەستام. دواتر گوتی دەمەوێ بچینە کەنار ئاوەکە، ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا روویدا".
 
دەنگۆی جیاواز لەسەر رووداوەکە بڵاو دەکرێتەوە، هەندێک کەس دەڵێن ئێستاش تەلەفۆنەکەی ئاڤێستا کراوەیە، لەوبارەیەوە حوسێنی برای گوتی: "دوو خوشکی دیکەم هەن و خۆشمەوێن، بەڵام ئاڤێستا بۆ من پشت و پەنا بوو؛ تاجی سەرم بوو، هیچ بابەتێکی شاراوە لە رووداوەکە نییە".
 
ئەو گەنجە کە برا گەورەی ئاڤێستایە گوتی: "ئاڤێستا لە گوڵ کاڵتری پێ نەگوتراوە، ئەوەی توانیبێتم بۆم کردووە، هەموو شوێنێکم گەڕاندووە و بە سەلامەتی هاتووینەتەوە، ئەم جارە نەبێ کە ئەم رووداوە روویدا".
 
حوسێن یوسف لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، لە رابردوودا چی بۆ ئاڤێستای خوشکی پێ کرابێت کردوویەتی. گوتیشی: "تەنیا شتێک قەرزداری بم دەبوو بۆی بکەم ئەوە بوو، دەبوو مانگی چوار ئۆتۆمبێلەکەی بۆ بگۆڕم، بەڵام ئەوە نەکرا ببێتە قسمەتی".
 
ئاڤێستا یوسفی 27 ساڵی دانیشتووی هەولێر، کاژێر 09:50ـی بەیانی رۆژی 5ـی نیسانی 2025 کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تاوەکو ئەمڕۆ هەوڵدانەکان بۆ زانینی چارەنووسی بێ ئەنجام بوون.
 
براکەی ئاڤێستا سوپاسی خەڵکی دەڤەری بارزان و بەرپرسانی ناوچەکەی کرد هاوکارییان لەگەڕان بۆ خوشکەکەی و گوتی: "ئەوەی خەڵکی ئێرە کردوویانە ماڵباتەکەی خۆشمان بۆیان نەکراوە".
 
ئەمڕۆ حەوت رۆژە گەڕان بەدوای ئاڤێستادا لەلایەن زیاتر لە 100 کارمەندی بەرگری شارستانییەوە بەردەوامە و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە گەڕانەکان بێ ئەنجام بووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە